میلیشیای حەشدی شەعبی شیعە ئەو كارە دەكەن كە خۆیان دەیانەوێت نەك ئەوەی ئەمریكا داوایان لێدەكات

میلیشیای حەشدی شەعبی شیعە ئەو كارە دەكەن كە خۆیان دەیانەوێت نەك ئەوەی ئەمریكا داوایان لێدەكات
پڕۆفیسۆر مارینا ئۆتاوا پێشتر بەڕێوەبەری پڕۆگرامەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە لە ئامۆژگای كارینجی و ئێستا گەورە تۆێژەرە لەسەر سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق لە ئامۆژگای وۆردۆ ولسن بۆ دیراساتی ستراتیژی و یەكێكە لە شرۆڤەوانە جیهانییەكان لەسەر پرسی عێراق و كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ قسەكردن لەسەر شەڕەكانی ئەم دواییەی حەشدی شەعبی و هەنگاوەكان بۆ گرتنەوەی موسڵ، چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كردو بە مجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
مارینا ئۆتاوا گەورە توێژەری ئامۆژگای وۆردۆ ولسن بۆ گوڵان:میلیشیای حەشدی شەعبی شیعە ئەو كارە دەكەن كە خۆیان دەیانەوێت نەك ئەوەی ئەمریكا داوایان لێدەكات

*ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆك كۆمار رایگەیاند بەكارهێنانی حەشدی شەعبی بۆ گرتنەوەی ئەنبار و تكریت و موسڵ شەڕەكە دەگۆڕێت بە شەڕێكی تایفەگەری لە نێوان شیعە و سوننە، لەبەر ئەوە داوای كرد ئەم هێزە بەشداری لە گرتنەوەی موسڵدا نەكات، تا چەند گرنگە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەم دۆخە لە بەر چاو بگرن؟
- ئێران بە بەراورد بە ئەمریكا هاوكاری تۆكمەتری عێراق دەكات لە شەڕەكەیدا دژ بە داعش، لەو رووەوە كە پشتیوانی زەمینی بۆ دەستەبەر دەكات، نەك تەنها هاوكارییەكی ئاسمانی. گومان لەوەدا نییە كە هۆكاری سەرەكیی دەستێوەردانی ئێران بریتییە لە شەڕكردن لە دژی داعش. دروستبوونی دەوڵەتێك كە لەلایەن رێكخراوێكی سوننی رادیكاڵەوە كۆنتڕۆڵ كرابێت مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر ئێران. ئەگەر داعش سەركەوتوو بوایە لە زاڵبوون بەسەر پێشمەرگەدا، ئەوا دەبوونە هاوسنووری ئێران. ئەگەرچی ئامانجی سەرەكی ئێران شەڕكردنە لە دژی داعش، نەك بەرپاكردنی شەڕ لە دژی سەرجەم سوننەكانی عێراق، ئەوا دەستێوەردانی ئێران بۆی هەیە بارگرژی تایفەگەری بەرەو هەڵكشان ببات، ئەگەر ئەو میلیشیا شیعانەی ئێران پشتیوانییان دەكات، دەست بدەنە ئەنجامدانی تاوان لە دژی سوننەكان. تەنانەت ئەگەر ئەم كارەش نەكەن، ئەوا بوونی میلیشیای شیعە لەو ناوچانەدا كە سوننەكان زۆرینەن تێیاندا دەبێتە هۆی ئەوەی سوننەكان ترسیان لێ بنیشێت.
*ئایا دوای گرتنەوی موسڵ پێشبینی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی دەكەن لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا و پێویستە كورد لەو بوارادا چی بكات؟
- هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ناتوانێت رێگری لە بەشداریكردنی میلیشیا شیعەكان بكات لە گرتنەوەی موسڵ. حكومەتی عێراق و میلیشیا شیعەكان ئەو كارە دەكەن كە دەیانەوێت، نەك ئەو كارەی كە ئەمریكا پێیان دەڵێت بیكەن. من گومانم هەیە لەوەی عەبادی بتوانێت میلیشیا شیعەكان لە شەڕی موسڵ دوور بخاتەوە، چونكە هێزی پێویستی نییە لە ناو سوپای رێكخراوی عێراقدا، نیگەرانین لەوەی هۆكاری هەڵكشانی بارگرژی تایفەگەری هەیە.
