ڤیان شێخ میرزا كەسایەتیی ناسراوی ناو كوردانی ئێزیدی: پەكەكە بووەتە هۆكاری ناسەقامگیری و نائارامی لە دەڤەری شنگال

ڤیان شێخ میرزا كەسایەتیی ناسراوی ناو كوردانی ئێزیدی: پەكەكە بووەتە هۆكاری ناسەقامگیری و نائارامی لە دەڤەری شنگال
كوردانی ئێزیدی بەدرێژایی مێژوو لەچوارچێوەی عێراقی عەرەبیدا رووبەڕووی كۆمەڵكوژی بوونەتەوە، بەتایبەتی دوای هاتنی داعش و رفاندنی كچ و ژنی ئێزیدییەكان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، هەر بۆیە ئەوان پێیانوایە ریفراندۆم و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی زیاتر زامنی چارەنووسیان دەكات و شنگال و تەواوی دەڤەری كوردانی ئێزیدی دەكاتەوە بە بەشێك لە خاكی نیشتمان، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی ڤیان شێخ میرزا كرد كە لە بنەماڵەیەكی ئایینی و كەسایەتی ناسراوی ناو كوردانی ئێزیدییە. لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
سەربەخۆیی كوردستان بۆ ئێمەی كوردی ئێزیدی
واتای دووبارەنەبوونەوەی كۆمەڵكوژییە


* بەئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و حزبە كوردستانییەكان رۆژی 25ی ئەیلوولی داهاتوو بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاری كرا، ئایا ئێوە وەكو كوردانی ئێزیدی چۆن لەم هەنگاوە مێژووییە دەڕوانن؟
- هەر هەنگاوێك بەرەو سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانمان ببات، ئەگەر بۆ پێكهاتەكانی تری كوردستان گرنگ بێت، ئەوا بۆ ئێمەی كوردانی ئێزیدی زۆر گرنگترو هەنگاوێكی مێژووییترە، چونكە ئێمە بەهۆی كوردبوون و ئایینەكەمانەوە زیاتر لە پێكهاتەكانی تری كوردستان لەناو چوارچێوەی عێراقدا رووبەڕووی كۆمەڵكوژی و رفاندن و كوشتن و دەربەدەری بووینەتەوە، تەنانەت زۆربەی ناوچەكانمان لەلایەن عێراقی عەرەبییەوە تەعریب كراوە، هەر بۆیە كوردانی ئێزیدی پشتیوانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانن. لەچەندین بۆنەدا سەرۆكی كوردستان جەختی لەسەر رەسەنایەتی كوردی ئێزیدی كردۆتەوەو پێی راگەیاندووین: (ئێزیدی كوردی رەسەنن و هەرگیز جیاوازی ئایینی نابێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی ئێزیدی لە كورد جیاببێتەوە)، هەربۆیە ئێمە جەنابی سەرۆك بارزانی بە پارێزەرو داكۆكیكاری مافەكانی خۆمانی دەزانین، هەر لەم پێناوەشدا بەڵێنەكەی خۆی جێبەجێكردو تەواوی ناوچەی شنگال و سنونێ و دەوروبەری ئازاد كرد، راستە سەرۆكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان قوربانییەكی زۆریان دا، بەڵام سەلماندیان كە شنگال و دەڤەری كوردانی ئێزیدی پارچەیەكی دانەبڕاون لەخاكی كوردستان، هەربۆیە داوا لەهەموو حزب و هێزە كوردستانییەكان دەكەین لەپێناو ئەم ئومێدە گەورەیەی شەهیدەكانمان و خەڵكی كوردستان یەكڕیز بن و كوردستان بەرەو سەربەخۆیی ببەن، ئەگەر ئازادكردنەوەی شنگال بۆ ئێمەی كوردی ئێزیدی جەژن بوو ئەوا سەربەخۆیی كوردستان جەژنێكی زۆر گەورەترە و مانای دووبارەنەبوونەوەی كۆمەڵكوژییە.

