خەریكە جۆرە لێكتێگەیشتنێك لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان دروست دەبێت
March 26, 2015
دیمانەی تایبەت
لایەنە كوردستانییەكان بە مەرج بەشداریی حكومەتە نوێیەكەی (د.حەیدەر عەبادی)یان كرد و ماوەیەكیان دیاریكرد بۆ ئەوەی بزانن نییەتی بەغدا سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە، بەڵام وێڕای ئەوەش هێشتا لە نێوان بەغدا و هەولێر جۆرێك لێكتێنەگەیشتن هەیە لەگەڵ ئەوەی هەردوولایان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە پابەندن بەو رێككەوتنەی كە ئەم حكومەتە تازەیەی لەسەر دامەزراوە و ناكۆكی و كێشەكان دەگێڕنەوە بۆ لێكتێنەگەیشتن لە بواری تەكنیكی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە. بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئێستای نێوان هەولێر و بەغدا و چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2015، ئەو وتووێژەمان لەگەڵ خەسرۆ گۆران سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەنجامدا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.خەسرۆ گۆرانسەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق:خەریكە جۆرە لێكتێگەیشتنێك لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان دروست دەبێت
* سەرەتای دامەزراندنی حكومەتی عێراق كورد بە مەرج متمانەیان بە كابینەكەی عەبادی دا، تەنانەت سێ مانگ بوار درایە حكومەتەكەی عەبادی تاوەكو نیازپاكی لە بەرنامە و كارەكانی دەركەوێت، ئایا وەكو نوێنەرانی كوردستان لەبەغدا تا چ رادەیەك بەدواداچوونتان بۆ كاری حكومەت كردووە؟
- سەرەتا بە پێویستی دەزانم باسی پێكهاتەی نوێی پەرلەمانی عێراق بكەم، كە لە سێ گرووپی گەورە و دوو گرووپی بچووكتر پێكهاتووە، لیستی هەرە گەورە كە هاوپەیمانی نیشتمانییە و حزبە شیعەكان پێكەوە كۆدەكاتەوە، لیستی دووەمیش كە لیستی كوردستانییە و خاوەنی 65 ئەندامە لە 20%ی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق پێكدەهێنێت. لەدوای لیستی كوردستانیش دوو لیستی سوننە دێت كە هەردوو لیستی ئیتحیادی قوەی عێراقییە بە 54 ئەندام و لیستی عەللاویش كە 19 ئەندامیان هەیە، هەرچەندە ئەم لیستە دوو سێ ئەندامی شیعەش لەخۆدەگرێت، بەڵام بە سوننە هەژمار دەكرێت، هەروەها لەناو پەرلەمان دوو گرووپی چەپەكانیش هەیە بە ناوی تەحالف مەدەنی دیموكراتی كە 5 كورسییان هەیە، لیستی پێكهاتەكانیش 6 كورسییان هەیە كە كەسایەتی توركمانی و ئێزیدی لەخۆدەگرن. لەسەرەتای دامەزراندنی حكومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی عەبادی ئێمە وەك لایەنە كوردستانییەكان، هەروەها عەرەبە سوننەكانیش بە تەحەفوزەوە بەشداریمان كرد لە متمانەدان بە حكومەت، ئێمە هەندێك خاڵ و سەرنجمان هەبوو لایەنەكانی دیكەش چەند خاڵێكیان هەبوو، لە رۆژی متمانەدان بە حكومەت ئێمە بەیانێكی سیاسیمان خوێندەوە كە پێكهاتبوو لە 6 خاڵ و بۆ ماوەی 3 مانگیش بوارمان دا بە حكومەت بۆ ئەوەی بزانین نیەت و نیازپاكی حكومەتەكەی عەبادی بەرامبەر داواكارییەكانی كورد چۆنە، هاوكات سوننەكانیش وەرەقەی سیاسیان بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتبوو: «بۆ ماوەی 3 تا 6 مانگ بوار بە حكومەتەكەی عەبادی دەدەین تاوەكو بزانین تا چ ئاستێك وەرەقەی سیاسیمان جێبەجێ دەكرێت». بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەك لەناو پەرلەمان بە ناوی- لیژنەی بەدواداچوونی كاری حكومەت و بەرنامەی سیاسی حكومەتی عەبادی – هەیە، كە پێكهاتووە لە سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان، منیش یەكێك لەو ئەندامانەم لەناو لیژنەكە، بەشێوەیەكی گشتی ئێستا جۆرە تەباییەك لەناو پەرلەمانی عێراق هەیە، تەباییەكەش رەنگدانەوەی تەبایی سیاسییە، بەڵام گەر ئەو بارودۆخە سیاسییە بەرەو ئاڵۆزی بچێت، ئەوە لەناو پەرلەمانیش ئارامی و تەبایی نامێنێت. لەسەر دۆسیەكان لە هەندێك خاڵ لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی نزیكین و لەهەندێك خاڵی دیكە لەگەڵ سوننەكان، لەهەوڵی ئەوەشداین پێوەندییەكانمان لەگەڵ هەموو لایەنەكان باش بكەین.
