پڕۆفیسۆر رۆس رۆدید توێژەر لە سەنتەری ترۆمان بۆ گوڵان:دەبێت خۆتان شەڕی بە جینۆساید ناساندنی كارەساتی كوردانی ئێزیدی بكەن
December 11, 2014
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر رۆس رۆدید توێژەری باڵایە لە ئامۆژگای هاری ترۆمان بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پسپۆڕ و تایبەتمەندە لە سەر مێژووی ئیسلام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها ئافرەت لە روانگەی ئیسلامەوە، بۆ قسەكردن لەسەر رەفتارەكانی تیرۆریستانی داعش بەرامبەر بە كچان و ژنانی كوردانی ئێزیدی، ئەو خاتوونە بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو:«من بۆ ماوەیەكی دوور و درێژە لە بارەی پرسی ئافرەت لە روانگەی ئیسلامەوە دەنووسم و نووسینەكانیشم بڵاودەكەمەوە، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەوەندەی من دەیزانم لە بارەی ئیسلامەوە، رێگە نادات خەڵك بكوژن و دەستدرێژییان بكەنەسەر، یان هەتك (اغتصاب)یان بكەن، بەپێی شەریعەتی ئیسلامی كوشتن و دەستدرێژی كردنەسەر ئافرەتان كارێكی ناشەرعییە، هەروەها زۆربەی ئەو موسڵمانانەی من دەیانناسم داعش بە ئیسلامی نازانن و تەنانەت دژی ئەوەشن كە ئەوان خۆیان بە ئیسلامی بناسێنن و دەڵێن ئەوەی ئەوان دەیكەن، پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە. راستە تیرۆریستانی داعش ئەو كارە دڕندانەیان دژی كچان و ژنانی كوردی ئێزیدی ئەنجامداوە، بەڵام ئەوەی ئەوان دەیكەن، شتێكی شەرعی نییە و پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە. لە ئیسلامدا رێگە بە توندوتیژی دژ بە ئافرەتان نەدراوە، لە قورئاندا هاتووە پیاو دەتوانێت هاوسەرەكەی خۆی پەروەردە بكات، وەك ئەوەی لەگەڵ كوڕەكەی دەیكات، بەڵام نەك توندوتیژی جەستەیی بەكار بهێنێت لە دژی، بەڵام ئێمە دەزانین كە پیاو ناتوانێت لە هاوسەرەكەی بدات، لەبەر ئەوەی خەڵكی دەتوانێت لە دادگا سكاڵا بكات و دادگاش رایدەگەیەنێت كە ناتوانێت لە هاوسەرەكەی بدات و ناكرێت شوێنی لێدان لەسەر جەستەی جێبهێڵیت و ناكرێت پیاو هەر كاتێك تووڕە بێت، لە هاوسەرەكەی خۆی بدات، بەڵكو دەتوانێت پەروەردەی بكات، ئەمە خاڵی یەكەم. خاڵی دووەم ئەوەی پێی دەگوترێت كوشتن لەسەر شەرەف، ئەوا ئەمە كارێكی ئیسلامی نییە، من ناڵێم نەكراوە، ئەم كارە كراوە، بەڵام لە ئیسلامەوە سەرچاوەی نەگرتووە، ئافرەت ناكوژرێت بە بێ پەنابردن بۆ دادگا و گرتنەبەری رێكاری گونجاو، تەنها لەبەر ئەوەی پێتوایە كارێكی كردووە بە دڵی تۆ نەبووە، سەبارەت بە پرسی بە جینۆساید ناساندنی ئەو كۆمەڵكوژییە و رفاندن و بە كۆیلەكردنی كچان و ژنانی كوردی ئێزیدی، من لە ئەزموونی خۆمەوە وەك نەتەوەیەك كە ئەو كارەساتەمان پێشتر بەسەردا هاتووە باسی دەكەم، من كەسێكی جوولەكەم و جوولەكەكانیش ئەزموونی (هۆلۆكۆست)یان هەیە و دەزانن جیهان دەتوانێت سەبارەت بە جینۆساید چی بكات و چ كاتێك ئەو كارە بكات. بۆیە پێتان دەڵێم: پشت بە جیهان مەبەستن، دەبێت ئەوەتان پێ بڵێم، وەك ئێمە دەبێت خۆتان شەڕەكە بكەن و جیهانیش پشتیوانیتان دەكات. پێموایە هەندێ لێكچوون هەیە لە بارودۆخەكەدا و جیهانیش ئەوە دەكات كە لە بەرژەوەندی خۆیدایە. كەس نكۆڵی لەوە ناكات كە كورد هەیە، ئەوان زمانی خۆیان و كەلتووری خۆیان هەیە و ئەوەی نییانە تەنها دەوڵەتە. من تەواو سەرسامم بەوەی كوردەكان چەند بە حەزەرن و ئێوە دەستكەوتی زۆرتان بەدەستهێناوە و ناتانەوێت لەدەستی بدەن.
