ئافرەتێكی دەستگێڕ باسی ئاریشەكانی ژیانی خۆی دەكات
December 22, 2019
کۆمەڵایەتی
ئافرەتێكی بە تەمەن لە ناو جەرگەی بازاڕ و لە بەردەم دووكانێكدا هەندێك دەسڕی كاغەزی و چەند لیفكەیەك و چەندین جووت گۆرەوی بۆ فرۆشتن داناوە. خۆی بە «سەكینە» دەناسێنێت. وەك باسیكرد، تەمەنی لە پەنجا ساڵ تێپەڕیوە و دایكیشی هێشتا زیندووە، بەڵام بە هۆی نەخۆشی زەویگیر بووە. سەكینە رۆژانە لە بەیانی لە ماڵ دێتە دەر و تا نزیكیی خۆرئاوابوون لە ناو بازاڕدا كەلوپەلەكانی دەفرۆشێت. ئەو خاتوونە بەمجۆرە باسی ئاریشەكانی ژیانی خۆی دەكات: «زۆر منداڵ بووم لە گوندی بە شوو درام، بەڵام منداڵم نەدەبوو. پیاوەكەم دوای چوار ساڵان ژنی بەسەرهێنام، لەویش منداڵی نەبوو. خۆیشی شەرمی دەكرد سەردانی دكتۆر بكات، من و هەوێم چەند جارمان پێی گوت، دیارە كێشەكە لە خۆتە، دەنا مەعقوولە ئێمە هەردووكمان نەزۆك بین. هەر گوێی نەداینێ و دەیگوت ژنی دیكە دەهێنم و كێشەكە لە ئێوەیە. مێردەكەم نەیوێرا ژنی دیكە بهێنێ و هەر بە وجاغكوێری مرد و موڵك و ماڵی هەمووی براكانی خواردیان و تەنیا خانوویەكی زۆر گچكەیان بە من و هەوێم دا، ئەویش دوای سێ چوار ساڵ مێردی كردەوە و داوای بەشە میراتی خۆی لە خانووەكە كرد. ناچار خانووەكەمان فرۆشت و منیش چووەمەوە لای دایكم. لە ترسی ئەوەی كە لەوانەیە نەزۆك بم، سەرەڕای ئەوەی چەند جار هاتنە خوازبێنیم، مێردم نەكردەوە. تا ئێستاش نەمزانی كێشەی نەبوونی منداڵ منم، یان مێردەكەمە، بەڵام هەوێم مێردی كردەوە و خوای گەورە بۆی بهێڵێت، پێنج منداڵی هەیە. گەنجێتی خۆم بە ترس و دڵەڕاوكێ و دوودڵی لە نەزۆكی بردە سەر و مێردم نەكردەوە. هەتا برام مابوو، من و دایكم كێشەمان نەبوو، هیچ پێویستمان بە كاركردن نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی برام سەیارەكەی وەرگەڕا و گیانی لەدەست دا، بژێوی ژیانمان زۆر ناخۆش بوو. زۆر جار ژەمە خواردنمان لە ماڵە جیرانان بۆ دەهات، منیش بەوە زۆر بێزار دەبووم و ناچاریش بووم خواردن و جلوبەرگی كۆنی خەڵك كە بۆیان دەهێناین، وەری بگرم. دواتر من لە ماڵەوە لیفكە و گۆرەوەیم دەڕستن و دەمبردن بە جوملە بە دووكاندارانم دەدا، بەڵام ئەوان زۆر بێ زەمیر بوون، پارەیەكی زۆر كەمیان دەدامێ، ماندووبوونەكەم بە خەسار دەچوو. بۆیە بڕیارم دا، خۆم بیانفرۆشم و بەوەش داهاتم زیاتری كرد.»
سەكینە لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا باسی ئەوە دەكات كە لە ئێستادا رۆژانە 15 تا 20 هەزاری دیناری دەست دەكەوێت. ئەوەش ناشارێتەوە كە زۆر جار كڕیارەكانی بە خواستی خۆیان پارەی زیاتر لە نرخی كەلوپەلەكانی دەدەنێ، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «بە هەموو تەمەنم داوای پارەم لە كەس نەكردووە. خۆم كارم كردووە و خۆم و دایكم ژیاندووە. كاركردنیش عەیب نییە، سواڵ و دەستپانكردنەوە عەیبە، نەك كاركردن، بەڵام ئێستا ماوەیەكی زۆرە دایكم ناساغە و خۆیشم ئەژنۆكانم تەواو نین و داودەرمانی هەردووكمان زۆری دەوێت، بۆیە لەو ساڵانە چی پاشەكەوتم هەبوو، لە داودەرمانی دایكمم دا، هەتا دواساتی تەمەنیشم هەر خزمەتی دەكەم.» لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا خزمی نزیكی نییە، بۆ ئەوەی هاریكارییان بكات؟ گوتی: «خزمان بۆ خۆیان خۆش بن، ئەوان لە گوندی ماون و سەردانمان ناكەن، لە شاریش كەسمان نییە لە خوا زیاتر، سوپاس بۆ خوای گەورە هێزی پێ بەخشیوم و شوكر تا ئێستا موحتاجی كەس نەبووینە.»