* ئایا لە ناو لێژنەی (بەدواداچوونی كاری حكومەت و بەرنامەی سیاسی حكومەتی عەبادی) كار لەسەر بەدواداچوونی جێبەجێكردنی مافەكانی كورد دەكرێت، بەتایبەتی كاتێك لە جێبەجێكردنی زۆر لە مافەكانی كورد رێگری و ئاستەنگ هەیە ؟
- من پێموایە ماف نادرێت و وەردەگیرێت، راستە لەعێراقدا دەستوور و یاسا هەیە و كورد بەشدارە لەحكومەتی عێراق، بەڵام تا ئێستاش مافەكانی كوردستان پێشێل دەكرێت، بۆ نموونە ئەگەر دەستوور پێشێل نەكرایە ماددەی 140ی دەستووری و لە 17%ی بودجەی كوردستان جێبەجێ دەكرا، پێشمەرگەش كە شەڕی داعش دەكات دەبوایە لە مەنزوومەی بەرگری عێراقدا پڕچەك بكرایە و بودجە و مووچەیان بدرایەتێ، ئەمە لەكاتێكدا مافەكانی هێزی پێشمەرگە لەناو پڕۆژەیاسای بودجە دیاریكراوە، كەچی بە هاوشێوەی زۆر لە دۆسیەكانی دیكەی نێوان هەرێم و عێراق دۆسیەی پێشمەرگەش هەنگاوی پراكتیكی بۆ نەنراوە و بگرە ئاستەنگ و بەربەستی لەبەردەم دانراوە، لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە وەكو نوێنەرانی كوردستان لەبەغدا بەردەوام دەبین لەجێبەجێكردنی ئەو هەنگاوە حەكیمانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەینێت لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان.
* ئێستا سەرەڕای ئەوەی رێككەوتنێك لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا هەیە، بەڵام هەنگاوەكان لە رووی پراكتیكییەوە لەلایەن بەغداوە بە سستی بەڕێوەدەچێت، پێتوا نییە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا زیاتر سیاسییە، نەك تەكنیكی؟
- لەمانگی 10ی 2014 رێككەوتنێكی سەرەتایی لە نێوان هەولێر و بەغدا كرا، بەمەش سەهۆڵبەندانی نێوان هەردوو لا شكا و دەرفەتێك بۆ دانوستان و گفتوگۆكان هاتەپێش و ئاڵۆزییەكان رووی لە خاوبوونەوە كرد. بەپێی خاڵە سەرەكییەكانی ئەم رێككەوتنە حكومەتی هەرێم تا مانگی 12 ی 2014 رۆژانە دەبێت 150 هەزار بەرمیل نەوت بنێرێت و لە بەرامبەریشدا حكومەتی بەغدا هەموو مانگێك نیوملیار دۆلار تەسلیمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات. كاتێكیش لە مانگی 12/ 2014 شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتنەوە بەغدا و ئەو رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا پەسەند كرا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوت و 300 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی چاڵە نەوتەكانی كەركووك لە رێگەی بۆرییە نەوتییەكانی كوردستان رەوانەی دەرەوە بكات، حكومەتی بەغداش لە 17%ی بودجە تەسلیم بە حكومەتی كوردستان بكات، ئێمە توانیمان رێككەوتننامەكەی نێوان كوردستان و عێراق چوارچێوەیەكی یاسایی بدەینێ و بیخەینە ناو پڕۆژەیاسای بودجەوە و دەنگی لەسەر درا، بەمەش گەر بڕگەكانی رێككەوتننامەكەی نێوان كوردستان و عێراق لەلایەن حكومەتەكەی عەبادییەوە جێبەجێ نەكرێت، یا كەمتەرخەمی تێدا بكرێت،ـ بە پێشێلی یاسایی دادەنرێت. سەبارەت بە