دادوەر عەبدولكەریم ئەبوبەكر هەمەوەندی بۆ گوڵان: داڕشتنی دەستوور بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ جیاوازە لە داڕشتنی دەستوور بۆ هەرێمێك

دادوەر عەبدولكەریم ئەبوبەكر هەمەوەندی بۆ گوڵان: داڕشتنی دەستوور بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ جیاوازە لە داڕشتنی دەستوور بۆ هەرێمێك
سەرۆك بارزانی لەمیانەی دیدارە جەماوەرییەكانی لە شارو ناوچە جیاوازەكانی كوردستان، رەهەندە گشتییەكانی دەوڵەتی داهاتووی كوردستانی دیاریكردو، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە كۆماری كوردستان كۆمارێكی فیدڕاڵی دەبێت و هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن، ئەمەش لە چوارچێوەی دەستووری دەوڵەتی كوردستان رێكدەخرێت، بەمەش دەوڵەتی كوردستان دەبێتە ئەو دەوڵەتە نموونەییەی كە بۆ یەكەمجار دەبێت لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوڵەتێكی هاوچەرخ دابمەزرێت كە تەواوی مافی هاووڵاتیان لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون لەخۆی بگرێت، بۆ قسەكردن لەسەر دەستووری داهاتووی دەوڵەتی كوردستان، گوڵان چەند پرسیارێكی سەبارەت بەو جیاوازییانەی كە دەبێت لە دەستووری دەوڵەتی كوردستاندا هەبێت، ئاراستەی دادوەر عەبدولكەریم ئەبوبەكر هەمەوەندی ئەندامی لیژنەی داڕشتنی دەستووری هەرێمی كوردستان كردو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
دەبێت لە داڕشتنی دەستووری كۆماری فیدڕاڵیی كوردستان
ئەو جیاوازییە لەبەرچاو بگێرێت

* وەك ئەندامێكی لێژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان، ئەگەر لە داهاتوودا كوردستان بووە دەوڵەت و دیسان بوویتەوە بە ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری دەوڵەتی كوردستان پێتوایە دەبێت چ گۆڕانكارییەك لەو دەستوورەدا بكرێت؟ هەروەها ئایا جیاوازیی نێوان داڕشتنی دەستوور بۆ هەرێمێك لەگەڵ داڕشتنی دەستوور بۆ دەوڵەتێك چییە؟
-لە پرۆسەی داڕشتنی دەستوور لە دەوڵەتی سەربەخۆدا، كایەكانی دەسەڵاتی دەستووری زۆر زیاترن لە هی فەرمانڕەوایی لە هەرێمێكدا لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدڕاڵیدا، هەر بۆیە دەبێت لیژنەی داڕشتنی رەشنووسی دەستووری كۆماری كوردستانی سەربەخۆ، ئەو راستییانە لەبەرچاو بگرێت كە لە پرۆژەی داڕشتنی دەستووری دەوڵەتی سەربەخۆ رەهەندەكان فراوانتر دەبن و دەبێت هەموو ئەو رەهەندانە لەبەر چاو بگیرێن، هەر بۆ نموونە دەبێت هەندێ لەو دەسەڵاتانەی كە لە دەوڵەتی سەربەخۆدا پیادە دەكرێن لە رەشنووسەكە بچەسپێندرێن، وەك:
ا- دەسەڵاتی پیادەكردنی سیاسەتی دەرەوەو نوێنەرایەتی دیپلۆماتی، كە خۆی لە پەیوەندییە دیپلۆماتییەكانی كۆماری كوردستانی فیدڕاڵی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دەبینێتەوە، وەك كردنەوەی باڵیۆزخانەو كونسوڵگەری و دەستنیشانكردنی باڵیۆز و كونسوڵەكانی كوردستان لەو وڵاتانەو بەپێچەوانەش، وەرگرتنی نامەی پشتیوانیی باڵیۆز و كونسوڵەكانی ئەوانیش بۆ نێو دەوڵەتی كوردستان و دانوستاندن لەگەڵ وڵاتان و گرێدانی رێككەوتنامەو پەیماننامەو بەڵێننامەی سیاسی و سەربازی و بازرگانی و زانستی و...هتد بەپێی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان.


