ياسای ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ سیاسەتی ستراتیژی خرایە گفتوگۆی نوێنەران

ياسای ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ سیاسەتی ستراتیژی خرایە گفتوگۆی نوێنەران
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 19هەمین دانیشتنی ئاسایی خۆی بە سەرۆکایەتی ئوسامە نوجەیفی سەرۆکی پەرلەمان و بە ئامادەبوونی 232 نوێنەر سازکرد کە تێیدا یاسای ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ سیاسەتی ستراتیژی خوێندرایەوە و گفتوگۆی لەسەر کرا.

لەمبارەیەوە ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی هاوپەیمانی کوردستان تایبەت بۆ ئاژانسی پەیامنێر وتی: ئەنجوومەنی نوێنەران ئەمڕۆ پێنجشەممە لە 19هەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەکۆی دەنگی نوێنەران یاسای ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ سیاسەتی ستراتیژی خستە خوێندنەوە و گفتوگۆکردن واش بڕیارە لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت بکرێت.

هەر سەبارەت بەمە دکتۆر رزگار، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانی کوردستانی بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا دوو خاڵی گرنگ تاوتوێیان لەسەر کرا یەکەمیان بریتی بوو لە پێکهێنانی لیژنەی زێڕەڤانی و لیژنەی چاودێری جێبەجێکردنی مادەی 140 کە بە قەناعەتی من دروستکردنی ئەو لیژنەیە پاڵنەرێکی بەهێز دەبێت بۆ جێبەجێ کردنی مادەی 140 هەروەها سەرۆکێکیش بۆ لیژنەکە دیاریکرا.

وتیشی: خاڵی دووەم بریتی بوو لە خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ سیاسەتە ستراتیژییەکان کە زۆربەی پەرلەمانتارەکان پشتیوانی خۆیان بۆ یاساکە دەربڕی و واش بڕیارە لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەو یاسایە بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت.
Top