د. فرسەت سۆفی ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر دواكەوتووە و نابێت لەمە زیاتر دوابكەوێت
April 23, 2019
دیمانەی تایبەت
پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم زۆری خایاند، ئەمە لە كاتێكدا خەڵكی كوردستان بە چاوی ئومێدەوە سەیری ئەم كابینەیە دەكەن، گەورەترین ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم پێكهێنانی كابینەكە چین؟ گرنگترین ئەولەوییاتی بەرنامە و كاری كابینەكە چییە؟ ئەم پرسانە و چەند پرسێكی پەیوەندار بوونە تەوەرەی دیدارێكی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ دكتۆر فرسەت سۆفی پەرلەمانتاری پێشوو و ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان كە لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.دەرفەت هەیە بە پشتبەستن بە ئەزموونی رابردوو قۆناغی باش ببڕین و بەرەوپێش بچین
* یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ كراوە، بەڵام لەبەر رێككەوتنی پارتی و یەكێتی ئەم پرسە بۆ هەفتەیەك دواخرا، ئایا لە ماوەیەكی كورتدا یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم پەسەند دەكرێت؟ ئایا چەندی دی دەخایەنێت تا سەرۆكی هەرێم دەست بەكار دەبێت؟
- مەسەلەی پەسەندكردنی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم دەكەوێتە سەر ئەو رێككەوتنەی كە لە چەند رۆژی داهاتوو لەسەر پۆستەكان ئەنجام دەدرێت، پاشان راستەوخۆ كار لەسەر یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم دەكرێت، واتە تێپەڕاندنی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەستراوەتەوە بەو رێككەوتنەی كە لەنێوان لایەنەكان لەسەر پۆستەكان دەكرێت. رێچكەیە یاساییەكەش ئەوەیە كە دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، ئەوا –سەرۆكی هەرێم- سەرۆكی حكومەت ناوزەد دەكات، واتە سەرۆكی حكومەت رادەسپێرێت تاوەكو لە ماوەی 30 رۆژدا كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنێت و لەبەردەم پەرلەمان سوێند بخوات.
* پێت وانییە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت زۆری خایەند؟ بە مەزندەی ئێوە ئاستەنگەكانی بەردەم كابینەی داهاتوو چین؟
- منیش لەگەڵ ئێوەدا هاوڕام بەوەی پێكهێنانی كابینە زۆر دواكەوتووە و لەمە زیاتر زیان بە گوزەرانی خەڵك و خزمەتگوزارییە گشتیەكان و سەقامگیری بازاڕ دەگەیەنێت. بۆیە زۆر بە راشكاوانە دەبێت بڵێین نابێت لەمە زیاتر پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوابكەوێت و پێویستە بە زووترین كات حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت. سەبارەت بە تەوەری دووەمی پرسیارەكەش، لە هەموو بارودۆخێكدا ئاستەنگ و تەحەددی هەیە، هەروەكو چۆن دەرفەتیش هەیە، ئێمە لە قۆناغی داهاتوودا پێویستیمان بەوە هەیە خۆمان بۆ تەحەدییە ناوخۆ و دەرەكییەكان ئامادە بكەین. ئەوەی پەیوەستە بە تەحەددییەكانی حكومەتی عێراقەوە، ئەوا پەیوەستن بە پرسی ناردنی مووچە و مەسەلەی چارەسەركردنی كێشەی فرۆشتنی نەوتەوە تا ئەو دۆسییانەی كە بە هەڵپەسێردراوی لە نێوانمان ماوەتەوە چارەسەر بكرێن، لەسەر ئاستی ناوخۆش زۆرگرنگە رووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە و هەنگاوی گەورە بەرەو بونیادنانی ژێرخانی ئابووری و بە دامەزراوەییكردنی دامودەزگاكان و كاراكردنەوەی رۆڵی چاودێری بنێین، هاوكات دەرفەتیش هەیە بەوەی بە پشتبەستن بە ئەزموونی رابردوو بتوانین قۆناغی باش ببڕین و بەرەو پێشەوە بچین.
