پەرلەمانتارێك: ئێستە دەرفەتە كورد پاڵەپەستۆ لەسەر مالیكی زیاد بكا

پەرلەمانتارێك: ئێستە دەرفەتە كورد پاڵەپەستۆ لەسەر مالیكی زیاد بكا
هەولێر 17 كانوونی یەكەم/دیسێمبەر
پەرلەمانتارانی تەبایی باراستە كوردستانییەكان لە بەغدا ئاماژە بەوە دەدەن چارەسەرنەكردنی كێشەكانی نێوان لایەنەكانی عێراق دۆخی سیاسی، تەناهی و ئابووریی عێراق بەرەو خراپیی دەبا، پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان پێی وایە ئێستە دەرفەتێكی زێڕین لە بەردەم كورد دروست بووە بۆ ئەوەی پاڵەپەستۆكانی لەسەر مالیكی زیاد بكا.

دوای ئەوەی ڕۆژی 27/10/2011 ئەنجوومەنی پارێزگەی سەڵاحەدین بڕیاری دا پارێزگەكە لە رووی كارگێڕی و ئابوورییەوە ببێتە هەرێمێكی سەربەخۆ، هۆكارەكەشی بۆ گرتنی ئەندامانی پێشووی حزبی بەعسی رووخاو و ریشەكێشكردنی مامۆستایان لە زانكۆی تكریت گەڕاندەوە. لە بەرامبەردا مالیكی رای گەیاند سەڵاحەدین بۆی نییە بڕیاری بەهەرێمبوونی خۆی بدا.

دواتر لە رۆژی 12/12/2011 ئەنجوومەنی پارێزگەی دیالە بەزۆرینەی دەنگ و (دەنگی كورد بەمەرج) بڕیاری بەهەرێمبوونی پارێزگەكەی دا، بەڵام هەرزوو بەغدا رەتی كردەوە و هێزی رەوانەی پارێزگەكە كرد، لەلایەكی ترەوە كشانەوەی لیستی عێراقییە لە دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق ئەو دۆخانە كە چاودێران پێیان وایە عێراق بەورەو ئاڵۆزی دەبەن.

فاتیح داراغایی پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە ئاژانسی (ئاكانیوز)ی راگەیاند \"ئێستە دۆخی سیاسی و تەناهی لە عێراق بەرەو خراپبوون هەنگاو دەنێ، بەتایبەت دوای راگەیاندنی بە هەرێمبوونی پارێزگەی دیالە كێشەكە بە ئاراستەیەك دەڕوا گرفتەكانی عێراق بەرەو قووڵبوونەوە دەچن، خۆپێشاندان و هاوكات گرتن و راونانی خەڵكی دەستی پێ كردووە، هێزێكی زۆری چەكدار رەوانەی دیالە كراوە ئەو هۆیانە مەترسیی ئاڵۆزبوونی دۆخەكە دەخەنە ڕوو.

زیاتر گوتی \""روونە دەسەڵاتدارانی ئێستەی عێراق دەیانەوێ بە سەركوتكردنی خەڵكی رێگە لە بەهەرێمبوونی پارێزگەكان بگرن، بێگومان ئەمەش سەرناگرێ و ناكرێ بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكرێ، چونكە رەنگدانەوەی لەسەر خراپبوونی پێوەندیی نێوان بارستە سیاسییەكان دروست كردووە و لیستی عێراقییە لە ئەمڕۆوە دانیشتنەكانی پەرلەمانی پایدۆز كردووە\"".

لەبارەی شیمانەكانی دوای كشانەوەی لیستی عێراقییە، پەرلەمانتارەكە ئاماژەی دا \""كشانەوەی تەبایی عێراقیە لە پەرلەمان پاڵەپەستۆی ئەو لیستەیە بۆ سەر نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی ملكەچی داواكارییەكانیان بێ بە جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی پێشتر رێككەوتنی لە نێوان لایەنەكان لەسەر كراوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق\"".

