موسا گەردی: بەشداریی پێشمەرگە لە پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ بۆ دیاریكردنی سنووری كوردستانە
October 24, 2016
دیمانەی تایبەت
بەرەبەیانی 17ی ئۆكتۆبەر سەرۆك بارزانی و حەیدەر عەبادی كاتژمێری سفری دەستپێكی پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵیان راگەیاند، لەگەڵ دەستپێكی ئەم پرۆسەیە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان پێشڕەوییەكی فراوانیان كردو سەركەوتنی گەورەیان تۆماركرد. بۆ قسەكردن لەسەر نەبەردییەكانی پێشمەرگە تیمی گوڵان سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەی لە میحوەری باشیك كردو ئەم دیمانەی لەگەڵ لیوا موسا گەردی فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگورد ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانیان داینەوە.موسا گەردی فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگورد بۆ گوڵان:
بەشداریی پێشمەرگە
لە پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ بۆ دیاریكردنی سنووری كوردستانە
* ئەمجارەش سەرۆك بارزانی لەپرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ راستەوخۆ سەرپەرشتی بەرەی پێشمەرگە دەكات، بەم بۆنەیەشەوە تا ئێستا دوو پەیامیان دەركردووە، یەكەمیان سەبارەت بە گرنگیی ئازادكردنەوەی موسڵ بوو، دووەمیان سەبارەت بە جیاوازی نەكردن لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە، ئایا ئێوە سەبارەت بەم دوو پەیامەی سەرۆك چی دەڵێن؟
- لەدەستپێكی شەڕی داعشەوە سەرۆك بارزانی لەنزیكەوە لەگەڵ پێشمەرگەدا بووەو لەسەرجەم میحوەرەكاندا، وەك پێشمەرگەیەك سەرپەرشتی و بەشداری شەڕەكانی كردووە، ئەم سەرپەرشتییە مەیدانییەی شەڕ لە شنگالەوە تا خانەقین هۆكارێكی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بووە. لەم ئۆپەراسیۆنەشدا بەهەمان شێوە بەبێ جیاوازی نێوان هێزەكان و ناوچەكان توانی بەشێوەیەكی زۆر رێكوپێك هێزی پێششمەرگە ئامادە بكات و پێشڕەویی بەرەو تەواوی ناوچە كوردستانییەكان بكەن و رووبەرێكی فراوان لەخاكی كوردستان ئازاد بكەن، پەیامەكەشی لەكات و ساتی خۆیدا بوو، هەروەك چۆن لەپەیامەكانی پێشووی بۆ پێشمەرگەو میللەتی كورد هەمان بۆچوون و هەڵوێستی دووبارە كردەوە، كە دەبێت لەهەموو كات و ساتێكدا میللەتی كورد یەكڕیزیی خۆی بپارێزێت و یەكهەڵوێستی هەبێت، كەواتە ناكرێت لەكوردستانێكی بچووكدا یەكڕیزی و تەبایی نێوان هێزە كوردستانییەكان نەبێت، پێویستە حزبە سیاسییەكانی كوردستان لەبەر رۆشنایی پەیامەكەی جەنابی سەرۆك پێداچوونەوە بە بەرنامەو هەڵوێستی خۆیاندا بكەن، هەروەها بەشێكی پەیامەكەشیان بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان بوو كە دوای لێكردن هەموو پێكهاتەكان بەجیاوازی نەتەوەو ئایین و ئایینزاوە بپارێزن، بەتایبەتی لەدەشتی نەینەواو شاری موسڵ كە خاوەنی چەندین ئایین و ئایینزاو نەتەوەی جیاجیایە لە مەسیحی كلدو ئاشوری و كوردی ئێزیدی و شەبەك و كاكەیی و موسڵمان و عەرەبی سوننەو شیعە، توركمانی سوننەو توركمانی شیعەو چەندین تائیفەی دیكە پێكدێن، ئەوەی لەناو سنووری هەرێمی كوردستاندا بژی ئێمە بەبێ جیاوازی بە برای خۆمانی دەزانین، بەپێچەوانەشەوە كەسانێك بووبنە تیرۆریست و كۆمەڵكوژی دەرهەق بەم پێكهاتانە بكەن لەلایەن پێشمەرگەوە جێگای قبووڵكردن نییە، چونكە پێشمەرگە هەڵگری پەیامی سەرۆك بارزانی-یە لە پاراستن و رێزگرتن لەهەموو نەتەوەو ئایین و ئایینزاكان، ئومێدەواریشین حكومەتی عێراق بە هەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرۆسەیە بكات و خۆی لەململانێی توندی نێوان سوننەو شیعە بەدوور بگرێت و رێگە نەدات ئەو هەموو میلیشیا تائیفییانە زیان بەخەڵكی ناوچەكەو ئایندەی یەكگرتوویی وڵاتەكەش بگەیەنن.
