چارلس گۆردون ماكدۆناڵد: هەر كاتێك دەوڵەت شكستی هێنا، ئاشتی دەبێتە خەیاڵ و پاشاگەردانی دروست دەبێت

چارلس گۆردون ماكدۆناڵد: هەر كاتێك دەوڵەت شكستی هێنا، ئاشتی دەبێتە خەیاڵ و پاشاگەردانی دروست دەبێت
چارلس گۆردون پڕۆفیسۆری یاسای نێودەوڵەتی و كاروبارە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی «Florida state»، شارەزای بوارەكانی دیراساتی كوردی، دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یاسای نێودەوڵەتییە، وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگی وەك پەرەسەندنی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی پڕ لە پشێوی و پاشاگەردانیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رێگاكانی چارەسەكردنی كێشە قووڵ و بنەڕەتییەكانی ئەم ناوچەیە و باسكردن لە هەنگاونانی هەرێمی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە گوزارشتی لە تێڕوانینەكانی كرد.
* ئایا ئەوە شیكردنەوەیەكی دروستی بارودۆخەكەیە ئەگەر بڵێین سەرچاوەی كێشەكانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرێدراوی ئەو سنوورە دەستكردانەن كە بەهۆی رێككەوتنی سایكس پیكۆ-وە داڕێژران و بوونەهۆی دروستبوونی دەوڵەتی لەرزۆك و شكستخواردوو، بە چەشنێك كە بارودۆخێكیان دروست كرد كە بووە هۆی ئەوەی كێشە و ناكۆكییە تایفەگەری و ئیتنییەكان بەرەو قووڵتربوونەوە بچن و ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە پیرۆزیی ئەم سنوورانە بخرێنە ژێر پرسیارەوە؟

- بە دڵنیاییەوە لە رێككەوتنی سایكس پیكۆ و لە رێككەوتنەكانی دیكەش كە لە رۆژگاری كۆلۆنیاڵی لە نێوان هێزە گەورەكاندا كران، ئاوات و ئومێدەكانی گەلانی ئەم ناوچەیەیان لەبەرچاو نەگرت. بەداخەوە لە ئێستادا ئێمە زیاتر لە بەهاكانمان بایەخ بە بەرژەوەندی دەوڵەتە بەهێزەكان دەدەین، هەروەها بەو كار و كردەوە توندانەی كە كە لەلایەن دەوڵەت و كاراكتەرە غەیرە دەوڵەتیەكانەوە ئەنجام دەدرێن. پیرۆزیی سنوورەكان مەسەلەیەكە كە بە تێپەڕبوونی كات كەڵەكە دەبێت و دروست دەبێت. ئەگەر سنوورەكان بگوڕن، ئەوا بنەمای یاساییە نێودەوڵەتییەكان و خەون و ئومێدی زۆرێك لە خەڵكی ناوچەكە دەبنە تاكەڕێگاچارەی لەبار بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزی رەگداكوتاوی ئەو دەوڵەتانەی لە ئارادان. هەر كاتێكیش دەوڵەت شكستی هێناوە و پاشاگەردانی بە دوادا هات، ئەوا هێنانەدی ئاشتی دەبێتە پرۆسەیەكی درێژخایەن.

* دوای ئەوەی بارودۆخی ناوچەی بەلكان خوێنڕێژی و كۆمەڵكوژیی لێكەوتەوە، ئەندامانی رێكخراوی ناتۆ دەستێوەردانیان كرد، لە دەرئەنجامی ئەم دەستێوەردانەشدا، سنووری دەوڵەتانی ناوچەكە گۆڕان و دەوڵەتی نوێ دروست بوون، كەواتە ئایا دووبارەكردنەوەی ئەزموونی بەلقان تا چ راددەیەك بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوودمەند دەبێت؟

- ئەزموونەكانی بەلكان وانەی سوودبەخش لەخۆدەگرن، بەتایەتی لە پێوەندی بە رۆڵی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان. لەبەر ئەوە تا ئەو كاتەی كە دەوڵەتە بەهێزەكان ئەو دەرفەتانە بەدی نەكەن، كە دەبێت كاریان لەسەر بكرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرگەلێكی ئاشتییانە بۆ زۆرێك لە ناكۆكییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوا بەكارهێنانی هێز لەلایەن دەوڵەت، یان گروپەكانەوە وەك ئەگەرێك دەمێنێتەوە. نەتەوە یەكگرتووەكان وەك ئامرازێكی سوودبەخش دەمێنێتەوە بۆ هێنانەدی ئاشتی. یاسا نێودەوڵەتییەكان چەندین نموونە دەخەنەڕوو -وەك ئەوەی لە بەلقاندا بینیمان-، كە دەكرێت لە شوێن و ناوچەی دیكەش جێبەجێ بكرێن. هێنانەئارای ئەم گۆڕانكارییە پێویستانەش سەركردایەتی و دەوڵەتمەداری دەوێت، بەڵام ئایا دەكرێت ئەم سەركردانە لە كوێوە سەرچاوە بگرن؟