\""بەڵام ئەم دۆخە هەلێكی زێرین و گرینگە بۆ كورد كە سوودی لێ وەربگرن و لە دەستی نەدەن بەوەی پاڵەپەستۆ لەسەر لیستی دەوڵەتی یاسا و سەرۆك وەزیرانی عێراق زیاد بكەن بۆ ئەوەی پابەندی ئەو خاڵانە بن كە پێشتر لە هەولێر رێككەوتنی لەسەر كراوە\"" داراغایی گوتی.

حكوومەتی عێراق دوای تەنگژەیەكی زۆر لە دوای هەڵبژاردنی 7ی ئادار/مارسی 2010 لەسەر دەستپێشخەرییەكی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێك هات كە كورد لەو كاتەدا رێككەوتنێكی 19 خاڵی لەگەڵ مالیكی ئیمزا كردووە، بەڵام تا ئێستە هیچی لێ جێبەجێ نەكراوە، لیستی عێراقیەیش بەوە رازی كرا كە ئەنجوومەنی باڵای سیاسەتە ستراتیجییەكان پێك دێ و ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستەكە دەبێتە سەرۆكی.

شوان محەمەد تەها پەرلەمانتاری پارتی لە تەبایی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ (ئاكانیوز) رای گەیاند \""كشانەوەی عێراقییە لە پەرلەمانی عێراق بەهۆی هەستكردنیان بوو بەوەی كە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق پەراوێز خراون، بڕیارەكەیشیان بەم شێوەیە كە تا حكوومەتی عێراق بەشێوەی هاوبەشیی نیشتمانی كار نەكا ناگەڕێنەوە ناو هۆڵی پەرلەمان\"".

ئاماژەی بەوەش دا \""بێگومان هەڵپەرساردنی تەبایی عێراقییە لە كاری پەرلەمانی رەنگدانەوەی نەرێنی دەبێ بۆ سەرجەم پرۆژەكانی هەمەلایەنەی عێراق، بەڵام تەبایی بارستەی كوردستانییەكان لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی تەبایی عێراقییە رازی بكات بگەڕێنەوە ناو هۆڵی پەرلەمان\"".

تەها پێی وایە ناتەبایی بارستە سیاسییەكان و گرفتەكانی پارێزگەی دیالە بوونەتە هۆی كشانەوەی تەبایی عێراقییە لە پەرلەمان نەك كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق.

پارێزگەی دیالە و سەڵاحەدین بەدوو لەو ناوچانە دادەنرێن كە جەماوەری لیستی عێراقییە تیایاندا زۆرە و زۆربەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی ئەو دوو پارێزگەیە بۆ لیستی عێراقییە بووە، بەڵام لە بەرامبەر داوای هەردوو پارێزگەی بۆ بەهەرێمبوون، وەڵامی حكوومەتی عێراق نەرێنی بووە.

ئوسامە جەمیل پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی لە عێراق بۆ (ئاكانیوز) ئەوەی خستە ڕوو \""كشانەوەی عێراقییە لە پەرلەمان و ئاڵۆزبوونی دۆخی هەمەلایەنەی پارێزگەی دیالە ئاماژەیەكی روونە بەوەی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق بەرەو خراپبوون هەنگاو دەنێ، ئەوەی لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەبینرێ برێتیە لە رژدبوون لەسەر تاكڕەوی لە حوكمڕانیدا\"".

زیاتر گوتی \""داواكاریی پارێزگەكان بۆ بەهەرێمبوون و خراپیی دۆخی تەناهی لە ئەنجامی بەردەوامی تاكڕەوییە لە حوكمڕانی لەلایەن مالیكیەوە، ئەم دۆخانە بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتی پترە لای پارێزگەكان و بودجەی پێویست و نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزارییەوە هاتوونەتە ئاراوە\"".

جەمیل گوتی \""پێم وایە لەم دۆخانەدا كورد دەبێ بەشێوەیەكی ئارام و وردتر هەنگاو بنێ، دەبێ سەیری دۆخەكان بكا بزانێ بەچ ئاقارێك دەچن، بەڵام بێگومان مانەوەی كێشەكان وەك خۆی ئەوەمان نیشان دەدا كە دۆخی سیاسی و تەناهی و بگرە ئابووریش بەرەو خراپیی دەچن\"".

(ئاكانیوز)–
راپۆرت: فریاد محەمەد. نووس: سەرباز ساڵح

"
Top