* دیارە پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ دەستی پێكردووە، وەك فەرماندەیەكی سەربازی چۆن سەیری ئەم پرۆسەیە دەكەن؟
- رۆژی دووشەممە لە كاتژمێر 5ی بەرەبەیانی پێشمەرگە لە سێ میحوەرەوە هێرشی كردە سەر داعش و دەستی بەپێشڕەویی كردو ساترەكانی دەوڵەتی بەناو خەلافەتی تێكشكاند، لەمیحوەری چیای زەرتك و حەسەن شامیشەوە رەتڵێك لە هێزی پێشمەرگە بەرەو كۆنتڕۆڵكردنەوەی شەقامی سەرەكی حەسەن شام بە رێكەوتن و چەند گوندێكیان ئازادكرد، كە ماوەیەكی زۆرە دانیشتووانەكەی كە زۆرینەی كوردن، داوا لەهێزی پێشمەرگە دەكەن ئەو گوندانە ئازاد بكەن و بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان. یەكێك لەدەستكەوتەكانی ئەم ئۆپەراسیۆنە دەستنیشانكردنی سنووری هەرێمی كوردستانە. لەم پرۆسەیەدا ورەی پێشمەرگە زۆر بەرزەو پێشمەرگە توانیویەتی سەركەوتووانە پلانەكەی خۆی جێبەجێ بكات، هەربۆیە فەرماندەو ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە هەر لەیەكەم رۆژی هێرشەكەوە توانییان رووبەرێكی زۆر فراوانی خاك لەدەستی تیرۆریستانی داعش ئازاد بكەن، هەروەها لە میحوەری باشیكیش دەست بەهێرش كراو بەوردی پلان و بەرنامە سەربازییەكانمان جێبەجێ كردو نەبەردییەكی دیكەمان لەم میحوەرەش تۆمار كرد.
* پێشمەرگە ئەمجارە لە رووبەرێكی زۆر فراواندا پێشڕەویی دەكات، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ بەشداریكردنی ژمارەیەكی زۆری هێزی پێشمەرگەو فەرماندەیی، ئایا چۆن توانرا لەو رووبەرە فراوانەدا پێشڕەوییەكان بكرێت؟
- ئەو رووبەرەی كە پێشمەرگە تێیدا هێرش دەكاتە سەر تیرۆریستانی داعش، رووبەرێكی فراوانە هەروەك چۆن ئەو خاكەی ئازادی دەكات ناوچەیەكی گەورەیە، بەڵام خۆشبەختانە بە بەرنامەو پلانی سەرۆك توانراوە بە ماوەیەكی كەم نەبەردیی گەورە تۆماربكرێت. دیارە ئەم باردۆخەی ئێستا هەمووی بە هۆی سیاسەتە هەڵەكانی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقەوەیە، هەر ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی كوردستانیش زیانی پێكەوت و ئەو هەموو ئاوارەیە رووی لە هەرێمی كوردستان كرد، ئەمە هەمووی هەڵەكانی مالیكی بوون كە وایكرد عێراق و سوپاكەی لەبەردەم چەند سەد چەكدارێكی داعشدا تێكبشكێت و رووبەرێكی زۆر گەورەی خاكی عێراق و كوردستانیش لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە داگیربكرێت و ئەو هەموو گەنج و خێزانەیان كردە قوربانی.
* مسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكدا سەبارەت بە شەڕی موسڵ زیاتر بایەخ بە رێككەوتنی سیاسی دوای پرۆسەی ئازادكردنەوەی شارەكە دەدات و جەخت لەوە دەكاتەوە دەبێت رێككەوتن هەبێت لەسەر دوای شەڕەكە، لەمەش مەبەستی ناوچە كوردستانییەكانی نەینەواو موسڵە، ئایا ئەو ناوچانەی پێشمەرگە بە خوێن ئازادی كردوون، جارێكی دیكە لێیان دەكشێتەوە؟
- ئەوەی كاك مسرور بارزانی باسی كردووە باس لەو جێگایانە دەكات كە كوردستانین و بەخوێنی پێشمەرگە ئازادكراون و خەڵكەكەی داوایان كردووە سەرجەم ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، چونكە زۆر جێگا هەیە پێشمەرگە ئازادی كردووە پێكهاتەو نەتەوەی دیكەی تێدایە و دەكرێت بۆ چارەنووسی ئەم ناوچانە هەمووان بگەڕێنەوە بۆ رای خەڵكی، واتا دەكرێت لە دواڕۆژدا بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی ریفراندۆم بكرێت و رای خەڵكی ئەو گوندە، یا ناوچەیە وەربگیرێت بۆ ئەوەی بزانرێت تاچەند خەڵكەكەی پێی خۆشە بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، ئەوكات چارەنووسی ئەو ناوچانە دەردەكەوێت، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر خەڵكانێك هەبن لەو شوێنانەی كە ئێستا پێشمەرگە ئازادی كردووەو نەیانەوێت ناوچەكەیان ببێتە بەشێك لەهەرێمی كوردستان و دەیانەوێ بگەڕێنەوە سەر حكومەتی ناوەندی، ئەوا ئێمە هیچ رێگرییەك نیشان نادەین، بەڵام هەر شوێنێك بە شەڕ لەدەستی داعش ئازادكرابێت و پێشمەرگە خوێن و قوربانی دابێت، مەحاڵە جارێكی دیكە بێ ویستی خەڵكەكەی هێزی پێشمەرگە لێی بكشێتەوەو تەسلیمی هێزێك بكرێتەوە كە چارەنووسی خەڵكەكەی دیار نەبێت، ئێمە وەكو حكومەت و پارتێكی دیموكراتیخواز بەزۆر خەڵكی لەناو چوارچێوەی هەرێمی كوردستان ناهێڵینەوە، هەروەكو چۆن دوودڵ نابین لە پاراستنی خەڵكی خۆمان.
* پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ بەهەماهەنگی و رێككەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانەكان بەڕێوەدەچێت. ئایا شێوازی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ سوپای عێراق و پێشمەرگە كراوە چۆنە، مەبەستمان ئەوەیە ئایا پێشمەرگە بەجیا لە بەرەیەكەوە بەشداری دەكات، یان بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق و حەشدی وەتەنی عەرەبی موسڵ؟
- ساڵێك پێش ئێستا بڕیار بوو هێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەشتی نەینەوا ئەنجام بدات، بەڵام بوونی كێشە لەنێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق رێگر بووە لە جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە، ئێستاش رێككەوتنێك هەیە لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی، ئەوەتا هەماهەنگی و رێكخستنێكی زۆر باش لەنێوان هەموو هێزەكان بەتایبەتی هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق و هاوپەیمانان هەیە، نەك تەنیا لەبەرەكانی شەڕ، بەڵكو بۆ دوای شەڕیش بێ پێشمەرگە مومكین نییە بتوانن نەخشەی نوێی ناوچەكە رێكبخرێتەوەو ئاشتی و ئازادی لەم ناوچەیەدا دابین بێت، هەر شوێنێكیش پێشمەرگە ئازادی بكات بێ رێككەوتن پێشمەرگە ناكشێتەوە.
