جێرەمی پرێسمان بەڕێوەبەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی كەنێتیكیت بۆ گوڵان: یەكێك لە باشترین سیناریۆكان بۆ ئایندەی ناوچەكە قبووڵكردنی سەربەخۆیی كوردستانە

جێرەمی پرێسمان  بەڕێوەبەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی كەنێتیكیت بۆ گوڵان: یەكێك لە باشترین سیناریۆكان بۆ ئایندەی ناوچەكە قبووڵكردنی سەربەخۆیی كوردستانە
جێرەمی پرێسمان پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و بەڕێوەبەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی كەنێتیكیت، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ناكۆكیی عەرەب-ئیسرائیل، سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دەدات. بۆ قسەكردن لەسەر هەلومەرجی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تاوتوێكردنی ریشە و هۆكارەكانی ئەو قەیران و تەنگژانەی رووبەڕووی ئەم ناوچەیە بوونەتەوە، لەگەڵ چەند پرس و بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* ئاشكرایە لە ئێستادا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەل و مەرجێكی دژواردا تێدەپەڕێت، بە تێڕوانینی ئێوە گرنگترینی ئەو پەرەسەندنانە چین كە مایەی نیگەرانییەكی قووڵن و دەبێت بەپەلە كار و كۆششی جددی بۆ چارەسەركردنیان بكرێت؟
- لە راستیدا دەتوانین ئاماژە بەو ناسەقامگیرییە بكەین كە لە دوای راپەڕینە عەرەبییەكانەوە هاتنەئاراوە، وەك شەڕە ناوخۆییەكان لە لیبیا، سووریا و یەمەن. لەلایەكی دیكەوە ئێمە بەردەوام هەوڵ و كۆششەكانی ئێران بەدی دەكەین بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی لە ناوچەكەدا، لەگەڵ هەوڵەكانی ئەمریكا، سعودیە، ئیسرائیل بۆ جڵەوكردنی ئێران. لە هەمان كاتدا خەڵكە ئاساییەكە لە نێو بەرداشی شەڕە بەردەوامەكاندا گیریان خواردووە.
* ئاماژەتان بە راپەڕینە عەرەبییەكان كرد لە سەروەختی ئەوەی پێی دەڵێن بەهاری عەرەبی، كە لەو كاتەدا ئومێد و هیوایەكی زۆر هاتنەئاراوە بە حوكمڕانی و ژیانێكی باشتر، بەڵام دۆخێكی تەواو جیاواز دروست بوو، كەواتە ئایا دەتوانین بڵێین لە ئێستادا پرسی بە دیموكراسیبوونی پاشەكشەی كردووە؟
- بەڵێ، ئەمە وایە. بەرچاوترین و زەقترین وڵاتێك كە راپەڕینی بەخۆوە بینی لە ساڵی 2011دا، وڵاتی میسر بوو كە ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ دیكتاتۆریەتی سەربازی.


* هەروەك ئاشكرایە لە ئێستادا چەندین گرووپی تیرۆریست و توندڕەو هەن لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە وێرانكاری و كوشتارێكی بێ پێشینەیان دروست كردووە لەم ناوچەیەدا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا هۆكارە بونیادی و قووڵەكانی دروستبوونی ئەم گرووپانە چین و باشترین رێگاچارەی بەرەنگاربوونەوەیان چییە؟
- لە راستیدا هۆكارەكان جۆراوجۆرن. لە وڵاتە سەركوتكارەكاندا دەرفەت و دەروازەی گوزارشتكردنی سیاسی لە خەڵكی دادەخرێن. ئەو كاتەش گرووپی كەمینە وەك تەنیا بەدیل پەنا بۆ گرتنەبەری توندوتیژی دەبات. لە حاڵەتەكانی دیكەدا، رێگا بە گرتنەبەری رێگاچارەی سیاسی بۆ مومارەسەكردنی مافی بڕیاردانی چارەنووس نادرێت، دووبارە لەم حاڵەتانەشدا هەندێ كەس پەنا بۆ بەكارهێنانی توندوتیژی دەبات بۆ بەرەوپێشبردنی كێشەكەی خۆی. كەواتە لەم حاڵەتانەدا و لەبەر هۆكاری كۆمەڵایەتی (هەروەك مارك ساگیمێن لە توێژینەوەكاندا ئاماژەی پێكردووە) یان كەف و كوڵی ئایدیۆلۆژی، یان ئایینی، گرتنەبەری كاری توندوتیژی وەك بەدیلێكی سەرنجڕاكێش دەردەكەوێت.



