جێفری فریدمان : نەك تەنیا سەرۆك ترەمپ بەڵكو وەزیری بەرگری و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیش هەڵوێستی زۆر توندیان بەرامبەر ئێران هەیە

جێفری فریدمان : نەك تەنیا سەرۆك ترەمپ بەڵكو وەزیری بەرگری و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیش هەڵوێستی زۆر توندیان بەرامبەر ئێران هەیە
جێفری فریدمان، پڕۆفیسۆرە لە زانكۆی دارتماوس و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك سیاسەتی دەرەكی و دیراساتی ئەمنی و بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری سیاسەتی دەرەكی لە زانكۆی هارڤارد بەدەست هێناوە. بۆ تێشك خستنەسەر ئەگەرەكانی پەیوەست بە سیاسەت و هەڵوێستی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی كاروبارە دەرەكییەكان و یەكلاكردنەوەی ئەوەی تا چ راددەیەك سیاسەتێكی جیاواز بە بەراورد بە ئیدارەی ئۆباما پیادە دەكات، بەتایبەتی لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە بیروبۆچوونەكانی خستەڕوو.
* چۆن لە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ دەڕوانیت و چ پێشبینییەكت بۆ سیاسەت و هەڵوێستەكانی لە ئایندەدا هەیە؟
- لە راستیدا دەبێت چاوەڕێ بكەین و بزانین ئایا دەقاودەق سەرۆك ترەمپ چۆن هەوڵ دەدات ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكات كە لە سەروبەندی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا بانگەشەی بۆ دەكردن، بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردنی ترەمپ نادڵنیاییەكی زۆری لەبارەی رۆڵی ئەمەریكا لە جیهاندا دروست كرد، ئەمەش كاریگەری گەورەی لێدەكەوێتەوە.
* كەواتە دەتوانین بڵێین ترەمپ دابڕانێك لە سیاسەتەكانی پێش خۆی دروست دەكات؟
- هێشتا زووە بۆ ئەوەی بڵێین كە ئایا دەقاودەق سەرۆك ترەمپ تا چ راددەیەك دابڕان لە سیاسەتەكانی پێش خۆی دروست دەكات، چونكە ئەو باسی لەوە كردووە كە دەیەوێت پێوەندییەكی نوێ لەگەڵ رووسیادا رێكبخاتەوە، بەڵام باراك ئۆباما-ش ئەم قسەیەی كرد، كاتێك دەسەڵاتی گرتەدەست، كە دواتر ئەمە رووینەدا، هەروەها دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی دا كە بە شێوەیەكی ریشەیی گۆڕانكاری بەسەر سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەكانی دیكە بهێنێت، بەڵام هێشتا وردەكارییەكانی نازانرێت.
* ئەی پێتوایە ئەو كاردانەوەو ناڕەزایەتییانەی لەدژی گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ترەمپەوە سەریانهەڵدا، چ كاریگەرییەكیان لەسەر سیاسەت و هەڵوێستەكانی دەبێت؟
- ئەمە پرسیارێكی باشە، ئێمە دەزانین كە سەرۆك ترەمپ بایەخێكی زۆر بەوە دەدات كە رای گشتی چۆن لێی دەڕوانن، ئەو خوازیاری ئەوەیە وەك سەرۆكێكی سەركەوتوو لێی بڕواندرێت. لە سەروبەندی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكاندا ئەوەمان بینی كە بایەخێكی زۆری بەوە دەدا كە رەخنەگرەكانی چۆن لێی دەڕوانن. هەروەها ئەو هێرشی دەكردە سەر رەخنەگرەكانی، كە ئەوەش بۆی هەیە كاریگەری هەبێت.
* ئەی پێتوانییە كارو كردەوەكانی، یان سیاسەت و هەڵوێستەكانی ئیدارەی ئۆباما جەمسەرگیری لە نێو كۆمەڵگەی ئەمەریكیدا دروست دەكات؟
- لە راستیدا هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییە دەریانخست كە حاڵی حازر جەمسەرگیرییەكی قووڵ لە نێو كۆمەڵگەی ئەمەریكیدا هەیە، ئەمە حاڵەتەكە بووە لەسەردەمی هەر سێ ئیدارەكەی ئۆباما و بوش و كلینتۆندا. لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەشدا دەركەوت كە لایەنەكان ئاسودە دەبوون بە هێرشكردنی راستەوخۆ بۆ سەر یەكتری، كە ئەمەش ئەو جەمسەرگیرییەكی زەق كردەوە. هەندێ كەسیش پێیانوایە بوونی موعارەزەیەكی ناوخۆی تۆكمە دەرئەنجامی ئیجابی لێدەكەوێتەوە، هەندێ كەسی دیكەش نیگەرانن لەوەی ئەم جەمسەرگیرییە بەرەو مەودایەكی دوورتر ببردرێت.