* خەڵكی كوردستان بە چاوی ئومێدەوە سەیری كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، ئایا تاچەند كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەولەوییەت دەداتە پڕۆژە یاسای چاكسازی كە بە دریژای كابینەی پێشوو ئێوە و چەند پەرلەمانتارێكی دیكە سەرقاڵی بوون؟
- بەدیدی من یەكێك لە كۆڵەگە سەرەكییەكانی ئەم حكومەتەی داهاتووی كوردستان كە لەسەری بنیاد دەنرێت و بەپێی ئەو رێككەوتنە سیاسییەی لەگەڵ گۆڕان و یەكێتی هەمانە بریتی دەبێت لە پرۆسەی چاكسازی و بەدامەزراوەییكردنی دامودەزگاكانی حكومەت و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئەمە ئەركی هەرە پێشینەی كابینەی داهاتووی حكومەتی كوردستانە و دەبێت و دەشتوانین هەنگاوی باش لەم رووەوە بنێین، لەبنەڕەتیشدا مەبەست لە یاسای چاكسازی، بڕینی قووت و گوزەرانی خەڵك نییە، بەڵكو گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەن ماف و لابردنی ئەو نادادپەروەرییەیە كە كۆمەڵێك خەڵك بەبێ ئەوەی مافیان بێت، مووچە وەردەگرن، یان دەوام ناكەن و مووچەیان هەیە، یان شایستە نین و دوو مووچە وەردەگرن. واتە مەبەست لە رێكخستنەوەی كاری ئیداری و دارایی، بڕینی قووتی خەڵكی نییە، بەڵكو بۆخۆشكردنی گوزەرانی خەڵكە.
* لە خولی پێشووی پەرلەماندا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بوویت، زۆر جاران تێبینی ئەوە دەكرا كە ناسەقامگیرییەكی پەرلەمانی لەناو پەرلەمانی كوردستاندا هەیە، بۆیە پەرلەمان نەیدەتوانی وەك پێویست هاوكاری حكومەت بكات، یان لە پرۆسەی پەسەندكردنی یاسا و بڕیارەكاندا، رەچاوی تواناو ئیمكانیەتی حكومەت بكات، ئایا پێت وایە ئەدای خولی ئەمجارەی پەرلەمان باشتر دەبێت؟ ئایا ئەو فاكتەرانە چین كە وادەكەن ئەدای خولی ئەمجارەی پەرلەمان باشتر بێت؟
- خولی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان لە خولی پێشوو باشتر دەبێت. من گەشبینم بەوەی پەرلەمان هاوكار و پشتیوانی حكومەت دەبێت لە پرۆسەی چاكسازیدا، ئەم گەشبینییەی منیش بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ كۆمەڵێك هۆكار دەگەڕێتەوە:
1. ئەزموونی خراپی خولی پێشووی پەرلەمان هەموومانی فێركرد تا وانەیەك وەربگرین، بەوەی بە ململانێ و یەكتر سڕینەوە هیچمان دەست ناكەوێت..
2. پارتی دیموكراتی كوردستان لەم خولەدا هێزی یەكەمە و زۆرینەی وای لەبەر دەستدایە كە بەم زۆرینەیە دەتوانێت لە ناوخۆی پەرلەمانی كوردستاندا سەقامگیری دروست بكات.
3. سێ هێزی سەرەكی لە كوردستان (پارتی و یەكێتی و گۆڕان) پێكەوە لەناو یەك حكومەت كۆدەبنەوەو ئەگەر پەرلەمانتارانیان لەناو پەرلەمان پاڵپشتی حكومەت بكەن، بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و چاكسازی، ئەوا حكومەتیش سەقامگیر دەبێت هەروەكو پەرلەمان.
ئەم سێ خاڵە وادەكات ئەم خولەی ئەمجارەی پەرلەمان ئەدای خۆی باشترو كاراتر بكات لە جارانی پێشوو.
* بەڵام هەر لە ئێستاوە هەندێك لە پەرلەمانتارانی لایەنە سیاسییەكانی دیكە لە رێگەی كەناڵەكانی راگەیاندنەوە باس لە پڕۆژەی جۆراوجۆر دەكەن و خۆیان دەكەنە خاوەندارێتی هەندێك پڕۆژە كە رەنگە لەم قۆناغەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لەتوانایدا نەبێت جێبەجێیان بكات، پێت وایە ئەمە چۆن رێك دەخرێت؟
- هەر خۆی لە خۆیدا لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا هاتووە كە نابێت پەرلەمان هیچ پڕۆژە یاسایەك گفتوگۆی لەسەر بكات، ئەگەر تەبەعییاتی دارایی هەبێت و بێ رەزامەندیی حكومەت بێت، ئەمە نەرێتێكی ددانپێدانراوە لە هەموو دنیادا كە هەر شتێك ئیلتیزاماتی دارایی لەسەر دەوڵەت دروست بكات، ئەوا دەبێت لەلایەن حكومەتەوە رەزامەندی لەسەر بدرێت، پەرلەمانتاریش باش لەم عورفە دەزانێت كە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا هاتووە، بەوەی یەكێك لە مەرجەكانی خوێندنەوەی هەر پڕۆژەیەك لە پەرلەماندا دەبێت بارگرانی دارایی لەسەر حكومەت دروست نەكات، بۆیە ئەگەر پڕۆژەیەكیش بۆ پەرلەمان بنێردرێت و قورسایی دارایی لەسەر حكومەتی دروست بكات، ئەوا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ ناكرێت و رەتدەكرێتەوە.