ب- سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی و رێكخستنی هێزی چەكدارو دابینكردنی ئاسایشی سنوورەكان و بەرگریكردن لە خاك و ئاسمانی كوردستان.
ج- كۆنتڕۆڵكردنی ئاسمانی دەوڵەت و بەرگری لێی و رێكخستنی هاتوچۆو ترافیكی فڕۆكەوانی.
ح- داڕشتنی سیاسەتی دارایی و دەركردنی دراوی نیشتمانی و دانانی بودجەی ساڵانەی دەوڵەت و داڕشتنی سیاسەتی دراو و دامەزراندنی بانكی مەركەزی.
خ- رێكخستنی ستاندارد وپێوانەو سەنگ و قورسایی.
ز- رێكخستن و دەركردن وپێدانی وڵاتننامەو نیشتەجێبوون و بەخشینی مافی پەنابەریی سیاسی.
و- رێكخستنی لەرەلەر (فریكوێنسی) و كاری ئێستگەكانی رادیۆو تەلەفزیۆن و پۆستە لە سەرتاسەری دەوڵەتی كوردستان.
ە- دانانی پڕۆژەی بودجەی گشتی و وەبەرهێنان.
س- پلاندانان بۆ سیاسەتی پەیوەست بە سەرچاوەكانی ئاو لە دەرەوەی كوردستان.


ل- سەرژمێریی هاووڵاتیانی كوردستان و ئاماری كۆمەڵایەتی و ئابووری.
م- گەلێك دەسەڵات و ئەرك و فەرمانی دیكە.. بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان و پێویستیی حوكمڕانیی حەكیمانە.
* مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان لە میانەی دیدارە جەماوەرییەكانی، سیما سەرەكییەكانی دەوڵەتی داهاتووی كوردستانی خستۆتەڕوو و ئاماژەی بەوە كردووە كە هەنگاو بۆ دەوڵەتێكی فیدڕاڵی هەڵدەگرن، ئەمەش بەو مانایەی هەر پارێزگایەك هەرێمێكی سەربەخۆ دەبێت لەناو دەوڵەتی كوردستاندا، ئایا شێوازی داڕشتنی دەستووری دەوڵەتێكی فیدڕاڵی دەبێت چۆن بێت؟
- پێویستە لە دیباجەی دەستوورەكە جەخت بكرێتەوە و راشكاوانە ئاماژە بەوە بكرێت كە كۆماری كوردستان لەسەر بنەمای دیموكراسی و فیدڕاڵی دامەزراوەو هەر پارێزگایەك دەسەڵاتی هەرێمێكی پێدەدرێت و جگە لەو دەسەڵاتانەی كە دەستوور تایبەتمەندیی داوەتە حكومەتی فیدڕاڵی، هەموو دەسەڵاتەكانی تری فەرمانڕەوایی پیادە دەكات. دەكرێ بە ژمارە دەسەڵاتە سەرەكییەكانی حكومەتی فیدڕاڵ لە لایەك و دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمەكان بە ژمارە لە لایەكەی دیكە دیار بكات، یان دەسەڵاتە تایبەتەكانی حكومەتی فیدڕاڵ دیاری بكات و حكومەتی هەرێمەكان ئازاد بكات لە پیادەكردنی گشت دەسەڵاتەكانی دیكە.


* لە كوردستاندا پێكهاتەی جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی هەیە، ئایا چۆن مافی ئەو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیانیە لە دەستووردا زامن دەكرێت و دەوڵەتی هاووڵاتی بونیاد دەنرێت؟
- دەبێت یەكێك لە پرەنسیپە سەرەكییەكانی دەستوور رێزگرتن بێت لە گشت پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاییەكان و ئازادبوونیان لە پیادەكردنی نەریت و شەعائیری ئایینی خۆیان و بیروبۆچوونیان بە شێوەیەك هەست بە هاوبەشی و هاووڵاتیبوونی پلە یەكی خۆیان بكەن.
* لەدەوڵەتی فیدڕاڵیدا ئەنجومەنی فیدڕاڵی لە ئەنجومەنی نوێنەران جیاوازە، ئێمە دەزانین كە ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر بنەمای كورسیی پەرلەمان راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێن، ئایا ئەنجومەنی فیدڕاڵی چۆن پێكدەهێندرێت و ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران هەبێت، بۆچی ئەنجومەنی فیدڕاڵی پێویستە؟
- بۆ ئەوەی مافی هەرێمەكان پارێزراو بێت، دەبێت ئەنجومەنی فیدڕاڵی لە نوێنەری هەرێمەكان پێك بێت و هەرێمەكان بە رێژەیەكی یەكسان نوێنەرایەتی تێدا بكەن بۆ ئەوەی هەركاتێ هەستیان بە نادادپەروەری كرد لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، یان لە كارگێڕیی حكومەتی فیدڕاڵ كە پێشێلی مافەكانیان دەكات، بتوانن بەرەنگاری هەر بڕیارێكی لەو جۆرە ببنەوە و سنوور بۆ ویست و رێككەوتنە سیاسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دابنێت، بەتایبەتی كە لە ئەنجومەنی نوێنەران، هەندێ جار، بڕیارەكان بە زۆرینەو كەمینە دەردەچن.