بۆچوونەكانی هەردوو حكومەتی كوردستان و عێراقیش بەوەی حكومەتی عێراق دەڵێت: كوردستان وەكو پێویست نەوت نانێرێت، حكومەتی كوردستانیش دەڵێت: حكومەتی عێراق بەپێی پێویست پارە نانێرێت، ئەمە كێشەیەكی پەرلەمانی نییە، بەڵكو كێشەیەكی تەكنیكی و متمانەییە لەنێوان هەردوو حكومەتی كوردستان و عێراق، ئەمەش مانای ئەوە نییە ئێمە بەدواداچوون بۆ چارەسەركردنی كەموكورتییەكان ناكەین، بۆ ئەم مەبەستەش وەكو شاندی پەرلەمانی عێراق چاومان كەوت بە جەنابی سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەتی كوردستان و لە نزیكەوە گوێبستی تەواوی كێشەكە بووین، لە بەغداش بۆ ماوەی سێ كاتژمێر لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووینەوە و پاڵپشتی سەركەوتنی رێككەوتنامەكەمان كردو پێمان راگەیاند كە ئەم رێككەوتنە لە بەرژەوەندی هەردوو حكومەتی عێراق و كوردستانە، هەربۆیە پێویستە رێگە نەدرێت بیانوو بدۆزرێتەوە تاوەكو رێككەوتنەكە تێكبدرێت، لەبەرامبەردا عەبادی بەڵێنی پێداین بەردەوام بێت لەهەوڵدان لەپێناو جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە و دەرگاش كراوەیە كە شاندی كوردستان بچێتەوە بەغدا تاوەكو دووبارە باس لە كێشە تەكنیكییەكانی بەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بكرێت، بڕیاریشە شاندی كوردستان بچێتەوە بەغدا و سێ بارە لەگەڵ حكومەتی بەغدا دابنیشێت بۆ ئەوەی رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت و هۆكاری نەناردنی رۆژانەی ئەو بڕە نەوتە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە روونبكرێتەوە.
* بەڵام لە رووی پراكتیكییەوە كێشەو گرفتەكان روو لە چارەسەر ناكات لە 2014 حكومەتی عێراق بودجەی بۆ هەرێمی كوردستان نەنارد، لە 2015 بەهەمان شێوە بە بیانووی قەیرانی داراییەوە پارەی كوردستان بە كەموكورتی نێردرا، لەكاتێكدا پڕۆژەیاسای بودجەتان لەپەرلەمان پەسەند كرد، ئایا ئەمە پێشێلكاریی یاسایی نییە؟
- بوونی ئێمە لە بەغداو بەردەوامی دانوستان و گفتوگۆكان گرنگە، تەنانەت ئەگەر بەرەو سەربەخۆییش هەنگاو بنێین دەبێت كێشەو گرفتەكانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین، كێشەكانی یاسای نەوت و غاز و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بودجەی پێشمەرگە و بودجەی هەرێم دەبێت رووەو چارەسەركردن بچێت، ئەمڕۆ پێگەی كوردستان لەبەغدا بەهێزە و ئێمە پارێزگایەكی عێراق نین و هەرێمێكی بچووكیش نین و هەموو لایەنەكان حیساب بۆ كوردستان دەكەن، هەر بۆیە بوونی عەقڵیەتی دژ بە كورد ئەو كاریگەرییەی لەسەرمان نابێت، هەڵوێستیشمان دەبێت لە پێشێلكردنی مافی كوردستان لە بودجەدا، بەڵام جارێ دەرگاكان دانەخراون و رێككەوتنێك لە نێوان كوردستان و عێراق هەیە و یاسایەك هەیە بە ناوی بودجە كە دەبێت حكومەتی عێراقی پابەند بێت بەوەی پارە بۆ كوردستان بنێرێت، لەم رووەوە چاوەڕوانی ئەنجامی دانوستانی شاندی كوردستانین كە بڕیارە بچێتە بەغدا.
