سەباح میر جاسم : كوردانی ئێزدی بە پیرۆزی و ئەمەكداری سەیری پەیڤ و بەڵێنەكانی سەرۆك بارزانی دەكەن و بە پشت و پەنای خۆمانی دەزانین

سەباح میر جاسم : كوردانی ئێزدی بە پیرۆزی و ئەمەكداری سەیری پەیڤ و بەڵێنەكانی سەرۆك بارزانی دەكەن و بە پشت و پەنای خۆمانی دەزانین
ئێزیدی جیا لەوەی كوردی رەسەنن و خاوەنی ئایینێكن كە بە زمانی كوردییه، دووجار بەهۆی نەتەوەو ئایینەكەیانەوە دووچاری چەوساندنەوە بوون. لەهەموو شۆڕشەكانی كوردستانیش رۆڵی گەورەیان هەبووەو لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان قوربانی زۆریان داوە. پشتگوێخستنی ناوچەكانیان لەلایەن حكومەتی عێراق و كۆمەڵكوژییەكەی ئەمجارەی داعش ئەوەندەی دیكە برینەكانیانی قووڵتر كردەوە، بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی ئێستای ئێزیدییەكان ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ سەباح میر جاسم كەسایەتی كوردی ئێزیدی سازكرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* كوردانی ئێزیدی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بەتایبەتی لە شۆڕشی ئەیلوول بەشداری و رۆڵی بەرچاویان بووە، ئایا هۆكاری ئەوە زیاتر بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- كوردی ئێزیدی بە درێژایی شۆڕشی رزگاریخوازیی كوردستان چ وەكو پێشمەرگە بێت، یا پاڵپشتیكردنی شۆڕش بێت، بەشدار و هاوكاری دۆزی رەوای نەتەوەكەی بووە، هەر ئەمەش هۆكاری سەرەكیی ئەو مەزڵوومییەت و قوربانیدانەی بووە كە كوردی ئێزیدی رووبەڕووی بوونەتەوە بە درێژایی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، كە زۆر كەسیان زیندانی كراون، لەسەر ماڵ و موڵكی خۆیان دەربەدەر كراون ئاوارە بوون و ناوچەكانیان پشتگوێ خراوە. كوردانی ئێزیدی لەئەنجامی بەشداریكردنیان لە شۆڕشەكانی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و مەلا مستەفا بارزانی لەلایەن فەرمانڕەواكانی حكومەتی بەغداوە بە توندی سزا دراون، واتە باجی كوردایەتییان داوە، ئەو سەركردە گەورانەی كوردیش رێزیان لە هەموو پێكهاتەكانی كوردستان گرتووە و موسڵمان و كوردی ئێزیدی و مەسیحی وەكو برا پێكەوە ژیاون. هەربۆیە كاتێك داعشەكان كوردی ئێزیدییان كۆمەڵكوژ كرد لەشنگال، برا كوردەكانیان دەرگای مزگەوت و ماڵ و شوێنە گشتییەكانیان بە روویاندا واڵاكرد و فریایان كەوتن و بەو پەڕی دڵسۆزییەوە هاوكارییان كردن، دواتر هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ رزگاركردنی شنگال زیاتر لە 700 شەهیدیان دا.
* سەرۆك بارزانی بەڵێنی بەكوردانی ئێزیدی دا كە شنگال ئازاد بكات، ئایا تاچەند جێبەجێكردنی بەڵێنەكەی ئێوەی دڵخۆش كرد؟

- كوردانی ئێزیدی بەشێوەیەكی پیرۆز و ئەمەكداری تەماشای جەنابی بارزانی سەرۆكی كوردستان دەكەن، پەیمان و پەیڤەكانی سەرۆك بارزانی بە گەورەترین پشتگیری بۆ خۆیان دەزانن، كاتێكیش جەنابیان بەڵێنی پێداین كە تۆڵە لە داعشەكان دەكاتەوەو شنگال رزگار دەكات، هەر ئەو كاتە ئەنجومەنی رۆحانی ئێزیدی و سەرۆك هۆز و میرەكانی ئێزیدی زانیمان كە بە نەخشەڕێگایەكی تۆكمە شنگال رزگار دەبێت، هەرواش بوو بەسەرپەرشتی راستەوخۆی جەنابی بارزانی و پاڵەوانێتی هێزی پێشمەرگە و هاوكاری هاوپەیمانان شنگال ئازاد كرا، ئێمە هەرگیز شەهید بوونی 700 پێشمەرگەی قارەمان لەبیر ناكەین كە بەخوێنی خۆیان شنگالیان لەدەست گەورەترین هێزی تیرۆریستیی جیهان رزگار كرد و تۆڵە لەداعشەكان كرایەوە، هەربۆیە شەهیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان سیمبولی هەموو پێكهاتەو ئایین و ئایینزاكانی كوردستانن و خوێنی ئەو شەهیدانە بووە تاجی سەری هەموومان و هەر لەسایەی ئەوانیشدا دەگەینە خەونە مەزنەكەمان كە سەربەخۆیی كوردستان و گەڕانەوەی كەركووك و شنگال و تەواوی خاكی كوردستانە، چونكە دەوڵەتی كوردستان بەبێ ئەم ناوچانە نابێت و كوردانی ئێزیدی جارێكی دیكە ناتوانن لەگەڵ ئەو عەرەبانە بژین كە لەگەڵ داعش پێكەوە پەلاماریان دان.
