جێری مایكڵ فرەشتەین : بێگومان پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و كوردستان بەشێكی گرنگی ستراتیژیەتی ئەمەریكا بووە لە عێراقدا

جێری مایكڵ فرەشتەین : بێگومان پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و كوردستان بەشێكی گرنگی ستراتیژیەتی ئەمەریكا بووە لە عێراقدا
جێری مایكڵ فرەشتەین، بەڕێوەبەری سەنتەری كاروباری كەنداوە لە ئامۆژگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە وەك ئاسایش و دیپلۆماسییەت و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا، پێشتر باڵیۆزی ئەمەریكا بووە لە یەمەن، هەروەها یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بووە بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك، بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو رێچكەیەی پێشبینی دەكرێت ئیدارەی ئێستای ئەمەریكا لە ئاست ئاڵۆزی و قەیران و تەحەددییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بیگرێتەبەر، هەروەها بۆ شرۆڤەكردنی چەند بابەتێكی دیكەی پێوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا كە ناوەڕۆكەكەی بەم شێوەیە بوو.
* ئایا پێتانوایە هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چی دەبن و تاچەند لەو باوەڕەدان كە سیاسەتێكی جیاوازتر لە سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما بگرێتەبەر لە ئاست ئەم ناوچەیەدا؟
- لە رێی وردبوونەوە لە گوتارەكانی ترەمپ، هەروەها لە رێی تێڕامان لە چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی ترەمپ بۆ تەحەددی و كێشەكان، ئەوا دەتوانین پێشبینی ئەوە بكەین كە ئەو رێگاچارەیەی ئیدارەی ترەمپ دەیگرێتەبەر زۆر جیاواز دەبێت لەو رێگاچارەیەی ئۆباما پیادەی كرد، بەڵام چۆن ئەمە دەبێتە سیاسەت و پیادە دەكرێت و ئایا ئامانجەكانی چی دەبن؟ ئەوا هێشتا دڵنیا نین لەبارەیانەوە و هێشتا زووە ئەمە یەكلابكەینەوە.
* ئایا ئامانجەكانی سیاسەتی ئەمەریكا لە ئاست ناوچەكەدا هیچ گۆڕانكارییان بەسەردا دێت؟
- بە باوەڕی من ئەو ئامانجانانەی كە ئیدارەی ئۆباما دیاریكردن بۆ ئەم ناوچەیە، پاراستنی هاوپەیمانەكان، رێگریگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی كۆمەڵكوژو دڵنیابوون لە هەناردەكردنی نەوت بە بێ رێگری لەم ناوچەیەوەـ هەروەها بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، وەك پایە سەرەكییەكانی سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ئەمەریكا لە ئاست ئەم ناوچەیەدا دەمێننەوە.

* بەڵام پێدەچێت لە ئاست ئێراندا سیاسەتێكی توند بگرێتەبەر، ئایا ئەمە راستە؟
- بە دڵنیاییەوە، پێدەچێت ئیدارەی ئەمەریكا ئامادەی تەحەددیكردنی ئێران بێت لەو پرسانەدا كە پێوەندیدار نین بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە، سەبارەت بەو رێككەوتنەش ئەوا كاردەكەن بۆ ئەوەی سەرجەم بڕگەكانی ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكرێن، بەڵام پێناچێت هەندێ لەو هەنگاوانە هەڵبگرن كە پێشتر تاوتوێكران، وەك كشانەوە لە رێككەوتنەكە، یان دووبارە گفتوگۆكردن لەبارەیەوە، واتە پێناچێت ئەم ئەگەرانە لە ئارادا مابن، بەڵام پێدەچێت ئیدارەی ئەمەریكا توندتر بێت لە ئاست رەفتارەكانی ئێران لە یەمەن و سووریا.

