بایدن: ئه‌مه‌ریكا پابه‌نده‌ به‌كشانه‌وه‌ی هێزه‌ شه‌رِكه‌ره‌كانی خۆی له‌ مانگی داهاتوودا له‌ عێراق

بایدن: ئه‌مه‌ریكا پابه‌نده‌ به‌كشانه‌وه‌ی هێزه‌ شه‌رِكه‌ره‌كانی خۆی له‌ مانگی داهاتوودا له‌ عێراق
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

جێگری سه‌رۆكی ولاَته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا جۆزێف بایدن دووپاتیكرده‌وه‌ ئه‌ركی هێزه‌ شه‌ركه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق له‌ مانگی داهاتوو كۆتایی دێت، هه‌روه‌كو سه‌رۆكی ئه‌و ولاَته‌ باراك ئۆباما له‌وه‌ته‌ی ده‌ست به‌كاربوونیه‌وه‌ به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی داوه‌ له‌ ئابی 2010 كۆتایی به‌ ئه‌ركی هێزه‌ شه‌رِكه‌ره‌كان بێنێت له‌ عێراق.

بایدن له‌ میانی ژاوپێكه‌وتنی به‌ ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی گه‌رِاوه‌ی ولاَته‌كه‌ی له‌ عێراق كه‌ له‌ بنكه‌ی سه‌ربازی فۆرت درام له‌ شاری نیویۆرك به‌رِێوه‌چوو سوپاسی سه‌ربازه‌ گه‌رِاوه‌كانی ولاَته‌كه‌ی كرد له‌ هاوكاریكردنی عێراقییه‌كان بۆ رزگاربوون له‌ ده‌ستی رژێمی سه‌دام حسێن و دام ده‌زگا تۆقێنه‌ره‌كانی و كاركردن له‌ پێناو دابینكردنی سه‌قامگیری و ئاسایش له‌ عێراق و رێگه‌گتن له‌و كه‌سانه‌ی هه‌وڵیاندا بۆ تێكدان و له‌ ناوبردنی ژیانی هاولاَتیانی عێراقی.
بایدن ئاماژه‌ی به‌وه‌دا هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دوای به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانیان و به‌رقه‌راركردنی ئاسایش و سه‌قامگیری بۆ عێراق و عێراقییه‌كان دۆسییه‌ی ئه‌منی بۆ خودی عێراقییه‌كان به‌جێدێلێ بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بوانن رووبه‌رِووی مه‌ترسییه‌ ئه‌منییه‌كان ببنه‌وه‌ كه‌ رووبه‌رِوویان ده‌بێته‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا بایدن جارێكی به‌ پێویستی زانی سه‌رانی سیاسی عێراق رێز له‌ ئیراده‌و ده‌نگی هاولاَتیانی عێراقی بگرن بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و سه‌پاندنی تواناو لێهاتوویی خۆیان به‌سه‌ر ئه‌و ته‌گه‌رو ته‌نگژانه‌ی سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌ت دووچاریان ده‌بنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كۆتاییدا بتوانن ژیانێكی سه‌قامگیر بۆ ولاَته‌كه‌یان دابین بكه‌ن.

برِیار وایه‌ له‌ ناوه‌رِاستی مانگی ئاب به‌شێكی دیكه‌ی هێزه‌ شه‌رِكه‌ره‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا عێراق جێبێڵن و بگه‌رێنه‌وه‌ ولاَته‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌ك ته‌نیا 50 هه‌زار سه‌رباز له‌ عێراق ده‌مێننه‌وه‌ تا كۆتایی ساڵی 2011 ئه‌مه‌ش به‌ پێی رێككه‌وتنامه‌ی ئه‌منی نێوان به‌غداو واشنتۆن كه‌ له‌ ساڵی 2008 مۆركراوه‌.
Top