دەنیس سۆلیڤان : ترەمپ دەیەوێت بیسەلمێنیێت ئەوەی لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن گوتوویەتی هەمووی جێبەجێ دەكات
February 18, 2017
دیمانەی تایبەت
دەنیس سۆلیڤان خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە زانستی سیاسی لە بواری سیاسەتی بەراوردكاری و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە وەك ئەمەریكا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، حكومەت و سیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەڕێوبەری سەنتەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ ئاشتی و كەلتوور و پەرەپێدان. بۆ قسەكردن لەسەر ئەو بڕیارانەی ئەم دواییە دۆناڵد ترەمپ واژۆی كردن بەتایبەتی لە پێوەندی بە قەدەغەكردنی چوونی هاووڵاتیانی چەند وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەمەریكا، هەروەها ئەگەرەكانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ئەمەریكا لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو بەمجۆرە راوبۆچوونەكانی دەربڕی.* تێڕوانینتان چییە لەبارەی ئەو بڕیارانەی بەم دواییە لەلایەن سەرۆك ترەمپەوە واژۆ كران، بەتایبەتی قەدەغەكردنی چوونی هاووڵاتیانی حەوت وڵات بۆ ئەمەریكا؟
- لە راستیدا تووڕەییان لای من دروست كرد، ئەمە شتێكی ناڕەوا و نادادپەروەرانەیەو ئاماژەیە بە ئیسلامۆفۆبیا و ئەمە دژی موسڵمانان و دژی عەرەبەكان و دژی ئێرانییەكان و دژی هەموو شتێكە. هەروەها ئەمە كارێكی گەمژانەیە، چونكە نابێتەهۆی چارەسەركردنی ریشەیی ئەو نیگەرانییانەی كە خۆی باسیان لێوە دەكات و پەیوەستن بە شەڕكردن لە دژی تیرۆریزمەوە. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە رق و تیرۆری زیاتر لە دژی ئەمەریكا پەرەپێبدات. لە راستیدا ئەو حەوت وڵاتە، وڵاتی گرنگن، لە نێویاندا عێراق بەتایبەتی، كە ئێمە دەزانین زۆرێك لە عێراقییەكان ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە لە پێناو ئەمەریكادا لەشەڕەكەی عێراقدا –ئەگەرچی هەر لە بنەڕەتیشەوە شەڕێكی باش بوو-، ئێستاش ئێمە دیێن و پێیان دەڵێین كە چیتر ئەوە بایەخی نییە لای ئێمە. كەواتە لە مەودای كورتدا هەنگاوێكی زۆر خراپە و ورووژێنەری رق و قینە و دژ بە ئیسلام و موسڵمانانە، لە دوورمەوداشدا دەبێتەهۆی لاوازكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە جیهانی ئیسلامیدا و لاوازكردنی بەهاكانی ئەمەریكاش. كەواتە لە ئێستادا ئەمەریكا لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر دابەش بووە، كە من ئومێد دەكەم زیاتر یەكگرتوو بێت لە سایەی ئەم سیاسەتە رقئامێزەدا. لەلایەكی دیكەوە ئەو ناڕەزایەتییانەی كە لە ناوخۆیی ئەمەریكادا دروست بووە – لە ئاستی ئەم بڕیارانەدا- مایەی دڵخۆشین و من ئومێدی دەكەم زۆرینە یاخود زۆرینەی زۆری ئەمەریكیەكان بەرهەڵستی ئەم جۆرە سیاسەتە بكەن.
* پێتوایە هۆكار و پاڵنەرە سەرەكییەكانی دەركردنی ئەم بڕیارانە چین؟
- پێموایە بەشێكی پەیوەستە بە بەڵێنەكانی دۆناڵد ترەمپەوە لە سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا، واتە دەیەوێت بیسەلمێنێت كە هەر كاتێك شتێكی وت، ئەوا بە كردەوە جێبەجێی دەكات، ئەگەرچی ئەو بەردەوام لێدوانی دژ بە یەك دەدات، مەبەستم ئەوەیە لێدوانی پێش خۆی رەتدەكاتەوە، واتە بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە دەیەوێت بەڵێنەكانی بەرامبەر ئەو خەڵكە جێبەجێ بكات كە پشتیوانییان لێكردووە. بەشێكێشی بۆ كەسێكی وەك ستێڤ بانەن دەگەڕێتەوە كە كەسایەتیی شەڕانگێز و تاریكی هەیە كە نوێنەرایەتی دەنگە ئایدیۆلۆژییەكە و پێموایە و دەسەڵاتی بێدەنگە لە پشت دەسەڵاتی ئەمەریكاوە، ئایدیۆلۆژیا و گوتارەكانی ستێڤ بانەن كە كەسێكە دژی موسڵمان و دژی جوولەكە و دژی زۆر شتی دیكەیە، بوونەتە پاڵنەری ئەم سیاسەتە. كەواتە ئەم دوو هۆكارە سەرەكییە لەئارادان، ئایدیۆلۆژیای ستێڤ بانەن- كە مەرج نییە ئایدیۆلۆژیای ترەمپ بن-، لەگەڵ بەڵێنەكانی ترەمپ لە كاتی هەڵبژاردندا كە دەیەوێت بڵێت فەرموو ئەوە بەڵێنەكانم جیێبەجێ كردو ئێستاش سەرقاڵی جێبەجێكردنی كاری دیكەم.