* ئەوەش ئاشكرایە كە عەرەبستانی سعودیە وەبەرهێنانێكی زۆری كردووە لە بڵاوكردنەوەی بیروباوەڕی وەهابییەتدا، لە هەمان كاتدا ئێرانیش سەرچاوەیەكی زۆری تەرخان كردووە بۆ هەناردەكردنی شۆڕشەكەی،. لە دەرئەنجامدا جەمسەرگیرییەكی تایفەگەریی قووڵ دروست بووە لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا، پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم ركابەری و ململانێیە نابێتەهۆی دروستبوونی شەڕێكی بێ كۆتایی لەم ناوچە گرنگەدا؟

- ئێران و سعودیە، هەردووكیان دوو دەوڵەتی دەستڕۆیشتوون لە ناوچەكەدا، بەتایبەتی لە پێوەندیدا بە پرسی ئایینەوە. ئەوەش مومكینە كە هەردوو ئەم وڵاتە پێكەوە كاربكەن و ببنە هێزێكی گەورە بۆ هێنانەئارای گۆڕانكارییەكی ئاشتییانە. هەردوو دەوڵەتەكە رووبەڕووی تەحەددی گەورە دەبنەوە لەلایەن توندڕەوەكانی ناوچەكەوە. هەردووكیان لە رابردوودا بە شێوەیەكی كارا یاسای نێودەوڵەتییان بەكارهێناوە، واتە سعودیە و ئێران دەتوانن لە نێو ئیسلام و یاسای نێودەوڵەتیدا بواری ئەوە بدۆزنەوە كە بە شێوەیەكی ئاشتییانە بەرژەوەندییەكانیان بهێننەدی. لە راستیدا زەحمەتە لە دۆخێكدا كە توندڕەوەكان ئاگری رق و قین خۆش دەكەن، بتوانیت بەسەر بێ متمانەییدا زاڵ بیت. هەرچۆنێك بێت، لە هەردوو وڵاتدا سەركردەی باش هەن كە دەتوانن زەمینەی هاوبەش بدۆزنەوە. كارێكی یارمەتیدەر دەبێت ئەگەر ئەمەریكا و هێزەكانی دیكەی هاندەریان بن لەم رووەوە.

* بەڵام تا ئێستا ئیسرائیل خۆی بەدوورگرتووە لە بارودۆخی پڕ لە پشێویی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئایا لێكدانەوەیەكی راستە ئەگەر بڵێین ئیسرائیل سوودمەندی سەرەكییە لەم پاشاگەردانییەی لە ناوچەكەدا دروست دەبێت؟
- ئیسرائیلیش بەچەشنی هەر وڵاتێكی دیكە نیگەرانە لە دروستبوونی پشێوی و ناكۆكی. چونكە ئەم شەڕ و ناكۆكییانە ئەگەرەكانی ئاشتی سنووردار دەكەن. هەروەها جێی داخە كە دوژمنایەتی لە ئاست ئیسرائیلدا بۆ ناسەقامگیركردنی ناوچەكە بەكار دەهێندرێت. بە چەشنی هەر شوێن و ناوچەیەكی دیكە شەڕ و ناكۆكی كەسە توندڕەوەكان دەهێنێتەپێشەوە لە ئیسرائیل، ئەمەش خزمەت بە بەرەوپێشبردنی ئاشتی ناكات.
* ئاشكرایە لە كوردستاندا دەوڵەتی ئەمری واقیع هەیە و ئەم هەرێمە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ هەڵسوكەوت دەكات، بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی رەسمی دانی پێدانەنراوە، هەروەها ئەم هەرێمە توانیویەتی بەرگەی دژوارییەكان بگرێت. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەگەرەكانی دانپێدانانی رەسمی بە كوردستاندا لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە چۆن دەبینن؟

بە دڵنیاییەوە هەرێمی كوردستان- كوردستانی عێراق- هەموو پێداویستییەكانی بوون بە دەوڵەتێكی سەربەخۆی بەدی هێناوە. تەنیا پێویستی بە دانپێدانانە. ئومێدەكە ئەوەیە كە دەرفەتەكانی گۆڕانكاری ئاشتییانە بۆ رێزگرتن لە خواستەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ئایندەیەكی نزیكدا بێنەدی. دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەرس لە شكستەكانی وەربگرێت كاتێك نەیتوانی لە سەروەختی رێككەوتنی سایكس پیكۆدا خواست و خەونەكانی گەلانی ناوچەكە لەبەرچاو بگرێت.
Top