لەم مانگەدا 2 پڕۆژەیاساى گرینگ خوێندنەوەیان بۆ دەكرێ
شوان محەمەد تەها پەرلەمانتاری تەباییی بارستە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، لەم هەفتەیەى دواییدا 4 پڕۆژەیاسا خوێندنەوەى یەكەمیان لە لێژنەى ئاسایش و بەرگرى بۆ كراوە، ئەوانیش پڕۆژەیاساى هەڵگرتنى چەك و پڕۆژەیاساى وەزارەتى بەرگرى و پڕۆژەیاساى وەزارەتى ئاسایشیى نەتەوەیى و پڕۆژەیاساى مانەوەى كەسانى بیانین.
تەها گوتی، لە ئێستەدا 2 پڕۆژەیاساى گرینگمان لەبەردەستە، یەكەم پڕۆژەیاساى دەزگەى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرە لە بەردەستدایە و تا ئێستەش خوێندنەوەى یەكەمى بۆ نەكراوە.
ڕوونى كردەوە، ئەو پڕۆژەیاسایە دەزگەیەكە ڕەنگە زۆر توند بىَ بۆیە ئێمە سەرەتا لەسەرى ڕازى نەبووین تا لە لێژنە سەیرى نەكەین، چونكە دەسەڵاتێكى زۆرى پێدراوە و وەك وەزارەتێك مامەڵەى لەگەڵدا دەكرىَ و سەرۆكەكەى بەپلەى وەزیر دەبىَ.
پتر گوتى، ئێستە ڕاى جیاجیا هەیە لەسەر ئەو دەزگایە، ئێمە پێمان وایە لە هەر شارێكى عێراق جگە لە هەرێمى كوردستان نووسینگەیەكى دژە تیرۆر هەبێ نەوەك دەزگایەك، چونكە ئەو دەزگایە دەسەڵاتێكى باڵا دەگرێتە دەست و زۆربەى دەزگا هەواڵگرییەكان لەوێوە سەرچاوە دەگرن، دواى بەسەرداچوونەوەیەكى وورد لە ناوەڕاستى ئەم مانگەدا خوێندنەوەى یەكەمى بۆ دەكرىَ .
ئەندامەكەى لێژنەى ئاسایش و بەرگرى لەبارەى پڕۆژەیاساى دووەمەوە ئاماژەى بەوە كرد، ئەوەى لە عێراقدا زۆر داواكارى لەسەر بىَ، پڕۆژەیاساى زیادكردنى مووچەى هێزەكانى ناوەخۆیە كە خوێندنەوەى یەكەمى بۆ كراوە و چاوەڕوان دەكرىَ لە ناوەڕاستى ئەم مانگە خوێندنەوەى دووەمیشى بۆ بكرىَ.
پەرلەمانى عێراق لە خوولی دووەمى خۆیدا تا ئێستە 62 دانیشتنى ئاسایی ئەنجام داوە و كۆمەڵێك پڕۆژەیاساى پەسند كردووە، بەڵام تا ئێستەش لە زۆر پرسی چارەنووساز وەك دیاریكردنى پۆستە تەناهییەكان و دەنگدان لەسەر جێگرانى سەركۆمار بەهۆى ناكۆكى لیستەكان وەك خۆى ماوەتەوە.