* هەروەك دەزانن كە تێكشكاندنی داعش بە بێ ئەو هێزانە ناكرێت كە لەبەرەی پێشەوەی شەڕەكەدان لەدژی ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پێشبینییەكی واقیعبینانەیە كە چاوەڕێی ئەوە بكەین ئیدارەی ترەمپ هاوكاری زیاتری كورد دەكات لە ئایندەدا، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی كورد رۆڵی كارای لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا بینیوە؟
- ئەوە راستییە كە لە شەڕی دژ بە داعشدا ئەمەریكا پشت بە هاوبەشە مەحەلییەكانی دەبەستێت، كە ئەو هێزانە ئێستا و پێشتریش هێزی زەمینی بوون بۆ ئەنجامدانی ئەم شەڕە. ئەوەش ئاشكرایە كە هیچ هێزێك هێندەی هێزە كوردییەكان و هێزە عێراقییەكان و كوردی سووریا پاڵنەڕی شەڕكردنیان لە دژی داعش نەبووە، من دڵنیام كە دەتوانن بەسەر جیاوازییەكانیشاندا زاڵ بن، بەلای كەمەوە لە مەودای نزیكدا.
* راوبۆچوونت چییە لەبارەی بەڵێنی ترەمپ بەوەی هەوڵەكانی بۆ تێكشكاندنی داعش چڕدەكاتەوە؟
- راستە سەرۆك ترەمپ بەڵێنی داوە بە هەڵكشانی شەڕەكە لە دژی داعش، بەڵام ئێمە دڵنیانین ئایا ئەو شەڕە چەند ساڵێكی دیكە دەخایەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ئاماژەیەكی نەخستۆتەڕوو بۆ كشانەوەی هێزەكانی لە عێراقدا.
* بەڵام ئایا ستراتیژیەتێكی جیاوازتر لە ئیدارەی ئۆباما لەم رووەوە پیادە دەكات؟
- لە سەروبەندی هەڵبژاردنەكاندا سەرۆك ترەمپ بەڵینی دا كە سروشتی شەڕەكە بگۆڕێت، هەروەها ئەو هەمیشە بانگەشەی ئەوەی كردووە كە ستراتیژیەتێكی باشتر لە ستراتیژیەتی ئۆباما دەگرێتەبەر بۆ لەناوبردنی داعش، بەڵام تاوەكو پلانەكە نەبینین، ئەوا ناتوانین ئەوە یەكلابكەینەوە كە چۆن ستراتیژیەتەكەی ئەو لە ستراتیژیەتی ئیدارەی ئۆباما جیاوازترە.
* ئەی پێتانوایە مامەڵەیەكی جیاواز لەگەڵ ئێراندا بكات، یاخود لەو باوەڕەدان كە رێكاری توند لەدژی ئێران بگرێتەبەر بۆ ئیحتیواكردنی رۆڵی ئەو وڵاتە لە ناوچەكەدا؟
- پێشبینی دەكرێت سەرۆك ترەمپ سیاسەتێكی توندتر لە ئاست ئێراندا بگرێتەبەر، نەك تەنیا لەبەر لێدوانەكانی ترەمپ، بەڵكو بەهۆی ئەوەی وەزیری بەرگری جەیمس ماتیس و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی مایك فلین هەڵوێستی سەرسەختانەیان هەیە لە ئاست ئێراندا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە نازانین دەقاودەق ئەم سیاسەتانە چۆن دەبن، چونكە گرتنەبەری ئەم سیاسەتانە پێویستی بە هاوكاری هاوپەیمانەكانی دیكە دەبێت، وەك ئەوروپییەكان، لە كاتێكدا ئەوان دوودڵن ئەم كارە بكەن.
* ئاشكرایە لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا هەندێ لە هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا نیگەرانییان بۆ دروست بوو لە دوای رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئیدارەی ترەمپ چۆن دەتوانێت جارێكی دیكە ئەم هاوپەیمانانە دڵنیابكاتەوە؟
- لە كاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكاندا بەڕێز ترەمپ رەخنەی لە ئیدارەی ئۆباما گرت، كە وەك پێویست پشتیوانی هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەبووە، كەواتە دەزانین كە ئەمە مەسەلەیەكە ترەمپ بایەخی پێدەدات. لە پێوەندی بە ئیسرائیلیشەوە، ئەو باڵیۆزێكی داناوە كە تەواو لەگەڵ بوونی پێوەندی نزیكترە لە نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیلدا. لەبەر ئەوە مەزەندەی ئەوە دەكەم كە لە ئێستادا ئیسرائیلییەكان ئاسوودەتر لە پێوەندییەكانیان بڕوانن لەگەڵ ئەمەریكا بە بەراورد بە هەفتەیەك پێش ئێستا. لە پێوەندی بە هاوپەیمانە عەرەبەكانەوە لە ناوچەكەدا، من پێموایە دۆخەكە ئاڵۆزترە، چونكە سەرۆك ترەمپ سەركردەیەكی پێداگیرترە لە سەرۆك ئۆباما، بەڵام هێشتا ئێمە نازانین وردەكاری ئەم مەسەلەیە چۆن دەكەوێتەوە.
Top