* ئێوە وەكو كوردانی ئێزیدی چ داواكاری و پێشنیارێكتان هەیە، بەتایبەتی لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا؟
- ئازادكردنی شنگال و دەڤەرەكە بۆ ئێمە گرنگ بوو، بەڵام پاراستنی سەقامگیری و ئارامی و دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەش هەنگاوێكی گرنگترە، بەتایبەتی پێویستە هەمووان ئەو راستییە بزانن كە شنگال و دەڤەری كوردانی ئێزیدی پێش هاتنی داعشیش لەلایەن پارێزگای نەینەواو حكومەتی عێراقەوە پشتگوێ خرابوو، ئاستی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بەپێی پێویست نەبوو، كوردانی ئێزیدی لەناو سەنتەری شاری موسڵ كەوتنە بەر شاڵاوی رفاندن و كوشتن و دەركردن، هەربۆیە داواكارم لەسەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر گرنگی بەم دەڤەرە بدەن. لەلایەكی ترەوە مەسەلەی دامەزراندنی فەرماندەیی شنگال هەنگاوێكی گرنگ بوو، لەمەش گرنگتر دەركردنی ئەو هەموو گرووپ و تاقمە چەكدارییەیە لەناوچەكەدا بەتایبەتی چەكدارەكانی پەكەكە، چونكە ئێمە سەرەڕای سوپاسمان بۆ پەكەكە، بەڵام كارەكەیان تەواو بووەو ناكرێت ناوچەكەمان بۆ ئەجیندەی ئێران و یەكلاكردنەوەی ململانێ و شەڕەكانیان لەگەڵ سوپای توركیا بەكار بهێنن، كوردی ئێزیدی توانای ماڵوێرانی و دەربەدەری زیاتری نییە و ئەمڕۆ پێویستی بەخزمەتگوزاری و ئارامی و سەقامگیریی هەیە، بۆ ئەوەی چیتر خێزانە ئێزیدییەكان لەناو كۆمەڵگەو شاروشارۆچكەكانی كوردستان ئاوارە نەبن و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
* ئایا هاتنی ژمارەیەك لەگرووپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەكانی باشووری شنگال و نزیكبوونەوەیان لەسەنگەرەكانی پێشمەرگە لەم چوارچێوەیەدا دێت كە حكومەتی عێراق و ئێران دەیانەوێت هەژموونی مەزهەبی شیعە لەم ناوچەیە بسەپێنن؟
- ویستی تەماعكارانەی داگیركردنی خاكی كوردستان مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە، بەتایبەتی لەناوچەی شنگال، تاكو ئەمڕۆش ئەم ویست و ئامانجە دوژمنكارییانە بەشێوازو پاساوی جیاجیا بەردەوامی هەیە، هەربۆیە پێویستە لەم دوو مانگەی داهاتوودا جەنابی سەرۆك بارزانی گرنگیەكی زیاتر بدات بەو ناوچانەی كە بەخوێنی شەهیدان و پێشمەرگە و هەوڵ و كۆششی جەنابیان ئازاد كراون، چونكە گەڕانەوەی ئەم ناوچانە بۆ سەر خاكی كوردستان گەورەترین دەستكەوت بوو بۆ هەنگاونان بەرەو ریفراندۆم و سەربەخۆیی، ئەتوانم بڵێم لەگەورەترین كێشە رزگارمان بوو، ئەویش دیاریكردنی سنووری خاكی نیشتمان بوو، لەگەڵ عێراقی عەرەبی.
