هه‌فته‌ی داهاتوو پرسی وه‌زاره‌ته ئه‌منییه‌كان یه‌كلایی ده‌بێته‌وه
پرسی وه‌زاره‌ته ئه‌منییه‌كانی پرسێكه تا ئێستا كوتله سیاسییه‌كان له سه‌ری نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن، هه‌ر یه‌كه‌شیان به جیدی له هه‌وڵی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌تانه دایه‌و كاندیدی خۆشیان بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كان ده‌ستنیشان كردووه.
ته‌واوی كوتله سیاسیه‌كان له سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتوون پۆستی وه‌زاره‌ته ئه‌منییه‌كان بدرێته كه‌سانی بێلایه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌ر یه‌ك له هاوپه‌یمانی نیشتمانی و كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه چه‌ند ناوێكیان بۆ پرِكردنه‌وه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌تانه پێشكه‌ش كردووه‌و هێشتا هیچ لایه‌كیان نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتنی كۆتایی.
برِیاریشه به پێی رێككه‌وتنی نێوان كوتله‌كان هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆ‌و ئاسایشی نیشتمانی بدرێته هاوپه‌یمانی نیشتمانی و وه‌زاره‌تی به‌رگریش بدرێته كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه، له‌لایه‌كی دیكه‌ش كورد داوا ده‌كات پشكی هه‌بێت له وه‌رگرتنی پۆسته ئه‌منییه‌كانی ولاَت.
له‌مباره‌یه‌وه په‌رله‌مانتاری كوتله‌ی فراكسینه كوردستانییه‌كان مه‌حمود عوسمان رایگه‌یاند كورد به فه‌رمی داوای وه‌رگرتنی پۆستێكی ئه‌منی له كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت كردووه، پێشتریش كورد داوای كرد پۆستی ده‌گای هه‌واڵگری نیشتمانی پێبدرێت چونكه توانای به‌رِێوه‌بردنێكی باشی له‌و بواره هه‌یه‌و ئه‌زموونێكی زۆریشی له هه‌رێمی كوردستان تاقیكردۆته‌وه.
له سه‌رێكی دیكه‌وه وته‌بێژی فه‌رمی كوتله‌ی ئه‌لعیچراقییه حه‌یده‌ر موللا پێشبینی كرد هه‌فته‌ی داهاتوو پرسی وه‌زاره‌ته ئه‌منییه‌كان له نێوان هاوپه‌یمانی نیشتمانی و كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه یه‌كلایی ببێته‌وه، به‌تایبه‌ت كه برشیاره له چه‌ند رۆژی كه‌می داهاتوو سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالیكی و سه‌رۆكی كوتله‌ی ئه‌لعێراقیه ئه‌یاد عه‌للاوی به یه‌كه‌وه كۆببنه‌وه‌و ئه‌و پرسه یه‌كلایی بكه‌نه‌وه.
موللا جه‌ختیشی له سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كاندیده‌كانی وه‌زاره‌ته ئه‌منیه‌كان له سه‌ر بنه‌مای لێهاتوویی و بێلایه‌نی و نه‌زیهی و پیشه‌یی و نیشتمانی ده‌ست نیشان ده‌كرێن، بۆیه هه‌ر كاندیدێك ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی تێدا نه‌بێت ناتوانێ پۆستی ئه‌منی وه‌ربگرێت، گوتیشی ئه‌وان له كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه فه‌لاح نه‌قیبیان بۆ وه‌گرتنی وه‌زاره‌تی به‌رگری كاندید كردووه هه‌روه‌كو هاوپه‌یمانی نیشتمانیش تا ئێستا عه‌دنان ئه‌سه‌دی بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی ناوخۆ كاندید كرده‌وه‌و هه‌ر یه‌كه‌شیان خاوه‌ن كه‌سه‌ایه‌تییه‌كی لێهاتوو و پیشه‌یی و بێلایه‌نن.
سه‌رچاوه: شبكه اخبار العراق