* ئاشكرایە كە هەر بەرەوپێشچوونێكی سەربازی لە شەڕی داعشدا پێویستە هاوشان بێت بە بەرەوپێشچوونی سیاسی و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە لە بنەڕەتدا بوونەهۆی سەرهەڵدانی داعش و گروپە هاوشێوەكانی، كەواتە ئایا پێویست ناكات ئەمەریكا كار لەسەر ئەم بوارەش بكات و هەوڵی هێنانەدی سەقامگیری سیاسی لە عێراقدا بدات؟
- بە دڵنیاییەوە، واتە دەبێت تێگەیشتنێكی بەربڵاوترمان هەبێت بۆ سروشتی هەڕەشەی تیرۆر و بۆ ئەو پاڵنەرانەی خەڵكی بە ئاڕاستەی توندوتیژی توندڕەوانەدا دەبەن، كە لەم رووەوە گرنگە بایەخ بە دامەزراوەكانی حوكمڕانیی سەقامگیر بدرێت، لەگەڵ دەستەبەركردنی خۆبەڕێوەبەری مەحەلی و پێدانی دەسەڵاتی زیاتر پێیان بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانیان، واتە هەموو ئەمانە گرنگن نەك تەنیا بۆ تێكشكاندنی داعش، بەڵكو بۆ ئەوەی دڵنیابیت لەوەی كە لە چەند ساڵی داهاتوودا بە ناوی جیاوازەوە رووبەڕووی هەمان كێشە و هەڕەشە نەبیتەوە.

* بەڵام ئاشكرایە كە حكومەتی عێراق زۆر سەركەوتوو نەبووە لە هەڵگرتنی ئەم هەنگاوانە؟
- راستە، بەڵام هێشتا ئێمە گەشبینین بەوەی بەڕێز عەبادی بتوانێت هەندێ گۆڕانكاری بكات، ئەگەرچی ئێمە دەزانین كە رووبەڕووی چەندین كێشە و تەحەددی جیاواز بۆتەوە، وەك تەحەددی سیاسی و ناكۆكی تایفەگەری لە نێوان شیعەو سوننە، هەروەها جیاوازی ئیتنی لە نێوان كورد و عەرەبدا. هەروەها رووبەڕووی تەحەددی ئابووریش بۆتەوە، بەهۆی ئەو تێكشكان و كاولكارییەی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا رووبەڕووی عێراق بۆتەوە. كە ئاوەدانكردنەوەشی بە ملیارەها دۆلاری پێویستە بۆ ئەوەی ئابووری و كۆمەڵگەی عێراق بخەنە بارێكی سەقامگیرەوە لە ئایندەدا.
* ئێوە ئاماژەتان بەو تەحەددییانە كرد كە زۆر دژوارن، ئایا پێتوایە ئایندەی ئەم وڵاتە بە چ ئاڕاستەیەكدا دەڕوات؟
- پێموایە ئومێدی هێنانەئارای ئایندەیەكی گەشەكردووی سەقامگیر لە عێراقدا بەندە بە سەركەوتنی كۆمەڵگەی عێراقی و خەڵكی عێراق و بە دۆستەكانیان لە نێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بۆ ئەوەی زۆرێك لەو تەحەددییانە چارەسەر بكەن، ئەمە گومان هەڵناگرێت.

* رۆڵی كورد لە عێراقدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا ئەوەیان لێ چاوەڕوان دەكرێت كە ببنە هێزێكی سەقامگیركەر لە عێراق و لە ناوچەكەشدا بەگشتی، بەتایبەتی كە كورد نەبۆتە بەشێك لە كێشەو ناكۆكییە تایفەگەرییەكە و نەكەوتۆتە ژێر باڵادەستی ئێرانەوە؟
- بە دڵنیاییەوە ئێمە خوازیارین ئەمە رووبدات، بێگومان پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و دۆست و شەریكەكانی لە كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بەشێكی گرنگی ستراتیژیەتی ئەمەریكا بووە لە عێراقدا. هەروەك دەزانن ئەمەریكا پشتیوانییەكی بەهێز لە یەكگرتوویی عێراق دەكات، بەڵام عێراقێك بتوانێت كە خۆبەڕێوەبەری لەسەر ئاستی مەحەلی دەستەبەر بكات و بوار بە خەڵكی بدات بۆ ئەوەی شێوازی ژیانی خۆیان هەڵبژێرن لە رووی ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە. لەبەر ئەوە ئێمە ئومێدەوارین و گەشبینین كە كورد درێژە بە رۆڵی ئیجابی خۆیان بدەن لە بنیادنانی عێراقێكی بەهێز و سەقامگیردا.

