دەیڤید پۆلۆك گەورە تۆێژەری ئامۆژگای واشنتۆن بۆ گوڵان: واشنتۆن ئامادەیە مەشق و راهێنان بە سێ فیرقەی پێشمەرگە بكات و هەتا ئاستی ستاندەر پڕچەكیان بكات

دەیڤید پۆلۆك  گەورە تۆێژەری ئامۆژگای واشنتۆن بۆ گوڵان: واشنتۆن ئامادەیە مەشق و راهێنان بە سێ فیرقەی پێشمەرگە بكات و هەتا ئاستی ستاندەر پڕچەكیان بكات
پڕۆفیسۆر دەیڤید پۆلۆك گەورە تۆێژەری ئامۆژگای واشنتۆنە بۆ دیراسەتی رۆژهەڵاتی نزیك، هەتا ساڵی 2002 گەورە راوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە، ئیستاش تایبەتمەندە لەسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و كورد و عێراق بەتایبەتی، بۆ قسەكردن لەسەر سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی توركیا (داودئۆغڵۆ) بۆ هەولێر و بەغدا و هەروەها ئاكامی سەردانی شاندنی هەرێمی كوردستان بۆ كۆنگرێس ئەم وتووێژەمان لەگەڵ ئەنجامداو بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی.
* دوای سەردانەكەی ئەحمەد داودئۆغلۆی سەرۆك وەزیرانی توركیا بۆ بەغداو هەولێر، باس لەوە دەكرێت بەغدا هەڵویستی سەبارەت بە هەناردە كردنی نەوتی كوردستان نەرم بووە، ئایا بەغدا ئەو ناڕەزایەتییانەی پێشتر لەسەر هەناردەكردنی نەوت لەسەر هەرێمی كوردستان تۆماری كردووە، دەیانكێشێتەوە؟
- پێموایە هەوڵی زیاتر هەیە بۆ گەیشتن بە نەرمی نواندن و لێكنزیك بوونەوە لە نێوان بەغدا و هەولێر، بە دڵنیایەوە گەورەترین ئاماژەی ئەوەش بریتییە لە رێككەوتنی كاتیی لەبارەی داهات و هەناردەكردنی نەوتەوە لە كوردستان، ئەوەی دوێنی من بینم ئەوە بوو بەغدا نیو ملیۆن دۆلاری بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان رەوانە كرد، وەك بەشێك لەم تەرتیباتە كاتییە نوێیە. بۆیە بە دڵنیاییەوە كەشێكی نوێ و بەرەوپێشچوونی عەمەلی هاتۆتە ئاراوە لە نێوان بەغدا و هەولێر و ئەنكەرە، تورك و كورد و عەرەبەكانیش بەوە خۆشحاڵن و ئەمە دۆخێكە لە بەرژەوەندی هەموویاندایە.
* چۆن لە هەوڵەكانی توركیا بۆ پێداچوونەوە بە هەڵوێست و سیاسەتەكانی لە ئاست شەڕی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكەدا دەڕوانیت؟
- پرسی سەرەكیی ئەوەیە ئایا هەڵوێستی توركیا چییە لە دەستێوەردانی سەربازی لە سووریا؟ پێموایە حكومەتی توركیا پشتیوانی داعش ناكات و هەوڵدەدات رێگری لە چوونی پارە و چەك و چەكدار بكات بۆ گرووپە هەر توندڕەوە جیهادییەكان. ئەوە بەرەوپێشچوونێكی ئیجابییە. مەسەلەكە ئەوەیە ئایا توركیا هەنگاوی دواتر هەڵدەگرێت و بەڕاستی بەشداری دەكات لە رێی بنكەی سەربازی و پشتیوانی لۆجیستی و ...هتد لە شەڕەكەدا و لە ناوچە سنوورییەكان، لە سنووری توركیا و سووریا، لە كۆبانێ و ناوچەكانی دیكە؟ لێرەدا پێموایە هێشتا توركیا مەرجی هەیە كە واقیعی نین، وەك ناوچەی دژەفڕین و تەركیزكردن لەسەر رزگاربوون لە بەشار ئەسەد و رژێمەكەی، نەك جەختكردنەوە لەسەر رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش وەك ئەولەویەتی یەكەم. بەداخەوە هێشتا ئەمە پرسێكە كاری زۆری دەوێت.