* بەو سیفەتەی كارێكی زۆرت لەسەر پڕۆژەی حوكمڕانیی دروست و چاكسازی كردووە، ئایا پێت وایە دەبێت ئەولەوییاتی كارەكانی ئەم كابینەیە چی بن؟
- چاكسازی و رێكخستنەوەی سیستەمی بانكی و دارایی و تەرشیقكردنی هەیكەلی حكومەت و گۆڕانكاری بنەڕەتی لە دامەزراوەكان و دانانی خەڵكی شیاو بۆ شوێنی شیاو و وەرگرتنی كۆمەڵێك بڕیاری گرنگ لە بارەی كەرتی گشتی و مووچەخۆران و چاكسازیی لە ریزبەندی پێشەوەی كارەكانی كابینەی نوێ دەبێت، هەروەها گرنگیدان بە كەرتی تەندروستی و داودەرمان و چاكسازیی لە سیستەمی هەموو ئەوانە دەبێت لە پێشینەی كاری حكومەتی داهاتووی كوردستان بێت.
* جیا لەوەی پەرلەمانتار بوویت لە خولی پێشوو، بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێش ئەندامی شاندی دانوستاندنی پارتی بوویت لەگەڵ حزبەكانی دیكە، ئایا لەو كۆبوونەوانەدا پارتی پتر رەچاوی چی كردووە؟
- ئێمە وەكو پارتی هێزی زۆرینە و یەكەمین لە هەرێمی كوردستان، خەڵكی دەنگی بە ئێمە داوە بۆ ئەوەی خزمەتیان بكەین و لە پێناوی خەڵكدا كار بكەین، بۆیە دەبێت ئەم قۆناغە قۆناغی خزمەتكردنی خەڵك بێت و قۆناغی تێپەڕاندنی ملشكاندنی یەكتر بێت، واتە دەبێت بیر لەوە بكەینەوە ژیانێكی خۆشگوزەران و سەقامگیر و دوور لە توندوتیژی بۆ خەڵك دەستەبەر بكەین. بۆیە ئامانجی هەرە گەورەی پارتی دیموكراتی كوردستان ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانە و هاووڵاتی تەوەری هەموو شتێكە لای پارتی.
* باس لەوە دەكرێت كە پێكهێنانی كابینەی تازە زۆر گرنگە لەبەر رێككەوتن لەسەر كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئایا لەم رووەوە تاچەند گەشبینی بە رێككەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم لەسەر كێشەكانی نێوانیان؟
- ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت كاریگەریی زۆر باشی دەبێت لەسەر گفتوگۆكان و دانوستانەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا، بۆیە ئومێدەوارم پەلە لەم كابینەیە بكرێت و دامەزراوەكان بكەونە سەر رێچكەی ئاسایی و یاسایی خۆیان. من دەمەوێت ئاماژە بەوەش بكەم كە لە دوای داخستنی سنوورەكان بە رووی كوردستان و چەقبەستنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئەوا رۆڵی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی حكومەتی كوردستان، وەك كەسایەتییەكی دیپلۆماتی و سەركردەیەكی كاریزما رۆڵێكی یەكجار گەورەی هەبوو. لە ژێر راسپاردەو رێنمایی جەنابی سەرۆك بارزانی، كاك نێچیرڤان بووە فریادڕەسی دەرچوون لە كۆمەڵێك تەحەددا و هەڕەشەی گەورە .
* كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مسرور بارزانی تا چەند لە ناو حكومەتێكی بنكەفراواندا كە پێشتر ئەزموونێكی سەركەوتووی نەبووە، دەتوانێت بە سەر هەموو كۆسپ و ئاستەنگەكانی بەردەم بووژانەوەی ئابووری و خۆشگوزەرانیی خەڵكی سەربكەوێت؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم كە من زۆر متمانەم بە رۆڵی بەڕێز مسرور بارزانی هەیە و پێموایە بەڕێزی بەو ئیرادە بەهێزەی هەیەتی، دەتوانێت حكومەتێكی بەهێز پێكبهێنێت، كە درێژەپێدەری دەستكەوتەكانی رابردوو بێت و دەستكەوتی زۆر زیاتریش بۆ گەلی كوردستان بەدی بهێنێت. بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان هاوكاری كاك مسرور بین بۆ ئەوەی كوردستان بەرەو كەنارێكی ئارام ببەین و داهاتوی میللەت و كۆمەڵگەمان گەشتر بێت. هەروەها پێم وایە كاك مسرور یەكێكە لەو سەركردە و كاریزمایانەی شەو و رۆژ دەخاتە سەر یەك لە پێناو ئەوەی زۆرترین خزمەت پێشكەش بە میللەتەكەی خۆی بكات و دڵنیاشم لەم ئەزموونەدا سەركەوتوو دەبێت.
