ئەمریكا بەپێی بەرژەوەندی خۆی بڕیار دەدات، مەرج نییە هەموو كاتێك وەك سعودیە و ئیسڕائیل بیربكاتەوە
April 16, 2015
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر ستیفن بیدل گەورە توێژەری ئامۆژگای پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكایە و لە هەر دوو وڵاتی عێراق و ئەفغانستان راوێژكاری سوپای ئەمریكا بووە وەك ستراتیژناسێكی سەربازی بۆ دابینكردنی سەقامگیری لە عێراق و ئەفغانستان و رۆڵێكی هێجگار زۆری گێڕاوە لە زیادكردنی هێزی ئەمریكا لە 2007 بۆ عێراق و پاشانیش لە سەركەوتنی هێزەكانی ئەمریكا لە ساڵانی 2007-2008 بەسەر تیرۆریستانی ئەلقاعیدە لە عێراقدا. بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كێشە و ئاژاوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە وتووێژێكی تایبەتدا، پرۆفیسۆر بیدل بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.ستیفن بیدڵ راوێژكاری پێشووی سوپای ئەمریكا لە عێراق بۆ گوڵان:ئەمریكا بەپێی بەرژەوەندی خۆی بڕیار دەدات، مەرج نییە هەموو كاتێك وەك سعودیە و ئیسڕائیل بیربكاتەوە
* رێككەوتنی نێوان ئێران و ئەمریكا لەسەر پرسی پڕۆژەی ئەتۆمیی ئێران، را و بۆچوونی جیاوازی لە ناو ئەمریكا دروستكردووە، ئایا تا چەند ئەم بۆچوونە جیاوازانە لە ناو رای گشتی رەنگدانەوەی هەیە و تاچەند لەسەر شێوازی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە كاریگەری دەبێت؟
- ئەو راپرسییانەی من بینیومن لە ئەمریكا پشتیوانییەكی بەهێز دەردەبڕن بۆ رێككەوتنەكە، تێكڕای خەڵكەكە نا، بەڵام زۆرینەی خەڵكی ئەمریكا پشتیوانی لە رێككەوتنەكە دەكەن. بۆی هەیە ئەمەش گۆڕانكاری بەسەردا بێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی رۆژنامەكان زیاتر و زیاتر گفتوگۆ لەبارەی لایەنەكانی رێككەوتنەكە دەكەن، بەڵام حاڵی حازر خەڵكی ئەمریكا پشتیوانی لێدەكەن. لە پەیوەندی بەوەی كە ئایا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی بوێری پتر بدات بە ئێران، ئەوا زۆر كەس پێیانوابوو چەكی ئەتۆمی دەبێتە هۆی ئەوەی بوێری پتر بدات بە ئێران، لە كاتێكدا رێككەوتنەكە بە مانای ئەوە دێت كە –ئێران- نابێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، بەلای كەمەوە لە 10 بۆ 15 ساڵی داهاتوودا. بەڵام ئەگەر رێككەوتنەكە شكست بێنێت و لە ئەنجامدا ئەمریكا كردەوەی سەربازی ئەنجام بدات بۆ تێكشكاندنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، ئەوا رەنگە ئەمە داینامیكیەتێكی پێشبینی نەكراو دروست بكات كە ئێران پتر دەستدرێژی بكات لە ناوچەكە بۆ ئەنجامدانی تۆڵەسەندنەوە بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لە بەرامبەر كردەوە سەربازییەكەی ئەمریكادا، ئەمە لە كاتێكدا گەیشتن بە رێككەوتنێك بە مانای ئەوە دێت ئەمە روونادات، بەلای كەمەوە لە ماوەی 10 بۆ 15 ساڵی داهاتوودا.