* ئەی چۆن لە ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی كوردی دەڕوانن؟
- لە روانگەی ئەمەریكاوە دروستبوونی ئەم دەوڵەتە نابێتە هۆكارێك بۆ هێنانەئارای سەقامگیری و ئاسایشی زیاتر لە ناوچەكەدا و دەبێتەهۆی دروستبوونی تەحەددیی نوێ لە نێوان پێكهاتەكانی نێو عێراقدا، هەمیشە تێڕوانینی ئێمە ئەوە بووە كە عێراقێكی یەكگرتوو نەك دەرئەنجامێكی باشە بۆ عێراق، بەڵكو بۆ تەواوی ناوچەكەش باشەو لەو باوەڕەدا نیم كە ئەمە گۆڕانكاری بەسەردا بێت.
* چۆن لە پەرەسەندنەكانی دۆخی سووریا دەڕوانیت، بە تایبەتی كە ئێستادا پێدەچێت هیچ لایەك پێداگیری لەسەر لابردنی ئەسەد لە دەسەڵات نەكات و هەمووان بە مانەوەی رازی بن؟
- بە تێڕوانینی من تاوەكو بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا بێت، ئەوا ئاسایش و ئارامی لە سوریادا بەدی نایەت، من دەزانم كەسانێك هەن لە نێو ئیدارەی ئەمەریكادا كە پێیانوایە دەبێت ئەولەویەتی یەكەم شەڕكردن بێت لە دژی رێكخراوە تیرۆریستییە توندڕەوەكان، بەتایبەتی داعش، بەڵام من لەو باوەڕەدا نیم هیچ كاتێك بەشار ئەسەد ببێتە شەریكی راستەقینە بۆ شەڕكردن لە دژی توندڕەوی. كەواتە پێموایە لە كۆتاییدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە بۆ هێنانەدی سەقامگیری لە سووریادا پێویستە گۆڕانكاری لە دەسەڵاتی دیمەشقدا بكرێت.

* بەڵام ئێمە دەبینین كە توركیاش لە نزیكەوە كار لەگەڵ رووسیادا دەكات، ئایا پێتوایە ئەم هەماهەنگییە ببێتەهۆی خێراتركردنی هەوڵەكانی تێكشكاندنی داعش لە سووریا؟
- من دووبارەی دەكەمەوە بەشار ئەسەد بە سەدان هەزار خەڵكی وڵاتەكەی كوشتووەو بە ملیۆنەها كەسی ئاوارە كردووە، ناكرێت شەڕی رژێمی سووریا لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی توندڕەوانە جیا بكەیتەوە. لەبەر ئەوە ناتوانین داعش لە سووریا تێكبشكێنین تاوەكو گۆڕانكاری لە رژێمی سووریادا دروست نەبێت.
* ئاشكرایە كە ئیسرائیل و سعودیە، ئێران بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان لە قەڵەم دەدەن، ئایا تا چەند ئەمە دەبێتەهۆی لێكزیكردنەوەی ئەو دوو وڵاتە لە یەكتری؟
- بێگومان ئەم دوو وڵاتە بۆچوون و تێڕوانینی هاوشێوەی یەكیان هەیە لەسەر هەندێ پرسی دیاریكراو، زەقترینیان پرسی ئێرانە، ئەویش نەك تەنیا لە پێوەندی بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە، بەڵكو بەو ناسەقامگیرییەی ئێران لە ناوچەكەدا دروستی دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێموانییە جۆرێك لە هاوكاریی رەسمی لە نێوانیاندا بێتەئاراوە، تاوەكو كێشەی فەلەستین و ئیسرائیل چارەسەر نەكرێت.

* پێشبینییەكانت بۆ ئایندەی ئەم ناوچەیە چییە؟
- لە راستیدا باشترین دەرئەنجامێك كە پێشبینی بكەین ئەوەیە ئەمەریكا پێوەندییەكی بەهێزتری هەبێت لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەكانی لە ناوچەكەدا، بەتایبەتی لە كەنداوی عەرەبی و میسر و شوێنەكانی دیكە، واتە جارێكی دیكە ئەمەریكا رۆڵی سەرەكی ببینێت لە پەرەپێدانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا و بۆ كەمكردنەوەی مەترسیی ئێران، بۆ ئەوەی ئێران ببێتە هێزێكی ئیجابی و بنیادنەر بۆ سەقامگیری و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها چارەسەری كێشەی توندڕەوی بكرێت، بەتایبەت لە سووریا و عێراق و چارەسەری شەڕی ناوخۆیی یەمەن بكرێت. خراپترین دەرئەنجامیش ئەوەیە ئەمەریكا سەركەوتوو نەبێت لە دروستكردنی ئەو پێوەندییە ئیجابییانە و ئەو پشێوییەی ئێستاش بەردەوام بێت و دووبارە ناسەقامگیری سیاسی و توندوتیژی توندڕەوانە درێژە بكێشن و سەرهەڵبدەنەوە.
Top