نوێنەرى سكرتێرى گشتیی UN: لە عێراق پێشێلكاریى مافى مرۆڤ هەیە

نوێنەرى سكرتێرى گشتیی UN: لە عێراق پێشێلكاریى مافى مرۆڤ هەیە
نوێنەرى سكرتێرى گشتیى نەتەوەیلى یەكگرتوو راى گەیاند لە عێراق هێشتا مافى مرۆڤ پێشێل دەكرێ و داواى كرد رۆڵى زیاتر بە ئافرەت و لاوان بدرێ.

مادو ئاجاریا لە وتارێكیدا لە كۆنگرەیەكدا كە دوێنێ وەزارەتى مافى مرۆڤ بە بۆنەى رۆژى ئاشتیی جیهانییەوە سازى كرد، ئاماژەى دا بەوەى عێراق هێشتا بەدەست كێشەى پێشێلكردنى مافى مرۆڤەوە گرفتارە، ئەمە جگە لەو كێشە سیاسییانەى تائێستە چارەسەریان بۆ نەدۆزراوەتەوە.

ئاجاریا داواى كرد ئافرەت بەشدارییەكى زیاترى لە پرۆسەى سیاسى پێ بكرێ و هەل و مافى زیاتر بە لاوان بدرێ و میكانیزمەیلى پاراستنى كەمایەتییە ئاینى و ئەتنییەكان بەهێز بكرێن.

هەروەها جەختى لەوە كرد نەتەوەیلى یەكگرتوو یارمەتیى عێراق دەدا تا پێگەى خۆى بگێڕێتەوە و لەو گەمارۆیانەى تائێستە بەسەریدا سەپاون رزگارى بكا.

لاى خۆیەوە محەمەد شیاع وەزیرى مافى مرۆڤى عێراقى لە وتارەكەى خۆیدا ئاماژەى بەوە دا وەزارەت لەوەتى دامەزراوە، بایەخى پلە یەك بە مافى مرۆڤ دەدا بەمەبەستى تێپەڕاندنى سیستمى تاكڕەوى و دیكتاتۆرییەت كە سێ دەیەیە بەسەر عێراقدا باڵادەستە. ئەمە بەپێى هەواڵى رۆژنامەى (ئەلسەباح)ى عێراقى.
Top