* بەڵام ئەگەر سەیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەین، بەتایبەتی هاوپەیمانە تەقلیدییەكانی ئەمریكا رەخنەی زۆر جددی لە ئیدارەی ئەمریكا دەگرن بەوەی نەدەبوایە ئەم رێككەوتنە بكات، لەبەر ئەوەی ئەم رێككەوتنە دەبێتە هۆكاری ئەوەی نفووز و كاریگەریی ئێران لە ناوچەكەدا زیاتر بێت، ئایا وەك تایبەتمەندێك لەسەر ئەم پرسە چۆن سەیری ئەو لایەنە دەكەن؟
- پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ هاوپەیمانەكانی بەتایبەتی سعودیە و ئیسرائیل هەندێ جار ساردوسڕییان تێدەكەوێت و هەندێ جار پەیوەندیگەلێكی گەرم و گوڕ دەبن، واتە بە تێپەڕبوونی كات دەگۆڕێت، بەڵام هاوپەیمانێتییەكە بەردەوام دەبێت، ئەمەش بە مانای ئەوە نایەت هەرگیز گرژی ناكەوێتە پەیوەندییەكانەوە. دوای گرتنەدەستی ئیدارەی ئەمریكا لەلایەن ئۆباماوە پەیوەندییەكانی ئیسڕائیل و ئەمریكا تەواو گرژ بوون، كە پەیوەستن بە چەند هۆكارێكەوە و هەموویان لە بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێراندا كورت نابنەوە، بەڵكو گرژی لە پەیوەندی بە كردەوەكانی ئیسڕائیل لە بواری دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێكردن بۆ جوولەكەكان و گرژی لە پەیوەندی بە پشتیوانیی ئیسڕائیل بۆ گفتوگۆكان، كەواتە چەند هۆكارێك هەن بۆ ئەوەی ئەمریكا و ئیسڕائیل تەبا نەبن لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا. ئیسڕائیل دەیەوێت ئەمریكا زۆر پێداگیر بێت لەسەر كەمكردنەوەی ئەگەرەكانی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە بۆ نزمترین ئاست، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە ئەمریكا هەر كارێك بكات دەبێت ئەوە بێت كە ئەوان دەیانەوێت. ئەمریكا شوێن بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی خۆی دەكەوێت، كە هەمیشە ئەو بەرژەوەندییانەش لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئیسڕائیل یەك ناگرنەوە.
* ئەوەی جێگەی هەڵوەستەكردنە ئەوەیە كە دەستوەردانی سەربازی لە یەمەن و شاڵاوی بۆ سەر حوسییەكان زۆر كتوپڕ و لە كاتێكدا بوو كە تازە شای سعودیە كۆچی دوایی كردبوو، شا سەلمان تازە دەست بەكاربوو، ئایا ئەم كاردانەوە لەناكاوەی سعودیە بەرامبەر بە حوسییەكان چی دەگەیەنێت؟
- سعودیە پێش گەیشتن بە رێككەوتنەكە و تەنانەت پێش ئەوەی بزاندرێت ئەو رێككەوتنەش لە چی پێكهاتووە، هێزی لە یەمەندا بەكار هێناوە. لەبەر ئەوە پێموایە سعودیە هۆكاری خۆی هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی سەربازی تێوەبگلێت لە یەمەن كە ئەو هۆكارانە هیچ پەیوەندییەكیان بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە نییە. رەنگە پتر بیانەوێت ئەم كارە ئەنجام بدەن، دوای گەیشتن بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، بەڵام سعودیە بەرژەوەندی خۆی هەیە لە یەمەندا كە گرێدراو نین بە پرسی ئەوەی ئایا ئێران چەكی ئەتۆمی بەدەست دەهێنێت، یان نا.
* ئەگەر دووبارە ئەو پرسیارە بكەمەوە، ئایا ئەم رێككەوتنە نابێتەهۆی ناڕەحەتكردنی هاوپەیمان و دۆستەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە؟ یاخود ئایا چۆن ئەمریكا پشتیوانی لە دۆستەكانی دیكەی لە هەردوو بەرەكەدا دەكات؟
- منیش دووبارەی دەكەمەوە، مەرج نییە هەمیشە ئەمریكا ئەو كارانە بكات كە هاوپەیمانەكانی داوای لێدەكەن، ئەمریكا شوێن بەرژەوەندی خۆی دەكەوێت كە زۆرجار -بەڵام هەمیشە نا- لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی هاوپەیمانەكانمان یەك دەگرنەوە، بەڵام لەم كەیسەدا بەتایبەتی ئیسڕائیل و سعودیە دەیانەوێت ئەمریكا ئەركە قورسەكە ئەنجام بدات و لە بری ئیسڕائیل و لە بری سعودیە رێگری لە ئێران بكات، بۆ ئەوەی چەكی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، واتە دەیانەوێت ئەمریكا هەموو مەترسییەكە هەڵبگرێت و خۆشیان هەموو قازانجەكە بچننەوە. مەرج نییە ئەمریكا ئەو كارانە بكات كە ئەوان دەیانەوێت بیكات لەو رووەوە. گرنگە جەخت لەسەر ئەوە بكەینەوە كە هیچ یەكێك لەم لایەنانە نایانەوێت ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، ئیدارەی ئەمریكا باوەڕی وایە ئەم رێككەوتنە دەبێتە هۆی رێگریكردن لە ئێران بۆ ئەوەی نەبێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، لە كاتێكدا ئیسڕائیل و سعودیە دەیانەوێت رێككەوتنێكی سەختتر بكرێت، بۆ ئەوەی ئێران ملكەچ بكەن، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئیدارەی ئەمریكا هەستێكی بەهێزی هەیە كە ئەم رێككەوتنە رێگری لە ئێران دەكات لەوەی چەكی ئەتۆمی بەدەست بێنێت، ئەگەر ئەمەش راست بێت، ئەوا هەم ئامانجی ئیسڕائیل و هەم ئامانجی سعودیە و هەروەها ئامانجی ئەمریكاش بەدی دێت.