* بەڵام ئێستاكە بەهۆی بوونی پەكەكە و حەشدی شەعبی ئاڵۆزی كەوتووەتە ناوچەی شنگال و تا ئەو گرووپە چەكدارە بیانییانە لەوێ بن، شنگال ئاوەدان ناكرێتەوە، ئایا ئێوە وەكو كەسایەتی و كوردی ئێزیدی داواكاریتان چییە بۆ ئەوەی ئەو هێزانە بەبێ شەڕ ناوچەكە جێبهێڵن و نەبێتە شوێنی ململانێی تائیفی و ئیقلیمی؟
- پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، پێویستە هەمووان ئەو راستییە بزانن، كە پشتگوێخستنی عێراق و خیانەتی زۆر لە هۆزە عەرەبییەكانی ناوچەكە وایكرد، داعش كچان و ئافرەتانمان بڕفێنن و كوڕ و پیاوەكانمان بكوژن، هەربۆیە ئێمەش پاڵپشتی لە قسەكەی سەرۆك بارزانی دەكەین كە ئەگەر داوا نەكرێت، شنگال بێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، ئەوە گەورەترین خیانەت لە خوێنی شەهیدان و ئەو ئافرەتە بەدیلگیراوانە دەكرێت، ئیتر چۆن دەبێت ژمارەیەكی كەمی كوردی ئێزیدی كە چوونەتە ناو پەكەكەو حەشدی شەعبی بڵێن شنگال عێراقییە، ئەوانەی چوونە ناو حەشدی شەعبی بەهۆی ئیستغلالكرنی دۆخی خراپی بژێوی ژیانیان بووە كە لەلایەن ئەو هێزانەوە بوونە وەكیلی ئێران و گرووپە چەكدارەكانی شیعە، ئەویش تەنیا لەپێناو دژایەتیكردنی گەڕانەوەی شنگال بۆ سەر هەرێمی كوردستان و رانەگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستانە كە ئەو هەموو پارەو بودجەیەیان بۆ تەرخان كردووە، ئێمە سوپاسی هاوكاری پەكەكە دەكەین، بەڵام خۆناگرێت تا ماوە ناوچەكەمان چۆڵ نەكەن و داگیری بكەن و ئارام و ئاوەدان نەبێتەوە، لەلایەكی دیكەوە ئەوەی مەرجەعییەتی رۆحانی دەیڵێت، ئەوە بڕیاری سەرەكی و كۆتایی هەموو كوردانی ئێزیدییە، بۆیە زۆر جێگای داخە كە پەكەكە عینادی دەكات و بە فەرمانی دوژمنانی كورد لە شنگال كێشە دروست دەكات، هەربۆیە ئێمە داواكاریمان ئەوەیە پەكەكە شنگال چۆڵ بكات و شنگال ببێتە پارێزگایەك لەسەر هەرێمی كوردستان. ئەگەر پەكەكە راست دەكات، بابچێت گوندێكی باكووری كوردستان ئازاد بكات، فریودانی خەڵكی بە پارە تاسەر بۆ كەس ناچێتە سەر، ئەوەتا زیاتر لە 600 كوردی ئێزیدی كە ببوون بە پەكەكە پەشیمان بوونەوە و گەڕانەوە ناو هێزی پێشمەرگەی كوردستان، چونكە بۆیان دەركەوت رزگاركردنی ناوچەكانیان و پاراستنیان تەنیا بە سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە دەكرێت.

