كورد داوای وه‌زاره‌تی ئاسایشی نیشتمانی ده‌كات

كورد داوای وه‌زاره‌تی ئاسایشی نیشتمانی ده‌كات
گولاَن- ع. ا

په‌رله‌مانتارێكی سه‌ر به‌ كوتله‌ی هاوپه‌یمانی كوردستان داوا له‌ كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كات داوای وه‌رگرتنی یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌ته‌ ئه‌منییه‌كانی ده‌وڵه‌ت بكات.

له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا په‌رله‌مانتار سه‌ر به‌ كوتله‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی مه‌حمود عوسمان به‌ پێویستی زانی كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان وه‌كو ده‌ستكه‌وتی هه‌ڵبژاردنه‌كان و كوتله‌ی سێیه‌می په‌رله‌مان داوای وه‌زاره‌تی ئاسایشی نیشتمانی بكات، هه‌روه‌كو برِیاره‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌رگری بۆ هه‌ر یه‌ك له‌ هاوپه‌یمانی نیشتمانی و كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ بن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا عوسمان روونی كرده‌وه‌ ناكۆكی و جیاوازییه‌كانی نێوان هاوپه‌یمانی نیشتمانی و كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ له‌ سه‌ر دابه‌شكردنی وه‌زاره‌ته‌ ئه‌منییه‌كان و كاندیده‌كانیان، پێكهاته‌ی ته‌واوی حكومه‌ت دوا ده‌خه‌ن، پێشبینی ئه‌وه‌شی كرد پرسی دابه‌شكردنی وه‌زاره‌ته‌ ئه‌منییه‌كان بۆ دوای پشووی فه‌رمی كه‌ 7 ی مانگی داهاتوو كۆتایی پێدێت یه‌كلایی ببێته‌وه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان پشتگیری له‌ كاندیدی كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی ناوخۆ عه‌قیل توره‌یحی ده‌كات، چونكه‌ پێی وایه‌ كه‌سێكی پیشه‌یی و گونجاوه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی ناوخۆ.

تا یه‌كلایی بوونه‌وه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆو به‌رگری له‌ نێوان هاوپه‌یمانی نیشتمانی و كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ سه‌رۆك وه‌زیران نوری مالیكی به‌ وه‌كاله‌ت سه‌رپه‌رشتی هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌كات.

سه‌رچاوه‌: السومریه‌ نیوز
Top