مالیكی و شاندێكی باڵای عێراق بەرەو ئەمەریكا بەڕێكەوتن

مالیكی و شاندێكی باڵای عێراق بەرەو ئەمەریكا بەڕێكەوتن
سەرۆك وەزیرانی عێراق (نوری مالیكی) بەرەو واشنتۆن بەڕێكەوت و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆببێتەوە.

ئاژانسەكانی هەواڵ ئاشكرایان كرد چەندین بەرپرسی باڵای حكومەتی عێراق هاوڕای (مالیكی) دەبن لە سەردانەكەیدا، لەوانەش وەزیری دەرەوەی وڵات (هۆشیار زێباری)، وەزیری كاتی بەرگری وڵات (سەعدون ئەلدولەیمی)، وەزیری گواستنەوە (خەیروڵا بابەكر)، وەزیری بازرگانی (هادی ئەلعامری) و ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی وڵات (فەلاح ئەلفەیاز).

قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندییەكان
میدیا عێراقییەكانیش ئاشكرا كرد سەرۆك وەزیرانی عێراق لە میانەی سەردانەكەیدا لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا (باراك ئۆباما)، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا (جۆ بایدن)، وەزیری دەرەوە (هیلاری كلینتۆن) و ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكا كۆدەبێتەوە و پێكەوە باس لە بوارە جیاوازەكانی وەكو بواری ئاسایش، وزە، خوێندن و داد دەكەن.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاش (جەی كارنی) ڕایگەیاند “سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەمەریكا باس لە كشانەوەی تەواوی سەربازانی سوپای ئەمەریكا لە عێراق دەكەن و تیشك دەخەنە سەر قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندییە ستراتیژییەكانی نێوان هەردوو وڵاتیش”.

ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراقیش (عەلی موسەوی) ڕایگەیاند “ئەم سەردانەی (مالیكی) وەكو یەكەمین سەردانی بەرپرسی گشتی هێزە سەربازییەكانی عێراقە بۆ ئەمەریكا لە كاتێكدا هیچ سەربازێكی دەرەكی لە وڵاتدا نامێنێتەوە و پێویستە عێراقیش پشت بە سوپا و پۆلیسی خۆی ببەستێت بۆ دابینكردنی بواری ئاسایش بۆ هاوڵاتیان”.

ناوبراو ئەوەشی ڕوون كردەوە (نوری مالیكی) لە میانەی كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكیدا باسی چەندین تەوەری جیاواز دەكات و یەكێك لە گرنگترینی ئەوانیش تەوەری سەربازی دەبێت.

كشانەوەی تەواوی سوپای ئەمەریكا
ئێستا نزیكەی 6 هەزار سەربازی ئەمەریكا لە عێراقدان و بڕیارە ئەوانیش تا كۆتایی ئەمساڵ لە خاكی وڵات بچنە دەرەوە.

عێراق لە كاتی ئێستادا نزیكەی 900 هەزار هێزی ئاسایشی هەیە و بەرپرسانی ئەمەریكا و عێراقیش پێیان وایە ئەم هێزە توانای دابینكردنی بواری ئاسایشی وڵاتی دەبێت، بەڵام ناتوانێت سنورەكان بپارێزێت.

سەرەڕای ئەوەش هێزی ئاسمانی و دەریایی عێراق زۆر لاوازە و پێشبینی ناكرێت بتوانێت تاكو ساڵی 2020یش بتوانێت ئاسمانی عێراق و سنورە ئاوییەكان بپارێزێت.
Top