* لەم بارودۆخە ئاڵۆزە كوردستان ناچارە دوای ئایندەی خۆی بكەوێت، هەر بۆیە ئێستا بە راشكاوی باس لە سەربەخۆیی كوردستان دەكرێت، بەرامبەر ئەم پرسە راتان چییە؟
-گرنگترین شت بۆ ئەمریكا و بۆ كوردستان ئەوەیە چۆن بەرامبەر داعش رادەوەستن و چۆن ئەو مەترسییانە ناهێڵن كە داعش لەو ناوچانەی كۆنتڕۆڵی كردوون، ئێستا دروستی كردوون، ئەمە گرنگترە بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان، بۆ ئەمریكا و كورد و عەرەبە عێراقییەكانیش، ئیدی كوردستان سەربەخۆ بێت، یان نا. ئەگەر كوردستانی سەربەخۆ یارمەتیدەر بێت لە برەودان بە ئەجێندا سەرەكییەكە كە بریتیە لە تێكشكاندنی داعش و لە ناوبردنی هەڕەشەی تیرۆریستی لەسەر كورد و عەرەب و ئەمریكا و ئەوانی دیكە، ئەوا من پشتیوانی لێدەكەم و پشتیوانی هەر شتێك دەكەم كە ببێتەهۆی هێنانەدی ئامانجە گەورەكە، ئەگەر ئەمە بەوە بكرێت كە كوردستان پتر بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو هەڵبگرێت، ئەوا هیچ گرفتێك نییە لەمەدا و ئەگەر بەوە بكرێت كوردستان پتر لە سەربەخۆیی دووربخرێتەوە، ئەوا با ئەمە بگیرێتەبەر. وای دەبینم لە ئێستادا شەڕەكە و چارەسەركردنی شەڕەكە بە شێوەیەكی سەركەوتووانە ئەولەوییەتی هەموو لایەكە.
* دوا وتەتان چییە؟
- تاكە پەیامێك كە هەمبێت بونیادنانەوەی دەوڵەتی عێراقە كە بتوانێت خاكی خۆی كۆنتڕۆڵ بكات و بتوانێت جێگە بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەكانی سەرجەم عێراقیەكان بكاتەوە، ئەوە ئامانجێكی یەكجار گرنگە، بەڵام ئەگەر لە بری ئەوەی عێراق بەم شێوەیە بنیاد بنرێتەوە كە رێز لە سەرجەم عێراقییەكان بگرێت و كۆنترۆڵی خاكی خۆی بكات، واتە ئەگەر لەبری ئەمە وڵاتەكە دابەش بێت، كە ئەمەش هەر تەنها لەوەدا سنووردار نابێت كە ئایا كوردستان سەربەخۆ دەبێت، یان نا، بەڵكو پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا سوپای دەوڵەت دەتوانێت كۆنتڕۆڵی خاك بكات؟ یاخود رێكخراوە غەیرە دەوڵەتییەكانی وەك میلیشیا شیعە و سوننەكان یان گرووپە غەیرە دەوڵەتییەكانی دیكە كۆنتڕۆڵی خاك دەكەن؟ ئەمە رێگەیەكی زۆر زۆر مەترسیدارە بۆ عێراق بۆ ناوچەكەش. نیگەرانییەكی زۆر هەیە كە عێراقییەكان و ئەوانی دیكە رازی بن بە دووەم چارەسەر، واتە لەبری ئەوەی دەوڵەتی عێراقی ئەم كارانە بكات، ئەوا رازی دەبن میلیشیا و گرووپە چەكدارە غەیرە دەوڵەتییەكانی دیكە ئەم كارە بكەن، تەنها لەبەر ئەوەی ناتوانین وا لە دەوڵەتی عێراقی بكەین ئەم ئەركە ئەنجام بدات. پێموایە ئەوە رێگەیەكی مەترسیدارە كە بۆی هەیە سەربكێشێت بۆ پشێوی و ئاژاوە كە دەكرێت كوردستانی گەشەكردوو ئارام بێت، وەك بەشێك لە دەوڵەتی عێراقی كە بەرژەوەندییە سیاسییەكانی خەڵكەكەی بێنێتەدی و خاكی خۆی كۆنتڕۆڵ بكات، بەڵام خۆی لە نێو شەڕێكی ناوخۆیی درێژخایەندا ببینێتەوە. خاڵێكی دیكە كە بمەوێت بە خوێنەرانتانی بڵێم ئەوەیە بنیادنانەوەی دەوڵەتی عێراق ئامانجێكە لە بەرژەوەندی هەموو لایەكدایە.
