كورد دووبارە پڕۆژەیاسای نەوت و غاز و تاكڕەوی لە دەسەڵات رەت دەكاتەوە
دووشەمی رابردوو سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیاسای نەوت و غاز كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەوانەی پەرلەمان كرابوو، رەت كردەوە و رای گەیاند كە پڕۆژەكە لەگەڵ رێككەوتنی پێشووی بارستە سیاسییەكان جیاوازە و حكوومەت بەبێ رەچاوكردنی بنەما یاسایییەكان تێی پەڕاندووە.
دوێنێ سێشەم مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبەردەم كۆنگرەی تایبەت بەنوێنەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی وڵات كە لە هەولێر هاتە سازكردن گوتی، بەر لە دروستبوونی حكوومەتی عێراق رێككەوتنێك لە نێوان بارستە سیاسییەكان هەبوو، بەڵام ئێستە هەست بەتاكڕەوی لە دەسەڵات دەكەین.
زیاتر گوتی، لە داهاتوودا شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتیی بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكوومەت سەردانی بەغدا دەكا بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بەتایبەتی مادەی 140 و كێشەی تری وەك نەوت و غاز و پێشمەرگە و فیدرالیەت.
فەرهاد ئەترووشی ئەندامی تەبایییەكە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە تەلاری پەرلەمانی عێراق لە بەغدا گوتی، بارزانی مەترسیی خۆی لە تاكڕەوی لە دەسەڵات لە عێراق دەربڕیوە لەبارەی یاسای نەوت و غازەوە.
زیاتر گوتی، لێدوانەیلی سەرۆكی هەرێم لە سۆنگەی سووربونیەتی لەسەر تەوافوقی سیاسی و پرۆسەی سیاسی بەگشتی و ئاماژەی كرد، هاوپەیمانیی كوردستان لەگەڵ تەوافوق و هاوبەشی نیشمانییە و تاكڕەوی بارستەیەكی دیاریكراو لە تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غاز مایەی قبووڵكردن نییە، ئێمە لەگەڵ ئاڵۆزكردنی دۆخەكە نین، بەڵام رازی نابین كە هەر لایەنێك خۆی لە رێككەوتننامەی هەولێر بدزێتەوە.
لای خۆیەوە مەحما خەلیل ئەندامێكی تری تەبایییەكە لە كۆنگرەكەدا گوتی، مەبەست لە لێدوانەكای بارزانی ئارامكردنی دۆخەكە و لە بەرژەوەندیی عێراقە و ئەو ئاماژەی بەپێویستی پابەندبوون بەدەستوور كردووە.
جەختی كردەوە، دەستپێشخەریی بارزانی عێراقی لە تەنگژەیەكی راستەقینە دەرباز كرد و لە داهاتووشدا شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا دەكا بۆ تاوتوێكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان.
سەرەڕای چەندان گەڕی وتووێژ، ساڵانێكە كێشەیلی نێوان بەغدا و هەولێر بەردەوامە و لە پێشەوەشیان فایلی ناوچە كێشەدارەكان و گرێبەستە نەوتییەكان و بودجەی پێشمەرگەیە.
