بەشداریی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕدا هۆكاری سەرەكیی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیە
February 5, 2015
دیمانەی تایبەت
سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕی دژ بە داعش ئومێدی بۆ ئایندەی سەرفرازیی كوردستان دروستكردووە، یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانیش ئاستەنگ و دژوارییەكانی ئاسانكردووە و هەر بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیش دەسكەوتی زیاتر بە دەستدەهێندرێت، بۆ قسەكردنی لەسەر رەوش و ورەی پێشمەرگە لە بەرەی گەرمەسێر ئەم وتووێژەمان لەگەڵ جەعفەر شیخ مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری پێشمەرگەی كوردستان ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی میحوەری گەرمەسێر بۆ گوڵان:بەشداریی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕدا هۆكاری سەرەكیی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیە
* سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە بە سەر تیرۆریستانی داعشدا، هیوایەكی گەشی بۆ ئایندە دروستكردووە، ئایا وەك فەرماندەیەكی پێشمەرگە چۆن سەیری ئەم شەڕە دەكەیت؟
- من وای دەبینم سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بە سەر تیرۆریستانی داعشدا، بەرەو سەربەخۆیی كوردستان دەچێت، ئەو كێشە و هەڕەشانەی ئێستا رووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە، هەموویان كاتین بە خۆڕاگری میللەتەكەمان ئەم قۆناخە تێدەپەڕێنین و هەنگاو بۆ سەربەخۆیی و سەرفرازی هەڵدەگرین.
* بۆ ئەم قۆناخە دوای پشتیوانی خوا، یەكڕیزی گەلی كوردستان و یەكڕیزی و یەكدەنگیی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە، ئایا تاچەند لە ئێستادا یەكڕیزی بۆ ئەم قۆناخەی نەتەوەكەمان گرنگە؟
- كاتێك دەڵێم ئەم قۆناخە بە خۆڕاگریی میللەتەكەمان تێدەپەڕێنین، دیارە پێش هەموو شت خۆڕاگریی میللەتەكەمان لە یەكڕیزیمانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمەش واتە یەكڕیزی و یەكدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەكان، ئەو كێشە و هەڕەشانەی ئەمرۆ رووبەڕووی نەتەوەكەمان دەبێتەوە، تەنها هەڕەشە نین بۆ سەر بەشێك، یان لایەنێكی سیاسی، بەڵكو ئەمە هەڕەشەیە بۆ هەموومان و تاك بە تاكی هەموو خەڵكی كوردستان، بۆ رەواندنەوەی ئەم هەڕەشەیەش پێویستمان بە یەكڕیزی هەیە و تەنها بە یەكگرتوویی دەتوانین بەرپەرچی دوژمنانی ئەم خاكە بدەینەوە، مێژووی رابردووشمان ئەوەی بۆ سەلماندووین هەركاتێك یەكڕیز و یەكدەنگ بووبین بەرامبەر هەڕەشەكان، توانیومانە هەڕەشەكان بڕەوێنینەوە و تێیانبپەڕێنین، هەر كاتێك یەكڕیز بووبین دەسكەوتی زۆر باشمان بەدەستهێناوە، هەر كاتێكیش پەرتەوازە بووبین، ئەوا نەمانتوانیوە ئەو مەترسییانە لە خۆمان دوور بخەینەوە.
