ئەنجوومەنى ئاسایش سێ راپۆرت بۆ دەرهێنانى عێراق لەژێر بەندى حەوتەم تاوتوێ دەكا

ئەنجوومەنى ئاسایش سێ راپۆرت بۆ دەرهێنانى عێراق لەژێر بەندى حەوتەم تاوتوێ دەكا
ئەنجوومەنى ئاسایشى ناودەوڵەتى لەم مانگەدا سێ راپۆرت لەبارەى چۆنیەتیى دەرهێنانى عێراق لەژێر بەندى حەوتەمى بەڵگەنامەى نەتەوە یەكگرتووەكان تاوتوێ دەكا، بۆ ئەو مەبەستە عێراق لە پێوەندیدایە لەگەڵ ئەندامانى ئەنجوومەن.

هۆشیار زێبارى وەزیرى دەرەوەى عێراق لە پەراوێزى كۆنگرەى ناودەوڵەتى تایبەت ئەفغانستان لە شارى بۆن، چاوى بە بان كى مونى سكرتێرى گشتیى نەتەوە یەكگرتووەكان كەوت.

بەپێى بەیاننامەیەكى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، لەو دیدارەدا مون ئاماژەى بەوە داوە بەنیازە سێ راپۆرت لەبارەى پێوەندیى نێوان عێراق و ئەمینداریەتیى گشتیى تایبەت بە هەندێ پرسی پێوەست بە حوكمەكانى بەندى حەوتەم پێشكێش بكا.

هەروەها هەردوولا باسیان لە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەى نوورى مالیكیى سەرۆك وەزیران بۆ واشنتۆن و كاریگەرییەكانى لەسەر پەرەپێدانى پێوەندیى نێوان واشنتۆن و بەغدا و بڕیارەكانى نەتەوە یەكگرتووەكان كرد.

هاوكات زێبارى لەگەڵ وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى ئەندامانى ئەنجوومەنى ئاسایش كۆ بوویەوە و باسیان لە پێوەندیى نێون عێراق و ئەنجوومەنى ئاسایش تایبەت بە حوكمەكانى بەندى حەوتەم كرد.

دواى ئەوەى هێزەكانى عێراق لە ئاب/ئۆگستسى 1990دا كوێتیان داگیر كرد، ئەنجوومەنى ئاسایشى ناودەوڵەتى عێراقى خستە ژێر بەندى حەوتەم وەك دەوڵەتێك كە مەترسی بۆ ئارامى و ئاسایشى ناودەوڵەتى هەیە.

تائێستە كوێت سوورە لەسەر ئەوەى عێراق لەژێر بەندى حەوتەم بمێنێتەوە تا ئەوكاتەى هەموو پابەندییەكانى تایبەت بە كوێت ساف دەكا، لەوانە قەرەبووى دارایى و چارەنووسى دیلە كوێتییەكان و ئەرشیفى كوێتى و داڕشتنەوەى سنوور.


-aknews
Top