* ئایا راوبۆچوونت چییە لەبارەی دەستتێوەردانی دەرەكییەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟ ئایا پێتوایە هەمیشە ئەو دەستێوەردانانە بوونەتە هۆی ئاڵۆزكردنی زیاتری بارودۆخەكە، یاخود هێزە دەرەكییەكان دەتوانن بەشدارییەكی بنیادنەرانەیان لەم رووەوە هەبێت؟
- لە راستیدا زۆر زەحمەتە بەشدارییەكی بنیادنەرانەیان هەبێت. چونكە جیاوازیی تێگەیشتن لەئارادایە، واتە رەنگە زۆرێك لە سەركردە و سەرباز و تەنانەت دیپلۆماتكارەكانیش تێگەیشتنێكی تەواویان نەبێت لەبارەی جیاوازییە كەلتووری و زمانی و مێژویەكانەوە. هەروەها رەنگە هاوپەیمانە دەرەكییەكەی وڵاتەكە لە ناوخۆدا هەوڵی هێنانەدی بەرژەوەندییەكی جیاوازتر بدات، بەو پێیە هەردوولا ئامانج و بەرژەوەندیی جیاوازیان دەبێت. بەڵام ئایا دەستێوەردانی سەربازی و «بنیادنانی نەتەوە» هەرگیز سەركەوتوو دەبن؟ من مەزەندەی ئەمە دەكەم. بەڵام وڵاتی ئەمریكا لەبەرچاو بگرن كە تۆمارێكی باشی نییە لە ڤێتنام، عێراق و ئەفغانستاندا.



* چۆن لە رۆڵی ئێران دەڕوانیت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئایا پێتوایە ئێران بەشێكە لە كێشەكە، یان دەتوانرێت بكرێتە بەشێك لە چارەسەر؟
- رەنگە ئێران و ئەمریكا بتوانن بگەنە تێگەیشتنێك، بەڵام ئەمە لە سایەی ئیدارەی ترەمپدا روونادات. هەروەها ئەگەر ئەمریكاش ئامادەیی كارێكی لەم شێوەیەی هەبێت، ئەوا سەركردەكانی ئیسرائیل و سعودیە بە توندی بەرهەڵستی دەكەن.
* كێشەیەكی دیكەی قووڵ و درێژخایەن هەیە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە بریتییە لە ركابەری تایفەگەری لە نێوان شیعە و سوننەدا، چۆن لەم كێشەیە دەڕوانن و ئایا چۆن دەكرێت مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت؟
- من نازانم. واتە بیر لەوە دەكەمەوە كە ئایا تا چ راددەیەك كێشە راستەقینەكە بریتییە لە ركابەریی جیۆپۆلەتیكی. هەروەك توێژەرانی وەك گریگۆری گۆس و ئەلیزابێس هورد و ئەوانی دیكە ئاماژەیان پێكردووە، لێكدانەوەی تایفەگەری كەموكوڕی و هەڵەی تێدایە. واتە پرسیارەكە ئەوەیە چۆن هەندێ جار گرووپە تایفەگەرییە ركابەرەكان پێكەوە كار دەكەن؟ بۆ نموونە حەماس و ئێران؟ ئەی بۆچی زۆرێك لە گرووپە سوننەكان پێكەوە هاوكاری یەكتر ناكەن؟ بۆ نموونە ئیخوان موسلمین، داعش و ئەلقاعیدە؟
* ئێمە دەزانین كە جگە لە كێشە و ناكۆكیی تایفەگەری، كێشەی ئیتنی و نەتەوەییش هەن لەم ناوچەیەدا، بۆ نموونە لە ئێستادا كوردی عێراق لە ناكۆكییەكی قووڵدایە لەگەڵ حكومەتی عێراق كە كوردی ناچار كرد ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدات، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا رێگاچارەكانی یەكلاكردنەوەی ئەم كێشانە چین؟
- لە راستیدا بژارەكان ئاسان نین. قبووڵكردنی سەربەخۆبوونی كورد لە عێراقدا رەنگە قبووڵكردنی سەربەخۆبوونی كوردی سووریاشی بەدوادا بێت. ئەمە ئاڵوگۆڕێكی گەورە دەبێت بە بەراورد بە 30 بۆ 40 ساڵ بەر لە ئێستا.
* پێشبینییەكانت بۆ ئایندەی ناوچەكە لە رووی باشترین و خراپترین سیناریۆوە چین؟
- لە راستیدا ئەو هەل و مەرجەی ئێستادا لە ئارادایە هەڵگری كێشە و گرفتی گەورەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێ، بۆی هەیە بارودۆخەكە خراپتریش بێت. ئەمە خراپترین سیناریۆیە كە بێتەئاراوە، باشترین سیناریۆش رەنگە ئەوە بێت كە سەربەخۆبوونی كورد قبووڵ بكرێت، لەگەڵ كۆتاییهاتنی شەڕە ناوخۆییەكان و دەستێوەردانی سەربازی لەلایەن وڵاتانی دەرەوەو گەڕانەوەی پەنابەرە سوورییەكان بە سەلامەتی بۆ وڵاتی خۆیان و چارەسەرێكی قبووڵكراوە بۆ كێشەی فەلەستین.
Top