كەمال موسلیم وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی بۆ گوڵان:خوێندنی ئایینی كەموكوڕی گەورەی هەیە دەبێت بە شێوەیەك چارەسەری بكەین لەگەڵ سەردەم بگونجێت

كەمال موسلیم وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی بۆ گوڵان:خوێندنی ئایینی كەموكوڕی گەورەی هەیە دەبێت بە شێوەیەك چارەسەری بكەین لەگەڵ سەردەم بگونجێت
كوردستان رووبەڕووی شەڕێكی گەورەی تیرۆریستانی داعش بۆتەوە كە لە ژێر پەردە و ناوی پیرۆزی ئیسلامدا مەبەستیانە هەرچی كاری دڕندانە و نامرۆڤانەیە پەرەدەپۆشی بكەن، لەمەش زیاتر دەیانەوێت بە رێگەی گوتنەوەی چەند ئایەتێكی قورئان و چەند فەرموودەیەكی پێغەمبەر (د.خ) خەڵكی چەواشە بكەن. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و رێگرتن لە دیاردەی توندوتیژی و چەندین پرسی دیكە كە پەیوەستە بە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كەمال موسلیم وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئیسلامی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد و بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان رووبەڕووی شەڕێكی داسەپاوی تیرۆریستی داعش بووەتەوە و ئەو شەڕەش بە ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەرهەق بە نەتەوەكەمان دەكرێت، راتان سەبارەت بەم پرسە چییە و تا چ رادەیەك توانراوە لە رێگەی وەزارەتەكەتانەوە رووبەڕووی ئەم هێرشە ببنەوە؟
-راستە ئەم شەڕەی دەوڵەتی بە ناو ئیسلامی داعش بە ناوی پیرۆزی ئیسلامەوە دژ بە نەتەوەكەمان دەكرێت و گەلی كوردستانی رووبەڕووی كۆمەڵكوژی كردۆتەوە، بەڵام ئەو تاوانانەی كە داعش لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی و دەرهەق بە گەلی كوردستان ئەنجامی دەدات، هیچ پەیوەندیەكی بە ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە نییە و گوزارشت لە پەیامی راستەقینەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ناكات، لەم روانگەیەوە وەزارەتی ئەوقاف بە هەموو دەزگاكانی، بەتایبەتی لە مینبەری مزگەوتەكانەوە لەلایەن مامۆستایانی ئایینی هەر لە سەرەتای شەڕی داسەپاوی داعش بەسەر كوردستان رووی راستەقینەی ئەم گرووپە تیرۆریستە چەكدارەیان بۆ هاووڵاتیان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاشكرا كردووە و بەتوندی رووبەڕووی ئەم فیكرە توندوتیژی و ئیرهابییە بووینەوە.
* ژمارەیەكی زۆری مزگەوت و دێر و كەنیسە و پەرستگای سەر بە ئایین و ئایینزاكان لەهەرێمی كوردستان بوونیان هەیە، ئایا تاچ رادەیەك توانیوتانە هەنگاو بەرەو پێكەوەژیان لەنێوان هەموو ئایینزاكان بنێن؟ ئایا پێوەندیتان لەگەڵ ئایینەكانی دیكەدا چۆنە؟
- بوونی مزگەوت و دێر و كەنیسە و پەرستگاكان لە كوردستان بەڵگەیەكی روونە بۆ ئەو پێكەوەژیانە ئاشتییانەی كە لە دێرزەمانەوە لە كوردستان هەیە، ئەمەش مێژوویەكی دوور و درێژ و رەگێكی قووڵی هەیە، بە رادەیەك ئەم پێكەوەژیانەی نێوان ئایین و ئایینزاكان بووەتە كەلتووری خەڵكی كوردستان و زادەی ئەمڕۆ و رووداوەكان نییە، بۆیە وەزارەتی ئەوقاف زیاتر پەرە بەم پێكەوەژیانە دەدات و پەیوەندی نێوان پەیڕەوانی ئایینی و ئایینزاكانی كوردستانیش زۆر باشە و هیچ كێشەیەك لەنێوانیاندا نییە، لەوەزارەتی ئەوقافیش بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مەسیحییەكان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئێزیدییەكان هەیە كە كارەكانی ئەم دوو پێكهاتەیە رادەپەڕێنن.