* پێتوایە دەبێت چی بكرێت بۆ ئەوەی خەڵكی شنگال لە بەڵای پەكەكە رزگار بكرێن؟
-پەكەكە هێزێكی نامۆیە بە ناوچەكە و داردەستی حەشدی شەعبی و ئێرانە، ئەگینا چۆن هێزێكی كوردی داوادەكات شنگال لەكوردستان داببڕێت؟ هەربۆیە ئەوان ئامادە نین بە ئاشتی ناوچەكانمان چۆڵ بكەن، تەنانەت پەكەكە وەڵامی داواكارییەكەی جڤاتی رۆحانیی ئێزیدی و میری ئێزیدی و كەسایەتی و رۆشنبیران و خەڵكی كوردی ئێزیدیشی نەدایەوە بەوەی بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێنەوە، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت كە پەكەكە دەمێكە چاوەڕێی هەلێكی وایە كە كورد لێی بقەومێ و ئەجیندای دوژمنانی كورد جێبەجێ بكات، هەر بۆیە پێش هەموو شت پێویستە هێزەكانی كوردی ئێزیدی لەناو ریزەكانی فەرماندەیی شنگال زیاتر بكرێن، چونكە پاراستنی شنگال بۆ كوردستان گرنگە، ئەگەر كەركووك دڵی كوردستان بێت، ئەوا شنگال خوێنی ئەو دڵەیە.
* ئەی چۆن دەڕواننە ئەو گرووپە چەكدارانەی بەناوی حەشدی شەعبی هاتوونەتە باشووری شنگال و لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە نزیك بوونەتەوە؟
- ئەو هێزانە بەناو عێراقین و لە چەند گرووپێكی چەكداری و میلیشیا پێكهاتووە و بە فەرمی هێزی سەربازی عێراقی نین، بگرە لەسەر داوای ئێران و مالیكی هاتوونەتە ناوچەكانمان، ئەوان پێشێلی ئەو رێككەوتنەشیان كرد كە دەبووایە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەگەڵ هێزەكانی سوپای عێراق ئەو ناوچانە ئازاد بكەن، حەشد رێككەوتنەكەیان شكاندو پەلاماری ئەو شوێنانەیان داو سارتەریان لێداوەو ناوچەكەیان دابەش كردووە، ئەگەر عێراق و هاوپەیمانەكان هێزەكانی حەشد دوورنەخەنەوە و نەگەڕێنەوە ئەو شوێنانەی عێراق كە لە ساڵی 2016 لەگەڵ پێشمەرگە لەسەری رێككەوتبوون، ئەوا ئاڵۆزی روودەدات، ئەمەش درێژەی ئەو ئاڵۆزییانەیە كە پێشتر پەكەكە لە خانەسوورێ دروستی كرد. هەمووی لەپێناو ئەوەدایە ناوچەكە ئاوەدان نەكرێتەوەو دامودەزگا حكوومی و ئیدارییەكان دەست بەكار نەبنەوەو لە رۆژی ریفراندۆم و هەڵبژاردن هاووڵاتیانی ئەم ناوچانە دەنگ بە كوردبوون و كوردستانیبوونیان نەدەن. دروستكردنی حەشدی شەعبی و هاتنیان بۆ ناوچە سوننەكان و جێگیربوونیان لە شنگال و ناوچەكانی سەر سنووری سووریا بۆ ئەو رێڕەوە مەزهەبییەی ئێرانە و دژی خواستە رەواكانی گەلی كوردە، تەنانەت دەستكاری لاشەی شەهیدەكانمانیان لەناو گۆڕە بەكۆمەڵەكانی تەلعوزیر و كۆچۆش كردووە، لەكاتێكدا پێویستە ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە بپارێزرێن و بەشێوەی یاسایی و زانستی هەڵبدرێنەوە، نەك بۆ كاری رێكلام وێنەی لەگەڵدا بگیرێت و دەستكاری ئێسك و پرووسكەكان بكرێت. ئێمەی كوردی ئێزیدی باش دەزانین تا جەنابی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە هەبێت، هیچ هێزو تاقمێكی چەكدار بە هاوشێوەی داعش ناتوانێت لەناو خاكی كوردستان بمێنێتەوە، ئەوەتا فەرماندەیی شنگال و خەڵكی شنگال دەنگی خۆیان هەڵبڕیوەو داوادەكەن حەشدی شەعبی و پەكەكە ناوچەكانیان چۆڵ بكەن، ئەگینا پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان و هێزەكانی هاوپەیمانان لەمە ئاگادار بكرێنەوەو داواكاری و خواستی خەڵكی ناوچەكە بگەیەندرێتە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان و ئەو هێزو گرووپە چەكدارانە زیاتر ریسوا بكرێن. بۆ ئەمەش تێكڕای كوردانی ئێزیدی و جڤاتی رۆحانی و میری ئێزیدییان و رۆشنبیرو كەسایەتی و سەرۆك هۆزەكانی ئێزیدی هەموو پێكەوە داوایان لە سەرۆك بارزانی و لایەنە سیاسییەكان كردووە، رێگە نەدەن جارێكی دیكە كوردی ئێزیدی كۆمەڵكوژ بكرێن و ناوچەكانیان نەكەنە شوێنی ململانێی تائیفی و ئیقلیمی، بەهیچ شێوەیەكیش ئەو لایەن و گرووپ و حزبانەیان ناوێت كە رێز لەخاكی شنگال ناگرن و داوای گەڕانەوەی بۆ سەر هەرێمی كوردستان ناكەن.