* لەدەوڵەتی فیدڕاڵیدا دادگای فیدڕاڵی دەبێت پارێزەری مافە دەستوورییەكانی هەموو پێكهاتەكان و هەموو هاووڵاتیان بێت، ئایا تاچەند دادگای فیدڕاڵی دەبێتە چەتری پاراستنی مافی پێكهاتەكانی كوردستان؟
- نەك هەر لە دادگای فیدڕاڵی، بگرە دەبێت دادوەری لە گشت دادگاكانی دەوڵەتی كوردستان ئازادبێ و نابێت كاریگەریی دەسەڵاتی حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی لەسەر بێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت مەرجی دڵنیاكەر دابندرێت بۆ دەستنیشانكردنی دادوەران و داواكارانی گشتی و دامودەزگاكانی و هیچ لایەن و دەسەڵاتێك نەتوانێ كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی هەبێت، بەتایبەتی دەبێت ئەندامانی دادگای فیدڕاڵی لە رێگەی دەستنیشانكردنیانەوە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمەكان و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو هەرێمانەوە دابمەزرێن.


* لەبەر ئەوەی كوردستان دەوڵەتێكی فرەنەتەوەو ئایین و ئایینزای جیاوازەو لە دەستووردا مافی ئەو پێكهاتانە زامن كراوە، كەواتە پێویستە هەموو نەتەوەكان، نەتەوەی سەرەكی و ئایینەكان ئایینی فەرمی بن لە كوردستان، ئایا میكانیزمی پێویست لە دەستووردا بۆ زامنكردنی ئەم هاوسەنگی و یەكسانییە چۆن دادەڕێژدرێت؟
- دەبێت یاسا دەستەبەریی پیادەكردنی هەر نەتەوە و ئایین و ئایینزایەك بكات بۆ داب و دەستووری تایبەتیی خۆیان و تایبەتمەندیش بە هەندێ رێساو نەریت و عورفی كۆمەڵایەتی و پابەندبوونی خۆی بە یاساو بنەما نێودەوڵەتییەكان دەربخات و بچێتە نێو ئەو رێككەوتن و پەیماننامانەی كە تایبەتن بە مافی مرۆڤ و كەمینە نەتەوەیی و ئایینییەكان و مۆریان بكات بۆ ئەوەی پابەندبوونی خۆی بە یاساو رێساو بنەما سەرەكییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بسەلمێنێت.
* ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ئێستای هەرێمی كوردستان كە لە ریفراندۆم بەشدارییان كردو دەبنە بەشێك لە دەوڵەتی كوردستان، كۆمەڵێك كێشەی هەڵواسراویان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق دەبێت، ئایا تا چەند لەچوارچێوەی دەستووردا بواری ئەوە دروست دەكرێت كە كێشەی سنوور لەگەڵ دەوڵەتی عێراق چارەسەر بكرێت؟
- كاتێ ئەو ناوچانە دێنەوە سەر دەوڵەتی كوردستان دەبێتە ئەركی حكومەتی كوردستان كە لەگەڵ حكومەتی ئەو كاتی عێراق وەك دوو دەوڵەتی هاوسێ و هاوتەریب، لە رێگەی دانوستاندنەوە سنوورەكانیان بەپێی واقیعی جوگرافی و مێژوویی و نەخشە جیهانییەكان دیاری بكەن و ئەو ماف و ئیستیحقاقاتەی هەیانە، لە رێگەی گفتوگۆو دانوستاندن و رێككەوتننامەی دوولایەنە وەربگیردرێتەوە.
Top