شەمووی داهاتوو پەرلەمانی عێراق میوانداریی مالیكی دەكات

شەمووی داهاتوو پەرلەمانی عێراق میوانداریی مالیكی دەكات
ئەمڕۆ سێشەم بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، شەممەی داهاتوو پەرلەمان میوانداریی نووری مالیكی سەرۆك وەزیران دەكات بۆ روونكردنەوەی هۆكار و وردەكارییەكانی كەمكردنەوەی ژمارەی وەزارەتەكانی كابینەی ئێستەی حكوومەت.

محەمەد خالیدی بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ڕۆژی شەممەی داهاتوو پەرلەمان میوانداریی مالیكی دەكات و دیاریكردنی ئەو ڕۆژەش لەسەر خواستی مالیكی بووە.

خالیدی روونی كردەوە \"پەرلەمانی عێراق داوا لە سەرۆك وەزیران دەكات روونكردنەوە لەبارەی هەندێك خاڵی ئەو نامەیە بدات كە لەبارەی كەمكردنەوەی ژمارەی وەزارەتەكانی ئێستەی حكوومەت، ئاراستەی پەرلەمانی كردبوو\"". ئاماژەی بەوەش كرد \""سەرجەم لایەنە سیاسییەكان رەزامەندیی خۆیان لەسەر كەمكردنەوەی ژمارەی وەزارەتەكان پێشان داوە\"".

\""سەرۆك وەزیران لە پەرلەماندا میكانیزمی كەمكردنەوەی ژمارەی وەزارەتەكان و ئەو وەزارەتانەی پرۆسەكە نایانگرێتەوە دەخاتەڕوو، هاوكات رەنگە چەند پرسێكی تریش بخرێنە بەرباس و گفتوگۆ\"" خالیدی وای گوت.

رۆژی 17ی ئەم مانگە مالیكی لە نامەیەكدا بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق روونی كردبووەوە كە زۆریی ژمارەی وەزارەتەكان بووەتە ئەركێكی قورس بەسەر كارەكانی دەوڵەتەوە و پێشنیازی كردبوو تەنیا 29 وەزارەت بمێننەوە.

حكوومەتی عێراق لە 43 وەزارەت پێك هاتووە، لەنێویدا چەند وەزارەتێكی دەوڵەتی تێدایە و لە رووی ژمارەی وەزارەتەكانیشەوە گەورەترین حكوومەتە لە مێژووی عێراقدا.

دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی رابردوو (حوزەیران/یۆنیۆ) ئەو مۆڵەتە 100 رۆژییەی مالیكی بۆ وەزارەتەكانی كابینەكەی دیاری كردبوو بۆ باشتركردنی كارەكانیان كۆتای هات، مالیكی لە لێدوانێكیدا رای گەیاند كەمكردنەوەی ژمارەی وەزارەتەكان بووەتە پێویستییەكی هەنووكەیی و داوا لە بارستە سیاسییەكان كرد لەو رووەوە هاوكاری بن.
"
Top