تاریق هاشمی داوای دیاریكردنی ئەركە دەستوورییەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن دەكات

تاریق هاشمی داوای دیاریكردنی ئەركە دەستوورییەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن دەكات
تاریق هاشمی یەكەم جێگری سەركۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەم داوای دیاریكردنی ئەركە دەستووریەكانی دەستەی سەرۆكایەتیی كۆمار و ناساندنیان لە چوارچێوەی دەقە یاساییەكانی پابەندكراو بۆ هەمو لایەنەكان كرد و روونی كردەوە، مادەی 66ی دەستوری عێراق جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەسەڵاتی جێبەجێكردن كە لە سەركۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران پێك هاتووە، بەپێی دەستوور دەسەڵاتەكانی پێڕەو دەكات.

هاشمی بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، دەوڵەت لە گەل و خاك و كۆمەڵێك داودەزگای دەستووری پێك هاتووە، كە وڵات بەڕێوە دەبەن ئەوانیش دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان و دادوەرین و حكوومەت برێتیە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن، بەپێی دستوور سەرۆكایەتیی كۆماریش بەشێكە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن.

زیاتر گوتی، هاوبەشی لە نێوان سەرۆكایەتیی كۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران جێگیرە و بابەتێكی تەوەرەیییە لە بەڕێوەبەردنی دەوڵەت، نەوەك زادەی بیری سیاسی بێتە دی و ئاماژەی كرد، ئەوەی پێویستە دیاریكردنی ئەركە دەستوورییەكانی سەرۆكایەتیی كۆمارە لە چوارچێوەی دەقی یاسایی پابەند بۆ هەموو لایەنەكان، نەوەك بەتەنیا بۆ كۆتاهێنانی خراپ لێكدانەوەی رۆڵی سەرۆكایەتیی كۆمار لە ژیانی گشتیدا.

هاشمی روونی كردەوە، دیاریكردنی ئەركەكانی سەرۆكایەتیی كۆمار دەبێتە مایەی سوودوەرگرتن لە توانست و شارەزایی سەرۆكایەتییە بۆ پاڵپشتیكردن لە دەزگای جێبەجێكردنە لە وڵاتدا.

ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پێشتر رای گەیاندبوو، بەپێی مادەی 73ی دەستووری عێراق دەسەڵاتەكانی سەركۆمار لە خولی یاسادانانی ئێستە رێگەی پێ نادەن یاساكانی رەت كاتەوە و بۆ پەرلەمانیان بگێڕێتەوە.
Top