* ئایا پێتوایە ئەم سیاسەتانە سەركەوتوو دەبن و درێژە دەكێشن؟
- ئەگەر بە راشكاوی بدوێم، من نازانم چۆن پێناسەی سەركەوتن بكەین، چونكە ئەگەر دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت جیهان لە خۆی دووربخاتەوە، ئەوا هەر لە ئێستاوە سەركەوتنی بەدەست هێناوە، كە پێموایە ئەو هێزێكی تێكدەرەو هێزێكی رادیكاڵی شۆڕشگێڕانەیە و تەنیا دەیەوێت پەرە بە ناسەقامگیری بدات بۆ سوودی خۆی، چونكە تاوەكو رەوشی جیهان لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت، ئەوا جیهان پتر ناسەقامگیر دەبێت بەهۆی سیاسەتە جۆراوجۆرەكانیەوە، ئەوا ئەو خۆشحاڵتر دەبێت، لەبەر ئەوەی دەتوانێت بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی چەندین كردەوەی شەڕانگێزانە، پێموایە ئەمە سەركەوتنە لە تێڕوانینی ئەودا. بەڵام ئایا درێژە دەكێشن، من پێموا نییە، چونكە متمانەم بە خەڵكی ئەمەریكا و بە سیستمی دادپەروەری و سیستمی قەزائی هەیە لەم وڵاتەدا. لەبەر ئەوە ئومێدی من ئەوەیە دادگای باڵا هەمواریان بكاتەوە، ئەگەر بە تەواوەتیش رەتیان نەكاتەوە.
* كەواتە بە شێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین كە ئەم هەنگاوانە یەكناگرنەوە لەگەڵ بنەما دیموكراتییەكان و تەنانەت دەستووریش ئەمەریكاشدا؟
- بەڵێ بە دڵنیاییەوە.
* پێشبینییەكانت چین لەبارەی ئەو كاردانەوە نێودەوڵەتییانەی لەبەرامبەر ئەو هەنگاوانەی سەرۆك ترەمپ دەكەونەوە؟
- پێموایە دۆستە ئەوروپییە رۆژئاواییەكانمان نائاسوودە دەبن لە ئاستیاندا، من دڵنیانیم لەبەرامبەر ئیسرائیلەوە، بەڵام پێموایە ئیسرائیل زۆر خۆشحاڵ دەبێت لەبەر ئەوەی بڕیاری قەدەغەكردنەكە ئێرانیش لەخۆ دەگرێت لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دیكەدا كە ئیسرائیل دژیانە. لە راستیدا من نازانم بیركردنەوەی چین، چی دەبێت لەم رووەوە، بەڵام پێموایە گەمەكاری سەرەكی كە زۆری بایەخ بەم پرسە دەدات، بریتییە لە ئەوروپای رۆژئاوا، بەدڵنیاییەوە لە هەندێ وڵاتی ئەوروپیشدا سیاسەتی دژ بە ئیسلام هەیە، بەڵام ئەوانە تاكەكەسن لە ئێستادا، نەك دەوڵەتی نەتەوەیی.
* ئایا پێتوایە ئیدارەی ترەمپ پتر بایەخ بەم ناوچەیە دەدات، یان كەمتر؟
- ئەمە پرسیارێكی زۆر باشە، لە راستیدا ئەگەر كەمتر بایەخ بدات، ئەوا كاردانەوەی زیاتر دروست دەكات، بۆ نموونە ئەگەر كەمتر فشار لەسەر ئیسرائیل بە بەراورد بە فەلەستینیەكان بكات، ئەوا كێشەیەكی درێژخایەن بۆ ئەمەریكا دروست دەكات، لەبەر ئەوەی ئەو كاتە ئیسرائیل كۆمەڵگەی جوولەكەنشینەكان بەرفراوان دەكات و ئەو كات ئاشتی لە نێوان فەلەستین و ئیسرائیلدا دروست نابێت، ئەوەش دەرئەنجامێكی خراپە بۆ ئەمەریكا. كەواتە بایەخدانی كەمتریش ئاكامی ئیجابی لێناكەوێتەوە، بەو پێیە دەبێت هاوسەنگییەك هەبێت. لەلایەكی دیكەوە رەنگە لەگەڵ توركیا و رووسیادا شەڕی زیاتر لە دژی داعش بكات، كەواتە دەكرێت لەم رووەوە بایەخدانی زیاتری هەبێت. بەڵام دۆناڵد ترەمپ كەسێكە كە پێشبینی ناكرێت، لەبەر ئەوە مەحاڵە بتوانین پێشبینی بكەین ئایا كەمتر، یان زیاتر بایەخ دەدات، بەڵام نیگەرانی من ئەوەیە كە هەر كارێك كە بیكات، یان نەیكات دەرئەنجامی خراپی لێبكەوێتەوە.
