فەرەج حەیدەری: پێكهێنانى لێژنەى حكوومەتى بۆ لێپرسینەوەى لە كۆمسیۆن كارێكی نایاساییە
فەرەج حەیدەرى بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، پرسی پێكهێنانى ئەو لێژنەیە لەلایەن ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق كارێكی نایاسایی و دەستێوەردانە لە كاروبارى كۆمسیۆن، چونكە كۆمسیۆنى باڵا دەزگەیەكە سەر بەدەسەڵاتى یاسادانانە، بۆیە دەبێ لێپرسینەوە لەلایەن ئەوانەوە بكرێ.
شەمووى رابردوو حەنان فەتلاوى بە(ئاكانیوز)ى راگەیاند، ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بەنووسراوێك هەموو پڕوپاگەندەكانى كۆمسیۆنى لەبارەى پاكانەى لەو تۆمەتانەى ئاراستەى كرابوون بەدرۆخستەوە.
فەتلاوى پتر گوتى، هەروەها نووسراوەكە پێكهێنانى لێژنەیەكی سییانى راگەیاندووە كە هەریەك لە ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنى وەزیران و دیوانى چاودێریی دارایی و دەستەى دەستپاكى لە خۆوە دەگرێ بۆ لێكۆڵینەوە لە هەموو پرسە داراییەكانى كۆمسیۆن.
حەیدەرى گوتى، ئەو جۆرە كارانە لە چوارچێوەى ئەو هەڵمەتە دێ كە ئێستە لە دژى كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكان بەرپاكراوە، چونكە پێكهێنانى لێژنەیەك لەلایەن ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، كارێكی نایاساییە و ئەوان مافی ئەوەیان نییە.
