پەرلەمانى عێراقی لێكۆڵینەوە لە دەنگۆى فرۆشتنى پۆستی وەزیری بەرگریی لە حكوومەتى پێشوودا دەكا

پەرلەمانى عێراقی لێكۆڵینەوە لە دەنگۆى فرۆشتنى پۆستی وەزیری بەرگریی لە حكوومەتى پێشوودا دەكا
ئەمڕۆ پێنجشەم ئەندامى لێژنەى تەناهی و بەرگریی لە پەرلەمانى عێراق راى گەیاند، لیژنەى بەدواداچوونى راستییەكان كە پێشتر هاتووەتە پێكهێنان ئەركی لێپرسینەوە لە سەلام زەوبەعی جێگری پێشووى سەرۆك وەزیرانى عێراق دەكا، لەبارەى لێدوانێكی لەهەمبەر فرۆشتنى پۆستی وەزیری بەرگری بەملیۆنان دۆلار.

لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا سەلام زەوبەعی سەركردەی پێشووى بەرەى تەوافوق راى گەیاند، كە پۆستی وەزیری بەرگرى كە عەبدولقادر عوبێدی بەڕێوەى دەبرد، بەملیۆنان دۆلارى ئەمەریكایی فرۆشراوە.

لە پاش ئەو لێدوانەى زەوبەعی لە 11ى تشرینی دووەم/نۆڤێمبەرى رابردوو لێژنەی تەناهی و بەرگری لە پەرلەمانى عێراق لێژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەبارەى ئەو لێدوانەوە دروست كرد.

ئەسكەندەر وتوت جێگری سەرۆكى لێژنەكە بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، لێژنەكەیان لێژنەیەكی بچووكی بۆ لێكۆڵینەوە و رودبینی لەبارەى لێدوانەكانى زەوبەعی پێك هێناوە، بەڵام بەهۆى تەقینەوەكانى ئەم دواییەى پەرلەمان دەست بەكار نەبووە.

وتوت روونى كردەوە، لێژنەكە بەوردى لێكۆڵینەوە لەو لێدوانە دەكا و لێپرسینەوەش لە زەوبەعی دەكرێ، ئاماژەى كرد كە شیمانە هەیە وتەى ئەویش لەو لێكۆڵینەوەیە لەگەڵ شایەتەكان وەربگیرێ.

عەبدولقادر عوبێدی پاڵاوكى بەرەى تەوافوق بوو بەسەرۆكایەتیی عەدنان دلێمی كە بەتۆمەتى تێوەگلانى بەكردەى كوشتن لەلایەن دادگەكانى عێراقەوە داواكراوە.
Top