* بەم دواییە شاندێكی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتبوون لە فوئاد حوسێن و فەلاح مستەفا سەردانی واشنتۆنیان كرد بۆ ئەوەی قەناعەت بە ئەمریكا بهێنن چەكی قورس و پێشكەوتوو بداتە پێشمەرگە، بۆچونی ئێوە لەوبارەیەوە چییە؟
- بەڵێ، من چاوم بە د.فوئاد حوسێن و فەلاح مستەفا كەوت كاتێك لێرە (ئەمریكا) بوون، من دەزانم بەتایبەتی لە كۆنگرێس گفتوگۆیەكی زۆریان كرد لە بارەی ئەم مەسەلەیەوە، رۆژنامەكانی ئەمریكاش رووماڵێكی باشیان بۆ كرد. بەڵام تێگەیشتنی من ئەوەیە ئەمە مەسەلەیەكە هێشتا گفتوگۆیەكی زۆری لەبارەوە دەكرێت و هێشتا چارەسەر نەكراوە، من شەخسی خۆم پێموایە بیرۆكەیەكی باشە كە ئەمریكا چەكی قورس و پێشكەوتوو بداتە پێشمەرگە، پێموایە ئەوە روودەدات، بەڵام هەنگاوەكان خاون و هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو خاڵە.
* یەكێكی دیكە لە ئامانجەكانیان بریتی بوو لە باسكردن لە تاوان و كاولكارییەكانی شنگال، ئایا چۆن دەكرێت ئەمریكا دان بەوەدا بنێت كە پێویستە قەرەبوویان بكاتەوە، وەك ئەوەی بەڵێنی داوە؟
- من دەڵێم لێرەدا چەند پرسگەلێكی جیاواز هەیە، بۆچوونی من ئەوەیە وەسفكردنی بە جینۆساید پرسێكی ئەوەندە گرنگ نییە، من دەزانم ئەمە مەسەلەیەكی عاتیفییە، بەڵام ئەوەی زیاتر گرنگترە لە قسەكردن، بریتییە لە هاوكاریی راستەقینە و عەمەلی بۆ ئەوانەی رزگاریان بووە لە شنگال و ئەوانەی گیریان خواردووە لەوێدا. ئەمریكا هاوكارییەكی زۆر دەكات و هاوكارییەكی زۆری كردووە بۆ ئەو كەسانە و بۆ هەموو ئاوارە و پەنارەكان لە رووی یارمەتی مرۆییەوە لە عێراق و سووریا. هەروەها لە رووی سەربازییەوە هاوكاری كردووە لە رێی هێرشە ئاسمانییەكانەوە و هەوڵەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق بۆ رزگاركردنی ئێزیدییەكان و ئەو كەسانەی دیكەش كە لەلایەن داعشەوە گەمارۆ دراون. من دەزانم هێشتا خەڵكانێك هەن كە گیریان خواردووە و پێویستیان بە هاوكارییە و هیوادارم ئەو هاوكارییەیان پێبگات. بەڵام ئەو هاوكارییە عەمەلییانە زۆر گرنگترن لە هەڵبژاردنی دەستەواژەیەك بۆ چۆنیەتی وەسفكردنی ئەم تراژیدیایە، هیچ گومانیش لەوەدا نییە ئەمە تراژیدیایەكی مرۆیی گەورەیە.
* چۆن لە سیاسەتی نەوتی كوردستان و كاریگەریەكانی لەسەر ئایندەی كورد دەڕوانیت؟
- ئەمەش مەسەلەیەكە گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، رێككەوتنە كاتییەكەی نێوان بەغدا و هەولێر مایەی هاندانێكی زۆر بوو كە بوار دەدات بە كوردستان بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا نەوت و غاز هەناردە بكات و داهاتەكەی دابەش بكرێت. پێموایە ئایندەیەكی زۆر گەش چاوەڕێی هەناردەی وزەی كوردستان دەكات، كە ئێستا توركیاش لە نزیكەوە هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات لەم رووەوە. پێموایە حكومەتی ئەمریكا ویستی ئەمە بەرەوپێش بچێت، بەڵام بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا. هەڵسەنگاندنی من لە ئێستادا ئەوەیە ئەمە ئەگەرێكی واقیعییە، بەڵام لە سایەی حكومەتەكەی مالیكی، یان لە سایەی دەسەڵاتی شەهرستانی وەك وەزیری وزەی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق ئەگەرێكی واقیعی نەبوو، واتە ئێستا كەسانێكی نوێ لە بەغدا دەسەڵات بەدەستن، بۆیە دەكرێت لە رێی رێككەوتنەوە كێشەكان چارەسەر بكرێت، نەك رووبەڕووبوونەوە.
* واتە ئێوە گەشبینن بە گەیشتن بە رێككەتن لە نێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستاندا؟
- بەڵێ، لە راستیدا ئەمەش مایەی ئومێدی زۆرە، من دەزانم ئەمە كێشەیەكی ئاڵۆز و سەختە، بەڵام ئاماژەكانی دوو هەفتەی رابردوو زۆر ئیجابیترن بە بەراورد بە چەند مانگێك پێش ئێستا.