* لەچەند رۆژی رابردوودا شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە چووە بەغدا و گفتوگۆیان لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق كرد، كە لەم دۆسێیەدا پێشمەرگە مافێكی گەورەی فەوتاوە، كەچی بۆ گرتنەوەی شاری موسڵ باس لە بەشداری پێشمەرگە دەكرێت؟
- گەرچی لە یاسای بودجە و رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا باس لە بودجەی پێشمەرگە كراوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە، لە رێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغداش هاتووە كە پارە بۆ پێشمەرگە خەرج دەكرێت بەپێی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان، واتا لە وەزارەتی بەرگری عێراق دەبێت بەپێی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان كە بە 17% دادەنرێت پارە بۆ هێزی پێشمەرگە خەرج بكرێت، لەم ماوەیەشدا شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە چووە بەغدا و لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق كۆبوونەوە، وەكو ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی كوردستانی كار لەسەر بەدواداچوونی ئەم دۆسێیەش دەكەین و پێشتریش كارمان لەسەر كردووە، تەنانەت پێش سەردانی شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق ئێمە سەردانی وەزیری بەرگری عێراقمان كردووە و باس و گفتوگۆمان لەسەر بەشە بودجەی پێشمەرگە كرد، هەروەها باسی رزگاركردن و پلانی ئازادكردنی شاری موسڵیشمان كرد، بەڵام تا ئێستا وەڵامی ئەو پرسیارە روون نەبۆتەوە و بڕیاریشی لەسەر نەدراوە كە بۆ رزگاركردنی ناو شاری موسڵ پێشمەرگە بەشداری دەكات، یان نەء، لەكاتێكدا بەبێ هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان ئەستەمە هێز و سوپای عێراق بتوانێت بەئاسانی كۆنترۆڵی شاری موسڵ بكات، بێگومان بێ هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان رزگاركردنی شاری موسڵ زۆر سەخت دەبێت و باجەكەی لەسەر سوپای عێراق گران دەبێت.
* ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە پارێزگاری لێكراوە و لەم پێناوەشدا پێشمەرگە قوربانییەكی زۆری داوە، كەچی ئێستا باسی حەشدی شەعبی دەكرێت، ئایا سەبارەت بەم پرسە چی دەڵێن؟
- قارەمانێتی پێشمەرگە و بەرگریكردنی لەشەڕی داعشدا جێگەی رێزو پێزانینی سەرجەم لیست و ئەندامانی ناو پەرلەمانە، پێشمەرگە بەو بێ بودجە و توانای لۆجیستی و بە چەك و جبەخانەی كەمەوە توانی بەرگری لەو ناوچانە بكات كە شەش فرقەی عێراق نەك نەیتوانی بەرگری بكات، بگرە سوپای عێراق دوای تەسلیمكردنی هەموو چەك و جبەخانەكانیان بەداعش ئەو ناوچانەی جێهێشت و خەڵكەكەی خستە بەردەم ئایندەیەكی نادیار، پێشمەرگەش وەكو هێزێكی نیشتمانی و نەتەوەیی بە ئەركی خۆی هەڵسا لە پارێزگاریكردنی هاووڵاتیانی كوردستان، تاوەكو هێزێكی تیرۆریست و توندڕەوی وەك داعش ئەو ناوچانە داگیر نەكات، ئەوەبوو هەتا ئەمڕۆش پێشمەرگە بە گیان و خوێن بەرگری لەناوچە كوردستانییەكان دەكات و زۆربەی خاكی كوردستانیشی گەڕاندەوە، ئەو ناوچانە بەشێكی دانەبڕاون لەهەرێمی كوردستان. سەبارەت بەهێزەكانی حەشدی شەعبیش كە هەردوو لیستی هاوپەیمانی شیعە و عێراقی ئەوەی سوننەیە لەگەڵ بوونی حەشدی شەعبین، ئێمەش وەكو لیستی كوردستانی دژی خودی وشەی حەشدی شەعبی نین، پێشتریش لە 2007 و 2008 و 2009 بە ناوی سەحوە ویستیان هێز دروست بكەن، بەڵام دەرئەنجامەكەی دیار بوو، ئێمە جگە لەهێزی پێشمەرگە لەدژی هەموو هێزێكی سەربازین لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و ئێستاكە خەریكین و كار بۆ ئەوە دەكەین لەو یاسایانەی دەردەچن بەتایبەتی لەیاسای گاردی نیشتمانی و شەهیدان حسابێك بۆ شەهیدە سەربەرزەكانی پێشمەرگە بكرێت.