* چی بكرێت بۆ ئەوەی پەكەكەو حەشدی شەعبی ناوچەكە بۆ مەرام و ئەجیندەی دەرەكی بەكار نەهێنن و چیتر گێچەڵ بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان نەكەن؟
- عینادی و مانەوەی پەكەكە لەشنگال و چیای شنگال و سنونێ و خانەسور زیانێكی گەورەی بەكوردانی ئێزیدی گەیاندووە، جێگای داخە ئێستا پەكەكە بووەتە هۆكاری ناسەقامگیری و نائارامی لەدەڤەری شنگال، تەنانەت لەم دواییەشدا پەیوەندی لەگەڵ چەكدارەكانی حەشدی شەعبیش دروست كردووە كە ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ناوچەكانمان، تەنانەت ناوبەناو فڕۆكە سەربازییەكانی توركیا ناوچەكە بۆردومان دەكەن. لەمبارەیەوە هەڵوێستی كوردانی ئێزیدی دیارو لەبەرچاوە، ئەوەتا ئەنجومەنی رۆحانیی ئێزیدی و میری كوردانی ئێزیدی و سەرۆكی هۆزەكان و كەسایەتییە رۆشنبیر و ناسراوەكانی ئێزیدی هەموویان بەئاشكراو راستەوخۆ دژایەتی خۆیان بۆ بوونی پەكەكە لەم دەڤەرە نیشان داوە، ئەوان سوپاسی ئەو هاوكارییانەی پەكەكەیان كرد كە لەسەر چیای شنگال هاوكاری ژمارەیەك لە خێزانەكانیان كرد، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە خاكی كوردانی ئێزیدی داگیر بكەن و ناوچەكە راپێچی شەڕێكی كاولكار بكەن و بەرەو ماڵوێرانی زیاتری بەرن، هەروەكو چۆن بوونە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەك پێشمەرگەو دووبارە ئاوارەبوونی خێزانە ئێزیدییەكان، پەكەكە بەپێچەوانەی هاوكارییەكانی هێزی پێشمەرگە لەكۆبانێ جووڵایەوە، هەربۆیە ئێستا خەڵكی كوردی ئێزیدی لەگەمەی پەكەكە تێدەگات و رۆژ لەدوای رۆژ خەڵكێكی زیاتر دەستبەرداری پەكەكە دەبن، چونكە پەكەكە رۆڵی جێبەجێكاری داگیركەرانی كوردستان دەبینن، ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەیە پرسی سەربەخۆیی و مەسەلەی نەتەوایەتی شكستبهێنێت، بارزانیش ڕێگرە لەوەی كوردستان بۆ ئەجیندەو مەرامی مەزهەبی و ئیقلیمی بەكار بهێنرێت.
* بەڵام ئەو گرووپە چەكدارانە كە زۆربەیان بیانین لەناوچەكەدان هەندێك رەفتارو كاری نەشیاو دوور لەدابونەریتی كوردانی ئێزیدی و ئایینەكەیان جێبەجێ دەكەن، ئایا بۆچی لەلایەن ئێزیدییەكانەوە سنوورێك بۆ ئەو رەفتارو كارانە دانانرێت؟
- كوردی ئێزیدی خاوەنی دابونەریت و كەلتوور و ئایینی تایبەت بەخۆیانن، هەر شتێك پێچەوانەی ئەمە بوو بەكارێكی نەشیاو و دوور لەنەریتی كۆمەڵگەكەمان سەیردەكرێت، كوردی ئێزیدی بەبردنی منداڵ و كچی ئێزیدی بۆ شەڕەكانی منبج و رەقەو قەندیل و توركیا نیگەرانن، فریودانی لاوەكانمان و دوورخستنەوەیان لەماڵباتەكانیان بێ ئەوەی باوك و دایكیان سۆراغیان بزانێت شتێكی قێزەوەنە، داعشەكانیش كچ و منداڵەكانیان رفاندین و بەهەمان شێوە رەفتاریان كرد، راستە ئەنجومەنی رۆحانیی ئێزیدی و میری ئێزیدی و سەرۆك هۆزەكان داوایان لەپەكەكە كرد ناوچەكەیان بۆ شەڕو یەكلاكردنەوەی ئاژاوەو ململانێ بەكار نەهێنن، دەكرا رێگرتن لەرەفتارو كردەوەكانی پەكەكە بخرێتە قاڵبێكی ئایینی و نەتەوەیی و بگرە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێ ئاگادار بكرێتەوە، سەركردایەتی سیاسیی كوردستان هەڵوێستی توندی بەرامبەر ئەم گرووپ و تاقمانە هەبێت و سنوورێك بۆ نیگەرانییەكانمان بەرامبەر پەكەكە دابنایە.