*هۆكاری زیادبوونی دەستڕۆیشتوویی و كاریگەری ئێران لە عێراقدا بۆچی دەگەڕێننەوە؟
- ئەگەر توركیا و سعودیە رۆڵێكی چالاكتریان بگێڕایە لە شەڕی دژ بە داعش، ئەوا بۆی هەبوو ئەم پشتیوانییەیان بۆ حكومەتی عێراق ببووایەتە هۆی ئەوەی كەمتر پشت بە ئێران ببەستێت، بەو پێیە هاوكار دەبوون لە سەقامگیركردنی عێراقدا. كێشەكە لە ئێستادا ئەوەیە كە بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی سوپاكەی عێراق پێویستییەكی بە پەلەی پشتیوانی سەربازی هەیە، ئێرانیش زۆرترین پاڵپشتی دەستەبەر كرد بۆ ئەم وڵاتە كە رووبەڕووی هەڕەشە بۆتەوە. كاریگەری ئێران كەم نابێتەوە، تاوەكو عێراق پشت بە هاوكاری ئێران ببەستێت. لە حاڵەتی میسالیدا، نابێت ئێران دەستێوەردان لە كاروباری عێراقدا بكات، بەڵام ئەو دەست لەم كارە هەڵناگرێت. بەو پێیە، دەستێوەردانی زیاتری سعودیە و توركیا رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی هاوسەنگییەك بۆ بارودۆخەكە بگەڕێنێتەوە.
* چۆن لە بەیعەتدانی رێكخراوە رادیكاڵ و توندڕەوەكان دەڕوانێت بە داعش، كە بەم دواییە بۆكۆ حەرامیش ئەم كارەی كرد، ئایا ئەمە چ بایەخێكی هەیە؟
- لە رووی رەمزییەوە، داعش بۆتە سیمبولی ئیسلامی سوننەی رادیكاڵ لە هەموو شوێنێك كە زۆرێك لە رێكخراوەكانی بەیعەت و پەیمانی پێدەدەن. بەڵام لە رووی عەمەلییەوە بەیعەتدان بە دەوڵەتی ئیسلامی لەلایەن بۆكۆ حەرامەوە رەنگە مانایەكی زۆری نەبێت. تا ئێستا ئاماژەی ئەوە لە ئارادا نییە كە داعش هاوكاری بۆكۆ حەرام بكات. لەلایەكی دیكەوە هەندێ بەڵگە هەن كە داعش لە لیبیا تێوەگلاوە، هەروەها لە سیناش، كەواتە راگەیاندنی بەیعەتدان لەو ناوچەیەدا پتر بایەخێكی رەمزی دەبێت.
*جگە لە عێراق و سووریا و لوبنان، میلیشیا شیعەكان لە یەمەنیش بوونیان هەیە- وەك حوسیەكان- هەروەها لە بەحرێنیش، ئایا ئەمە زەمینەی شەڕێكی بەربڵاوی ئیقلیمی دروست نەكردووە؟
- من هیچ ئاماژەیەك بەدی ناكەم كە میلیشیا شیعەكان ئامادەكاری بكەن بۆ شەڕێكی گەورە بۆ دەست بەسەرداگرتنی تەواوی ناوچەكە، خۆ ئەگەر ئەم كارەش بكەن، ئەوا رووبەڕوی دژوارییەكی زۆر دەبنەوە. دەكرێت میلیشیا شیعەكان سوود لە لاوازی و هەڵە سیاسییەكانی حكومەتەكان وەربگرن بۆ پێشڕەویكردن. بۆ نموونە، سەركەوتنی حوسیەكان بۆ دەست بەسەرداگرتنی سەنعا لەبەر ئەوە بوو كە بۆ چەندین مانگ بوو حكومەتی –ئەو وڵاتە- لە پشێویدا بوو، بەڵام سنوورێك هەیە بۆ هێزی میلیشیا شیعەكان. ئەوەتان لە یاد بێت كە جگە لە بەحرێن شیعەكان لە سەرجەم وڵاتە عەرەبییەكاندا كەمینەن.
* لەسەر بەشداریكردنی ئەمریكا و ناتۆ لەگەڵ گاردی شۆڕشگێڕی ئێرانی و حەشدی شەعبی و حزبوڵڵا لە شەڕەكەیاندا دژی داعش راتان چییە؟
- لە ناوچەكەدا بارگرژی لە نێوان ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیدا هەیە، ئەمە گومان هەڵناگرێت. بەڵام ئەوەش ڕاست نییە بڵێن ئەمریكا شەراكەت لەگەڵ هەموو رێكخراوانەدا دەكات كە ئێوە ئاماژەتان پێكردن. ئەوان بێ ئەوەی ببنە هاوپەیمان پێكەوە كار لە دژی دوژمنێكی هاوبەش دەكەن، بەو چەشنەی كە ئەمریكا و یەكێتی سۆڤیەت بێ ئەوەی هاوپەیمانی یەكتر بن، بەڵام شەڕیان لە دژی هیتلەر و ئەڵمانیا دەكرد. ئەو وڵاتانەی خۆشحاڵ نین بەم پێكەوەبوونەی ئێران و ئەمریكا ئەوا دەبێت بڕیارێك بدەن: ئایا دەیانەوێت ئەمریكا بەشدار بێت لە شەڕی دژ بە داعش تەنانەت ئەگەر ئێرانیش شەڕ لەگەڵ داعشدا بكات؟ یان دەیانەوێت ئەمریكا لە عێراق و سووریا بكشێتەوە و گۆڕەپانەكە چۆڵ بكات بۆ ئەوەی ئێران ببێتە تاكە وڵاتێك كە هاوكاری عێراق بكات لە شەڕی داعشدا؟
Top