* مینبەری مزگەوتەكان موڵكی هیچ كەس و لایەنێك و بۆچوونێكی دیاریكراو نییە، ئایا تا چ رادەیەك كار بۆ ئەم پرەنسیپە كراوە كە مینبەری مزگەوتەكان بێلایەن بێت و چۆن لەگەڵ ئەم پرسە مامەڵەتان كردووە؟
- بەدڵنیاییەوە مینبەری مزگەوتەكان موڵكی هیچ كەس و لایەنێك نییە و نابێ لە بەرژەوەندی، یان لە دژی هیچ كەس و لایەنێك بەكار بێت، ئەم بابەتەش بەردەوام جەختی لەسەر دەكرێتەوە، هەر وتارێكیش سووكایەتی، یان دژایەتی هەر لایەن و پێكهاتەیەك بكات، یان سووكایەتی و ناوزڕاندنی تێدا بێت، وتاربێژەكە بەپێی یاسا رووبەڕووی لێپێچینەوە دەكات.
* خوێندنی وتاری هەینی و ئایینیی مامۆستایان چۆن رێكدەخرێت، تاوەكو نەبێتە هۆكارێك بۆ توندوتیژی و بۆ بەمەستی سیاسی بەكارنەهێندرێت؟
- خوێندنەوەی وتاری هەینی مامۆستایان بەردەوام بەدواداچوونی بۆ دەكەین و وەكو وەزارەتی ئەوقافیش رێگە نادەین وتاری هەینی هانی توندوتیژی تێدا بدرێت.
* بوونی ئینتیمای حزبی لە لایەن پیاوانی ئایینییەوە تا چەند رێگە پێدراوە و لەسەر چ بنەما و رێنمایی و یاسایەك رێگری لەتێكەڵبوون و دەستێوەردانی حزبی دەكرێت؟
- من لەگەڵ ئەوەدام واباشترە كە مامۆستای ئایینی بێلایەن بێت، بەڵام لای ئێمە گرنگ نییە ئینتمای بۆ چ حزب و لایەنێكی سیاسی هەیە، گرنگ ئەوەیە نابێت ئەو ئینتمایەی لە كارەكانی و وتارەكانیدا رەنگ بداتەوە، پێگە و مینبەری مزگەوت نابێت بۆ بەرژەوەندی حزبەكەی دژی لایەنەكانی دیكە بەكار بهێنێت.
* پێوەندی وەزارەتەكەتان لەگەڵ یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان و لیژنەی باڵای فتوا چۆنە ؟ ئایا چۆن فتوا رێكخراوە؟
-پەیوەندی وەزارەتی ئەوقاف لەگەڵ یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان باشە و لێژنەی فەتوا تەنها مەرجەعە كە فتوای لێ وەردەگیرێت.
* ئایا دەكرێت بگوترێت شوێنە ئایینیەكانمان و دامودەزگاكانی وەزارەتی ئەوقاف هەنگاویان بەرەو بە دامەزراوەیی مەدەنی ناوە؟
- سەبارەت بە دامەزراویكردنی دامودەزگاكانی وەزارەتی ئەوقاف ئێمە لە هەوڵی جددیداین و ئەم مەسەلەیە بەلای ئێمەوە گرنگە.
* مەسەلەی خوێندنی ئیسلامی وەزارەتی ئەوقاف بە كوێ گەیشتووە، ئایا كێشەكانی پڕۆگرام و نەبوونی مامۆستا و دامەزراندنی دەرچووانی ئەو خوێندنگەیانە چارەسەر كراون؟
- خوێندن لە وەزارەتی ئەوقاف كەموكوڕی گەورەی تێدایە، خەریكین چارەسەری بنەڕەتی بۆ بدۆزینەوە و بە دامەزراوەیی بكەین بە شێوەیەك لەگەڵ خوێندنی سەردەمدا بگونجێت.
* سەفەركردنی حەج و رێكخستنی ئەو پرۆسەیە بۆ ئەمساڵ چۆن بوو؟ ئایا لەوەزارەت كێشەیەكتان هەیە بە ناوی كەموكورتی یان پێشێلكردنی رێنماییەكان لە مەسەلەی حەج، یان كۆمپانیاكانی ئەم بوارە كەمتەرخەم نەبوون؟
-بۆ حەجی ئەمساڵ هەموو ئامادەكارییەكانمان كردووە، هەوڵیشمان داوە كە كەمترین كەموكوڕی لەحەجی ئەمساڵدا هەبێت و زۆرترین خزمەت بە حاجییان بكرێت.
* ئایا تاچەند توانیوتانە لە داهاتی وەزارەتی ئەوقاف سوودمەند بن كە ساڵانە زیاتر لە دوو ملیار دینارە؟
- لە ئێستادا لەبەر كێشەی دارایی نەمانتوانیوە سوود لەم داهاتە وەربگرین، بەڵام لەمەودوا دەگەڕێتەوە حیسابێكی بانكی تایبەت بە وەزارەتی ئەوقاف كە كارپێكردن لە دەسەڵاتی وەزارەتی ئەوقاف دەبێت.
Top