زێباری: عێراق توانای بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی دەرەکیی نییە
(زێباری) پێی وایە کە سوپای عێراق هێشتا پێویستی بە مەشقی سەربازیی زیاتر هەیە تاکو لە پاراستنی هەر هەڕەشە و مەترسییەکی دەرەکی سەرکەوتوو بێت. هاوکات لە بارەی نفوزی ئێرانەوە لە عێراق و ڕۆڵیان دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا گوتی کە بوونی ئەوان و تورکیایش لە عێراقدا بە شێوەیەک نییە تا کاریگەرییان بەسەر بڕیاری سیاسیی وڵاتەوە هەبێت و لەم ڕووەوە عێراق خاوەنی سەروەریی خۆیەتی.
ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی عێراق، لە دیدارێکیدایە کە تەلەڤزیۆنی \"بی بی سی\"" شەوی ڕابردوو لەگەڵیدا سازی دابوو و لە کاتێکدان کە چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەمەریکا بە فەرمی بنکە سەربازییەکانی ڕادەستی سوپای عێراق کردەوە و تا کۆتایی ئەم ساڵ دواچەکداری سوپاکەی بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان دەکێشێتەوە.
ڕەوشی کەرکووک و و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بابەتێکی دیکە بوو (زێباری) هەڵوەستەی لەسەر کرد و پێی وا بوو نۆ ساڵی ڕابردوو عێراق سەلماندوویەتی کە بە هۆیەوە ناکەوێتە شەڕی تاییفی و نەتەوەییەوە و بۆ ئەم پرسە دەستوور و ماددەی ١٤٠هەیە و بە پێی بنەماکانی چارەیان بۆ دەدۆزێتەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە ڕاگەیاندن و پیکهێنانی هەرێمی سەربەخۆ، تەواو بابەتێکی دەستوورییە و هەر دەستووریش یەکلای دەکاتەوە. گرنگ خودی خواستی ئەو پارێزگایانەیە کە بە شێوەی دەستووری هەنگاو بنێن و ئەمە بە زەبری هێز نەبووە.
هاوکات لە بارەی سووریایشەوە نەیشاردەوە کە عێراق هەروەک چۆن پێوەندیی لەگەڵ بەرهەڵستکارانی سووریاوە هەیە بە هەمان شێوە پێوەندیی باشیان لەگەڵ حکوومەتەکەی (ئەسەد) بەردەوامیی هەیە. ئەو گوتیشی کە ئێستا عێراق کە پێکهاتەی سەرەکیی و کاریگەری کۆمەڵەی عەرەبییە ڕۆڵیشی بینوە لە ئەو پڕۆژەیەی کە کۆمەڵەکە بۆ کۆتاییهێنان بە ڕەوشی هەنوکەیی سووریا هەیەتی."