* بەڵام پەكەكە ئیستغلالی ئەوەی كردووە كە جەنابی بارزانی رێگا نادات شەڕی كورد لەگەڵ كورد رووبدات، ئایا چی بكەین بۆ ئەوەی پەكەكە دەستبەرداری ئەو عینادییەی بێت و شەڕی كورد لەگەڵ كورد لەم قۆناغە هەستیارەدا روونەدات؟

- من دڵنیام سەرۆك بارزانی جارێكی تر رێگا نادات شەڕی ناوخۆ بۆ بەرژەوەندی وڵاتانی ئیقلیمی و عێراق هەڵگیرسێت، هەروەكو خۆی فەرموویەتی ئەگەر ئەمجارە كورد شەڕ بكات بۆ پارێزگاریكردن لەدەوڵەتی كوردستان شەڕ دەكات، بەهێزبوونی پەیوەندی نێوان هەردوو هێزی سەرەكی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێگرە لەبەردەم هەموو حزب و لایەنێكی سیاسی كە دەرفەت بقۆزێتەوەو پەلاماری بەشێكی كوردستان بدات، یاخود بەرامبەر سەربەخۆیی كوردستان رۆڵێكی خیانەتكارانەی هەبێت، لە لایەكی ترەوە ئەمڕۆ لەهەرێمی كوردستان هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا و وڵاتانی دۆست لەیەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی كەنداو بوونیان هەیە كونسوڵخانەو كۆمپانیاكان و تەنانەت سەربازەكانیشیان لەهەرێمی كوردستانەو لەزۆربەی بەرەكانی شەڕ بوونیان هەیەو مەشق بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن، دەبێت دیبلۆماسیەتی كورد هەموو راستییەكان و هەنگاو و پیلانەكانی وڵاتانی دوژمن و گرووپ و چەكدارەكانی پەكەكەو حەشدی شەعبی بگەیەنێتە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەوان دەتوانن سنوورێك بۆ ئەم دەستتێوەردانانە دابنێن بەتایبەتی لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی ریفراندۆم، ناكرێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی ئیرادەی نەتەوەیەك بووەستێت كە زیاتر لە سەدەیەكە كۆمەڵكوژ دەكرێت و مافەكانی پێشێل دەكرێت، من ناڵێم با شەڕ رووبدات، بەڵام كەسانێك لەناو پەكەكە هەیە درك بەو هەڵانە دەكەن كە سەرانی پەكەكە لەقەندیل دایدەڕێژن و ئەو هەموو كوڕ و كچە نیشتمانپەروەرە بۆ خزمەتی ئەجیندەی مەزهەبی و دەرەكی بەكار دەهێنن، بەتایبەتی دوای دەستبەسەركردنی ئۆجەلان و دووركەوتنەوەی پەكەكە لەهێڵی نەتەوەیی كە خۆی لەسەربەخۆیی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەبینێتەوە. بەڵام سیاسەت و رەفتاری پەكەكە بۆ هزری نەتەوەیی و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان نییە، تەنانەت ئەوان ئێستا پارێزگاری لە سنوورەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەن و بوونەتە رێگر لەبەردەم خەباتی كوردانی رۆژهەڵاتیش، پەكەكە شاروشارۆچكەو گوندەكانی كوردستانی باكووریان تێكداوە، تەنیا لەپێناوی ئەوەی كوڕ و كچ و گەنجەكانیان دوای سیاسەتە هەڵەكانی سەركردەكانی قەندیل بكەون، تۆ سەیری ئەم جیاوازییە بكە، باشووری كوردستان بووە مۆڵگەی دامەزراندنی هزری نەتەوەیی و گەیشتن بە خەونی گەورەی كوردان كە خۆی لەدەوڵەتی كوردستان دەبینێتەوە لەهەر چوار پارچەی كوردستاندا، بەڵام ئایا باكووری كوردستان لە پێناو چیدا وێران كرا، تەنیا لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەتێكی دیموكراتی بۆ تورك ئەوان گۆڕەپانیان لە باكووری كوردستانە، بەڵام ئەگەر چارە نەمێنێت ناچارین بەرگری لەخەڵكی كوردستان و كوردستانییەتی شنگال بكەین، زۆر لەخەڵكی ئێمە لەشنگال ناگەڕێنەوە لەبەر بوونی پەكەكەو رەفتارەكانی تەنانەت رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان و خێرخوازەكانی وڵاتانی جیهان لەو ناوچەیە هیچ پرۆژە و كارێك ئەنجام نادەن، چونكە پەكەكە لەسەر رێگاو شەقامە سەرەكیەكان بارەگاو مۆڵگەی داناوە و كەس نازانێت كێ لەگەڵ كێ دان و كێ سەرپەرشتییان دەكات و ئەو هەموو خەڵكە بیانییە لەم ناوچەیەدا چین، ئەمە تەنیا رەفتاری گرووپ و تاقمی تیرۆریستییە. پەكەكە ناچارە لەقۆناغی داهاتوو واز لە جێبەجێكاری سیاسەتی ئێران و عێراق و دیمەشق لە دژی نەتەوەی كورد بێنێت.


* باسی حەشدی شەعبیت كرد كە ئێستا هاتۆتە باشووری شنگال، ئایا بوونی حەشدی شەعبی لەو دەڤەرەو لەنزیك سەنگەرەكانی پێشمەرگە زیانی بۆ هەرێمی كوردستان چییە؟
- حەشدی شەعبی ئەو قەزا گەورەیەی تەلعەفەری بە 100 هەزار كەسەوە بەجێ هێشتووەو رووی لەدەڤەری ئێزیدیان لە شنگال كردووە، بەهەمان شێوە دەیەوێت چۆن لەخوارووی حەویجە سەنگەرو سەربازگەی داناوە، بەهەمان شێوە پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی حەویجە روو لە سەنتەری شاری كەركووك بكات، حەشدی شەعبی گرووپ و تاقمێكی چەكداری مەزهەبی سەر بە ئێرانن ئەوان بۆ جێبەجێكردنی ئەجیندەی ئێران و شیعە روویان لەناوچەكەمان كردووە، تەنانەت سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی حەشدی شەعبی لەچوونی بۆ باشووری شنگال بەقسەی منی نەكردووە، حەشدی شەعبی وەكو ئایین و نەتەوە باوەڕی بە كوردی ئێزیدی نییە، ئیتر چۆن خزمەتی ئێزیدییەكان دەكات، هەربۆیە ئەمڕۆ گەلەكەمان هۆشیارەو ئەو ژمارە كەمەی كوردی ئێزیدیش كە چووبوونە ناو حەشدی شەعبی ئێستا دەگەڕێنەوە، چونكە دەزانن ئەوان بەكار دەهێنرێن دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی و گەڕانەوەی شنگال بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بۆ بەغدا گرنگە ئێزیدی لە كوردو كوردستانی دوور بێت، تاوەكو ناوچەكانیان داگیربكەن و وردە وردە ئەو عەرەبانەی دەستیان لەكۆمەڵكوژی هەبوو، بگەڕێنەوەو خێزانە كوردەكان ئاوارەو دەربەدەر بن، بەپێچەوانەی هەرێمی كوردستانەوە كە پرسی كوردانی ئێزیدی بووە پرسێكی گرنگ و ستراتیژیی سەركردایەتی كورد، بەتایبەتی لای خودی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان. كوردانی ئێزیدی باوەڕی زۆریان بەسەرۆك بارزانی هەیە و منیش دڵنیام بەم نزیكانە سەرۆك بارزانی بە پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هاوسۆزیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو دۆستەكانمان ریفراندۆم ئەنجام دەدات و لەگەڵ بەغداش دانوستانەكان بۆ جێبەجێكردنی داخوازی گەلی كورد دەست پێدەكات و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش رێز لە ئیرادەی گەلی كورد دەگرێت.
Top