* لەم سەروبەندەدا زۆر باس لەبەشداریی حەشدی شیعە دەكرێت بۆ ئازادكردنەوەی موسڵ، ئایا حەشدی شەعبی لەبەرەی كوردستانەوە بەشدار دەبێت لە پرۆسەی ئازادكردنەوەی شارەكەدا؟
- بەشداریكردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی كە گروپێكی تائیفین لەشەڕی موسڵ زیان بەسەرجەم ئۆپەراسیۆنەكە دەگەیەنێت، هەربۆیە بەئاشكراو راستەوخۆ تا ئێستا ئەو هێزانە بەشداری شەڕەكەیان نەكردووە، رەنگە بەناوی جیاجیای حەشدی وەتەنی و پۆلیسی فیدڕاڵی و هێزەكانی ناو سوپای عێراق لێرەو لەوێ كەسان و گروپێكی كەم بەشداریی ناڕاستەوخۆیان لەشەڕەكە كردبێت، بەڵام تا ئێستا بەو شێوە تائیفی و فراوانە رێگە نەدراوە بەشداری ئۆپەراسیۆنەكە بكەن، تەنانەت هێزێكی سوپای عێراق لە میحوەری مەخموور هاتبوون و ئاڵای تائیفییان بەرزكردبۆوەو راستەوخۆ پێمان وتن قبووڵ ناكەین لەناو خاكی كوردستان ئاڵای جیاجیای مەزهەبی بە ئۆتۆمبێلەكانتانەوە بێت. هەربۆیە ئاڵاكانیان لابردو ئەوجا رێگەیان پێ درا بێنە ناو هەرێمی كوردستان و روو لەمیحوەرەكانی پێشمەرگە بكەن، سەبارەت بە بەشداری حەشدی شەعبیش لەشەڕی ئازادكردنەوەی موسڵ مەترسییەكی گەورەیە، چونكە هاتنی داعش و بڵاوبوونەوەی ئەو فكرە توندڕەوە خۆی لەخۆیدا ئاكامی شەڕێكی تائیفی بوو، هەربۆیە گەربێتو ئەو گروپ و تاقمە چەكدارانەی حەشدی شەعبی بەشدار بن، ئەوا لەناو شاری موسڵدا شەڕەكە دەبێتە شەڕێكی تائیفی و ناوخۆ و كۆنتڕۆڵكردنەوەی زۆر زەحمەت دەبێت، بۆیە دەبێت زۆر بەوریاییەوە جێبەجێ بكرێت، چونكە ئێمە نامانەوێت لەناو ئەو شارە شەڕی تائیفی رووبدات و كورد بەشێك بێت لە ئەگەری هەڵگیرسانی ئەو شەڕە تائیفی و خوێناوییە.
* ئێستا لە میحوەری باشیكن، ئایا دەكرێت پێمان بڵێن ئەم میحورە سنوورەكەی چەند ناوچە دەگرێتەوە؟
- میحوەری باشیك لە سێ قۆڵ پێكهاتووەو سەرپەرشتی رووبەری 50 كیلۆمەتر دەكەین، ئینشائەڵڵا بەپاڵپشتیی خواو پاڵەوانێتی پێشمەرگە دەتوانین سەنتەری ناحیەی باشیك ئازاد بكەین و پێشڕەویی بكەین تا سنووری سەنتەری شاری موسڵ، ئەم ناوچەیەش خاوەنی پێكهاتەیەكی جیاجیای نەتەوەو ئایینزای جیاجیایە، كە ئێمە بەبێ جیاوازی پارێزگاری لەهەمووان دەكەین و رێگەنادەین كاروباری تۆڵەسەندنەوە لەنێوان نەتەوەو ئایین و ئایینزاكان رووبدات. ئەم ئۆپەراسیۆنەش كورت نابێت و ماوەیەكی دەوێت، چونكە شەڕەكە قورسەو بوونی مەدەنییەكانیش كاروباری سەربازی بەتایبەتی لەئاسمانەوە قورس دەكات، ماوەو كاتی شەڕەكەو سەركەوتنەكانی پرۆسەكەش بەستراوەتەوە بەچۆنیەتی هەڵسوكەوتی سوپای عێراق و سیاسەتمەدارەكانی، كە دوای ئازادكردنی شارەكە هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق مەلەفی ئەمنی پێشكەش بەپۆلیسی فیدڕاڵی و ناوخۆ دەكرێت، بەڵام سوپای عێراق میهەنییانە هەڵسوكەوت ناكات، لەلایەك رێگا نادات سوپای توركیا بەشدار بێت و لەلایەكی دیكەشەوە داوا لە گەریلاكانی پەكەكەو حەشدی شیعە دەكات بەشداری ئۆپەراسیۆنەكە بكەن، ئەمە وادەكات دەستێوەردانی وڵاتانی دەوروبەر لەشەڕەكە زیاتر بێت، بەتایبەتی وڵاتی توركیا پێیوایە مادام گەریلاكانی پەكەكەو حەشدی شەعبی بەشدارن لەو شەڕەدا هەربۆیە بۆ راگرتنی هاوسەنگیی هێزەكان بەشداریكردنی ئەوانیش پێویستە.