* كوردانی ئێزیدی خاوەن دابونەریتێكی تایبەتن و رێزێكی زۆر بۆ مێژوو، ئایین و خێزان دادەنێن، پرسیار ئەوەیە ئایا خێزانەكانی كوردی ئێزیدی چۆن دەڕواننە رەفتارەكانی پەكەكە كە كچان و مێرمنداڵان دەكاتە چەكداری خۆی؟
- دابونەریتی كوردانی ئێزیدی رێگە بەوە نادات كچەكانیان لە تەمەنی بچووك و مێرمنداڵی دوور لەماڵباتیان بن، چ جای ئەوەی چەكدار بكرێن، وەكو ئەوەی پەكەكە دەیكات. ئێمە سوپاسی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی دەكەین كە لە رێگەی لێژنەیەكی تایبەتەوە بودجەیەكی گەورەی بۆ رزگاركردنی كچ و ئافرەتی كوردی ئێزیدی تەرخان كرد. لە دابونەریتی ئێزیدا، جێگاو شوێنی كچان و ئافرەتانمان دیارەو بەپیرۆزو هاوبەشی ژیان تەماشایان دەكەین، مایەی شەرمەزارییە كچانی كوردی ئێزیدی ببرێنە سووریا و پشتێنی بە مۆمب چێنراویان لەبەر بكەن و لە مینبج بیانتەقێننەوە، ئەم رەفتارەی پەكەكە هیچی كەمتر نییە لەوەی چەكدارانی داعش دەرهەق بە خێزانە ئێزیدییەكان كردیان و كچ و ئافرەتانیان رفاندین، خێزان لای ئێزیدییەكان بەهاوشێوەی پێكهاتەكانی تری كورد پیرۆزیی خۆی هەیە و منداڵەكانمان دوورناخەینەوەو منداڵ رفاندن و فریودانیان شتێكی زۆر قێزەوەنە، هەندێك كچی ئێزیدییان بردووە بۆ قەندیل بێ رەزامەندی خێزانەكانیان بووە، ئەمانە پێش ئەوەی دژی یاسا و عورفە نێودەوڵەتییەكان بن، دژی دابونەریت و پیرۆزیی خێزانی كوردن، ئێمە كاتێك كچ و كوڕمان دەبێتە پێشمەرگە، دەبێت رەزامەندی خێزانەكانیان وەربگرن، كەچی پەكەكە رێگاش نادات شەڕەڤانەكانی پەیوەندییان لەگەڵ خێزانەكانیان هەبێت، بگرە تەلەفۆن و مۆبایلیشیان لێ قەدەغە كردوون، تەنانەت هەركەسێك بچێتە ناو پەكەكەو واز بهێنێت، بەخائینی دادەنێن.
* حەشدی شەعبی بەناوی رزگاركردنی ئەو ناوچانە لەداعش روویان لە باشووری شنگال كردووە، ئایا كوردی ئێزیدی بڕوا بەم پاساوانە دەكات؟
- پێش هاتنی داعشیش حكومەتی عێراق تەواوی مافەكانی كوردی ئێزیدی پشتگوێ خستبوو، لەكوشتن و ماڵوێرانی و دەربەدەری زیاتر هیچمان لە عێراق دەست نەكەوتووە، تەنانەت تا ئێستاش حكومەتی عێراق ئامادە نەبووە لە پەرلەمانەكەی كارەساتی كوردانی ئێزیدی بە جینۆساید بناسێنێت، لە ئاوارەییشدا هاوكاری و یارمەتی نەكردین و ئێمەی بە هاووڵاتی عێراق نەزانیوە، ئەوان مەینەتی و خراپیی باری دارایی كوردەكانیا ئیستغلال كردووە و خەڵكێكی كەمیان فریو داوە و بوون بە حەشدی شەعبی. ژمارەیەكی زۆری كوردانی ئێزیدی لە ناچاری چوونە دەرەوەی هەرێم و لە وڵاتانی ئەوروپا نیشتەجێ بوون، ئەگەر پەكەكەو حەشد ئەو ناوچانە چۆڵ نەكەن، بێگومان ئەوەندەی دیكە خەڵكی ئەو ناوچانە لە ئارامی ناوچەكانیان و گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بێ ئومێد دەبن.
Top