* پێشمەرگە سەلماندی كە توانای بەرەنگاربوونەوەی داعشی هەیە، ئەمە لە گرتنەوەی بەنداوی موسڵ و زومماردا بەدی كرا، ئایا تا چ راددەیەك ئەمریكا و ئەوروپا بە پێدانی چەكی قورس و پێشكەوتوو بۆ لە ناوبردنی داعش پشتیوانی پێشمەرگە دەكەن ؟
- پێموایە ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و ئەوان یەكێك لە هەرە گرنگترین هاوپەیمانەكان لە دژی داعش دەزانن، ئێمە بەرژەوەندی روون و بەهێزی هاوبەشمان هەیە لەو مەسەلەیەدا. ئەمە گۆڕانێكی زۆر گرنگە لە سیاسەتی ئەمریكا كە لە هاویندا روویدا و دەرئەنجامی راستەوخۆی هەڕەشەی كتوپڕی داعش بوو لەسەر كوردستان و عێراق و سووریا بە تێكڕا. ئێمە ئامادەین كە بەلای كەمەوە راهێنان بە سێ فیرقە لە هێزەكانی پێشمەرگە بكەین و چەك و تفاقیان پێ بدەین بۆ ئەوەی تواناكانیان بۆ ئاستی ستاندارد بەرز بكەینەوە، ئەمریكاش دەیەوێت بە هەماهەنگی حكومەتی عێراق ئەم كارە بكات. راستییەكەش ئەوەیە بۆ یەكەمجارە هاوكاری و هەماهەنگی كارا لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا دەكرێت، پێموایە ئەوەش پەرەسەندنێكی زۆر ئیجابییە.
* چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ كە بە شێوەیەكی فەرمی ئەو كارە كرا، چ خوێندنەوەیەكی بۆ دەكەن؟
- بەڵێ ئەوە كێشەیەك بوو لە نێوان هەرێمی كوردستان و پەیەدە لە سووریا و پەیەگە و حكومەتی توركیا كە توانییان لە كۆتاییدا بگەنە رێككەوتنێك لەو بارەیەوە. بە باوەڕی من رەوتەكەی لە كۆبانێ گۆڕی و رێگری كرد لەوەی داعش ئەو شارە ستراتیژییە بگرێت، بەڵام لە راستیدا ئەمە كردەوەیەكی زۆر بچووكە، چونكە ئێمە باسی تەنها چەند سەد پێشمەرگەیەك دەكەین، هەروەك ئەوەی من تێیگەیشتبم. پێموایە لە مەودای دووردا باشترە ئەگەر رێككەوتنێكی گەورەتر بكرێت بۆ كۆكردنەوەی هێزە كوردییە جیاوازەكان لە ناوچەی سنووری عێراق و سووریا و توركیا. بەلای منەوە ئەوەی لە ئایندەدا پێویستە بكرێت ئەوەیە كە قسە بكرێت و بە كردەوە ئەنجام بدرێت، نەك تەنها لەبارەی كۆبانێ، بەڵكو لەبارەی تەواوی ناوچەكەوە، لە عەفرینەوە بۆ قامیشلۆ و زیاتریش بەرەو ناوچەی سنووری توركیا و سووریا و عێراق و كورد.
* هیچ شتێكی دیكەت ماوەی لەبارەی شاندەكەی كوردەوە بیڵێیت؟
پێموایە ئەو شاندە ئاماژەیەكی زۆر روونە لەبارەی هاوكاری گەورەتری نێوان حكومەتی ئەمریكا و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا مەسەلەیەك هەیە كە كێشەیە، ئەویش ئەوەیە هێشتا هەست ناكرێت هاوكارییەكی نزیك لە نێوان بەغدا و هەولێردا هەیە. بۆچوونی من ئەوەیە شتێكی واقیعی نییە كە كوردەكان چاوەڕێی ئەوە بكەن كە ئەوان تەنها شەریكی ئەمریكا بن لە عێراقدا، كێشەكە زۆر گەورەیە و راستە پێویستە هاوپەیمانی لە نێوان ئەمریكا و هەرێمی كوردستاندا هەبێت، بەڵام پێویست بە هاوپەیمانی لە نێوان ئەمریكا و هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقیشدا دەكات، لە هەر كاتێكی دیكەش زیاتر پێویستمان بەو هاوپەیمانێتییە هەیە. ئەمە خاڵێكە كە من شەخسی خۆم دەمەوێت كەش و تێڕوانینێكی باشتر لە نێوان سەرجەم لایەنەكانی ئەم گفتوگۆیەدا هەبێت.
Top