* لەئێستادا توانای سەربازیی داعش لەموسڵ چۆنە و چۆن خەڵكی سڤیل دەتوانن بپارێزن؟
- داعش وەكو جاران هێزو توانای سەربازی نەماوەو متمانەی لایەنگرانی لەدەست داوە، تەنانەت ئەو لایەن و وڵاتانەی پێشتر هاریكاری ئەم گروپە تیرۆریستیانەیان كردووە، ئێستا لێی دووركەوتوونەتەوە، هەربۆیە ئەوان خەڵكی سیڤلیان وەكو پشتێنەیەك بۆ خۆپاراستنی خۆیان بەكارهێناوە، هاوپەیمانەكان پێیانوایە پێویستە رێگەوشوێنی خۆقورتاربوونی داعش بهێڵنەوە، چونكە ئەگەر خەڵكی مەدەنی لەناو شاری موسڵ بمێننەوە لێدانی ئاسمانی و تۆپخانەكان قورس دەكات، ئێمەش خەڵكێكی بێویژدان نین زیان بەو هەموو خێزان و خەڵكە بگەیەنین، كە ئومێدمان زۆرە لەناو شارەكە هاوكاری هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق بكەن، تەنانەت لەناو خۆشیاندا داعشەكان وەكو جاران نەماون و هەڵگەڕانەوە دروست بووە لەدەستپێكی ئۆپەراسیۆنەكەدا دوو گروپ 54 داعشیان لەیەكتر كوشتووەو بیانییەكانیش زۆربەیان بەرەو وڵاتی سووریا هەڵهاتوون، بەڵام لەناو شارەكەدا هێڵی بەرگریی زۆریان داناوەو پردەكانیان بۆمبڕێژ كردووە، گەرچی بەبڕوای من پردەكان ناتەقێننەوە، چونكە هێزەكانی خۆیان لەمبەری پرد لەگەڵ ئەو بەردا دانابڕێنن، ئەوان تەنیا پەنایان بۆ خۆكوژو هاوەن هاویشتن و دانانی بۆمب و لوغم و تەقەمەنی بردووە، خۆشبەختانە ئێستا دوو هێزی پشتیوانیمان هەیە كە شارەزاییەكی باشیان لەهەڵگرتنەوەی لوغم و تەقەمەنی هەیەو لەم دوو ساڵەشدا توانرا پێشمەرگە گەنجەكانمان بەئەزموون و شارەزاتر بكەن .
* تا چ رادەیەك بوونی سوپایەكی وەك پێشمەرگە كە لەناوچەكەو دنیادا بووەتە رەمزی فیداكاری و قوربانیدان بۆ بەرگری لە مرۆڤایەتی بنەمایەكە بۆ دەركەوتنی دەوڵەتی كوردستان؟
- لەم دوو ساڵەی رابردوودا ناوبانگی میللەتی كورد لەرووی سەربازی و سیاسی و ئابوورییەوە زۆر بەرەوپێش چووە، ئەمەش بۆ هەوڵ و ماندووبوونی سیاسی و دیپلۆماسی سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئێستای پێشمەرگەش كە پێوەندی باشی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراقی هەبووە، هۆی سەرسوڕمانی داعشەكان و گەورە سوپاكانی وڵاتانی هاوپەیمانان بووە، دەستكەوتێكی گەورەشە بۆ گەلی كوردستان، ئەوەتا راوێژكارانی سەربازی ئەمەریكی و بەریتانی و فەرەنسی لەگەڵ پێشمەرگە بەشدارن، گەلێك خاوەنی هێزی پێشمەرگەو سەرۆك بارزانی بێت، ئومێدی زۆرە بەمنزیكانە ببێتە خاوەنی سەروەریی خاك و راگەیاندنی دەوڵەت.