* بەڵام هەرچۆنێك بێت دەتوانین بڵێین كە هەوڵەكانی ئەمەریكا بۆ تێكشكاندنی داعش چڕدەكاتەوە؟
- ئەو رایگەیاندووە كە ئەم كارە دەكات، بەڵام گومان لەوەدا نییە كە دەبێت هاوپەیمانێتییەكی جیهانی دژی داعش هەبێت. بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای پرسیارەكەتان كە پەیوەست بوو بە قەدەغەكردنی چوونی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە بۆ ئەمەریكا، لە نێویاندا هاووڵاتیانی عێراق، ئەوا پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی ئەم وڵاتانە هاوكاری ئەمەریكا بكەن لە دژی داعش. كەواتە بەڵێ رەنگە هەوڵەكانی چڕبكاتەوە، بەڵام ئەو بە هەنگاوێكی سەیر دەستی پێكرد، بە قەدەغەكردنی هاتنی هاووڵاتیانی عێراق و سووریا بۆ ئەمەریكا لە كاتێكدا بڕیارە ئەم دوو وڵاتە شەڕی داعش بكەن.
* ئایا كاتێك دۆناڵد ترەمپ باس لەوە دەكات كە كار لەگەڵ رووسیادا دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشە و قەیرانی سووریا، پێتوایە ئەمە بەو مانایە دێت كە ترەمپ رازییە بە مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا؟
- وا پێدەچێت و پێموایە ئەوە دەرئەنجامەكەیە.
* بە تێڕوانینی ئێوە ئایا ئیدارەی ترەمپ چ رێگاچارەیەك دەگرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوە و ئیحتیواكردنی ئێران؟
- پێموایە ترەمپ هەموو كارێك دەكات بۆ ورووژاندنی تووڕەیی ئێران و فشار دەخاتەسەر ئێران بۆ ئەوەی هەڵبستێت بە پێشێلكردنی ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییەی كە لە نێوان ئێران و گرووپی 5+1 واژۆكرا- لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا-، واتە پێموایە هەموو كارێك دەكات بۆ ئەوەی وا لە ئێران بكات كە ئەو پێشێلكارییە بكات، بۆ ئەوەی ئیدارەی ترەمپ بتوانێت سزاكان بەسەر ئێراندا بسەپێنێتەوە، رەنگە چاوەڕێش نەكات و كارێك ئەنجام بدات، بەڵام ئەوەی دەتوانین بە دڵنیاییەوە بیڵێین ئەوەیە دژی ئێران دەبێت لە هەموو حاڵەتەكاندا. بە واتایەكی دیكە ئەو پێچەوانەی هەر هەنگاوێكی ئۆباما هەڵسوكەوت دەكات، ئۆباما پرۆژەی چاودێری تەندروستی هەبوو، ئەم دەیەوێت هەڵیبوەشێنێتەوە، ئۆباما رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا ئەنجامدا بۆ رێگریكردن لە دروستكردنی چەكی ناوكی، ترەمپ دەیەوێت پێچەوانەی بكاتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەمە لە مەودای دووریشدا بەكارهێنانی گورزی سەربازی لە دژی ئێران لەخۆبگرێت لە بەرامبەر ئەو پێشێلكارییانەی كە دەیانكات، ئەگەرچی لە ئێستادا و ئەوەندەی ئێمە بزانین ئەو پێشێلكارییانەی نەكردووە. دۆناڵد ترەمپ زیاتر وەك سیحربازێك وایە و هەمیشە دەیەوێت ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەوە بێت كە ئەو بە نیازە ئەنجامی بدات، لەبەر ئەوە ئەو سەرقاڵی ئەو هەموو كردەوە جیاوازانەیە بۆ لابردنی سەرنجی ئێمە لەسەر ئەو كارانەی دیكەی كە هەوڵ دەدات ئەنجامیان بدات.
* ئایا پێشبینی ئەوە دەكەن ئیدارەی ترەمپ هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان درێژە پێبدات و زیاتری بكات، بە حوكمی ئەوەی ئەمەریكا دەیەوێت هەوڵی زیاتر بخاتەگەڕ بۆ تێكشكاندنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش؟
- من پێشبینی دەكەم، بەڕێز ترەمپ هاوكاری زیاتری هەرێمی كوردستان بكات، لەبەر ئەوەی بەلای كەمەوە ئەوەی پێشمەرگە كردوویەتی چیرۆكێكی سەركەوتنە، هەرچەندە پێشبینیكردنی ئەوەی ئەنجامی دەدات، نەك زەحمەتە بگرە مەحاڵە، بەڵام من پێموایە كەسانی دەوروبەری ترەمپ كار لەسەر ئەوە بكەن كە هاوكاری و شەراكەتی نێوان ئەمەریكا و پێشمەرگە بەردەوام بێت، بەڵام بە راستی ناتوانم پێشبینی شتێكی لەو چەشنە بكەم.