* وەك فەرماندەیەكی سەربازی لە نزیكەوە ئاگاداری بەرەكانی شەڕی پێشمەرگەن لەدژی تیرۆریستانی داعش، لە ماوەی ئەم شەڕەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە بەرەكانی شەڕ بووە و سەردانی هەموو بەرەكانی شەڕەكەشی كردووە، ئایا تاچەند بوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەرەكانی شەڕدا بۆتە سەرچاوەی ورەی پێشمەرگە و كارئاسانی بۆ تێكشكاندنی داعشییەكان كردووە؟
- سەرۆك بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستانیشە، لە مێژووی خۆیدا هەر پێشمەرگە بووە و هەمیشە لەگەڵ پێشمەرگە لەناو سەنگەردا بووە، بۆیە گومانی تێدا نییە كاتێك پێشمەرگە دەبینێت سەرۆك و فەرماندەكەی شان بە شانی ئەو لە بەرەكانی شەڕدایە و لە سەنگەر لەگەڵیدایە و لە خۆشی و ناخوشیدا ئاگای لێیەتی، ئەوا تین و تەوژمێكی زیاتر و بە گوڕ و ورەیەكی زیاترەوە ئەو پێشمەرگەیە شەڕدەكات، بۆیە من پێموایە بوونی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ماوەی چەند مانگی رابردوو لە بەرەكانی شەڕ و لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا، هۆكارێكی سەرەكی و گرنگی ئەو سەركەوتنایە كە پێشمەرگە بەدەستی هێناون و بەشی شێری ئەو سەركەوتنانە بۆ بوونی بەڕێزیان لە بەرەكانی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە. ئەگەر خودی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەرەكانی شەڕەكە نەبوایە، ئەو سەركەوتنانە بەدەست نەدەهاتن، سەردانەكانی سەرۆك بۆ هەموو بەرەكانی شەڕ تا جەلەولا و خانەقین و كۆبوونەوەی لەگەڵ هەموو فەرماندەكانی بەرەكانی شەڕ، وایكردووە كە دوای كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، فەرماندەكان بە گوڕوتین و ورەیەكی زیاترەوە بچنەوە سەنگەرەكانی پێشمەرگە، ئەم حاڵەتە بۆ پێشمەرگە زۆر گرنگە، چونكە پێشمەرگە فێرنەبووە پێی بڵێیت بڕۆ بۆ شەڕ، بەڵكو دەبێت پێی بڵێت وادەڕۆم تۆش لەگەڵم وەرە، بۆیە بوونی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕ ئەوەی گەیاند، كە هەمیشە بە پێشمەرگە دەڵێت وادەڕۆم تۆش دوام بكەوە، بۆیە بەڕاستی بوونی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕ زۆر گرنگ بووە، هۆكارێكی گرنگیش بووە بۆ ئەو سەركەوتنانەی پێشمەرگە بەدەستی هێناون.
* بەڕێزت پێشتر وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوویت و لە نزیكەوە ئاگاداری هێزی پێشمەرگەی كوردستانیت، دیارە ئەم شەڕەی تیرۆریستانی داعش، یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە بە زەروورەت، بۆ ئەمەش بڕیاری پەرلەمانی كوردستان و راسپاردە و رێنمایی سەرۆكی كوردستان نێردراوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، ئایا بۆ ئێستا یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە تا چەند گرنگە؟
- هەر نەتەوەیەك خاوەنی كیان و قەوارەیەكی سیاسی بێت، گرنگە هێزەكەشی لە چوارچێوەی یاسا و نیزام رێكخرابێت و هیچ حزب و لایەنێكی سیاسی خاوەنی هێزی تایبەت بەخۆی نەبێت، لەم چوارچێوەیەدا دەبێت هێزی چەكدار ملكەچی یاسا بێت، ئەوجا ئەو هێزە هێزی سەربازی وەك هێزی پێشمەرگە، یان هێزی ئاسایش و پۆلیس بێت، یان هێزی دیكەی دژەتیرۆر، بۆیە گرنگە ئەم هێزانە هەریەكەیان بەپێی تایبەتمەندی خۆیان لە چوارچێوەی وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئەنجوومەنی ئاسایش رێكبخرێن، بۆ ئێستای كوردستان فرە هێزی زیانمان پێدەگەیەنێت، راستە پێشمەرگەی شاخ پێشمەرگەی حزب بووە و ئەم دەستكەوتەی ئەمڕۆمان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگەیە، بەڵام ئەمڕۆ حكومەتمان هەیە و هەرێمی كوردستان هەیە، پێویستمان بەوەیە یەك هێزی پێشمەرگەمان هەبێت، یەك سەنتەری بڕیار هەبێت و لەچوارچێوەی یاسا و نیزامدا هەموو هێزی پێشمەرگە یەكبخرێت و هەموویان یەك مەشق بكەن و وەك یەك پڕچەك بكرێن و وەك یەك پێداویسیتییەكانیان بۆ دابینبكرێت. ئەم شەڕەی تیرۆریستانی داعش بۆی دەرخستین فرە هێزی و بوونی سەنتەری بڕیاری جیاواز سوودی نییە، بۆیە هەتا ئێستاش هیچ بەربەستێكی سیاسی بۆ یەكخستنەوەی هێزەكان بوونیان نییە، ئەوەی هەبووە كێشەی لابەلا بووە، وەك نەبوونی بودجە و كێشەكانی ئەم شەڕە، بۆیە لە ئێستاوە گرنگە بڕیاری پەرلەمان و فەرمان و بڕیار و رێنماییەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەمووی وەك خۆی سەد لە سەد جێبەجێ بكرێن، نابێت هێزی چەكدار سەر بە هیچ هێز و لایەنێك بێت و دەبێت هەموو هێزەكان ملكەچی یاسا و نیزام بن.
