پیری ناو پاسەكان هەڵمەتبەرن..
April 10, 2012
کۆمەڵایەتی
لەتوێژینەوەیەكدا كە سەبارەت بەئاژەڵان كەناڵێكی عەرەبی خستیەڕوو چۆنێتی ژیانی فیلەكان بوو كە خاوەنی خەسڵەتی تایبەتی خۆیانن و ئەوەی دەرخست كە فیلە مێیەكان كاتێك لەشوێنێك مۆڵ دەبن و گرد دەبنەوە ناهێڵن بێچووە فیلە نێرەكان بێنە ناویانەوە و دەریان دەكەن، واتە نەشیاوە لەنێو خڕبوونەوەی فیلە مێینەكاندا بێچووە نێرەكان ئامادەگییان هەبێت، بۆ من ئەو شتە لێكدانەوەی هەڵسوكەوتی كوڕان و پیاوان بوو لەشوێنە گشتییەكان و ناو پاسەكاندا، دەموت خۆزگە پاسەكانیش بۆ نێرینە و مێینە جیادەكرانەوە، چونكە چەندین چیرۆكی ناخۆشیان تێدا ڕوویداوە و ڕوو دەدات.
ئەو ڕۆژەی ژنێك خۆی پێنەگیراو دەمی لەكابرایەك كردەوە كە لەناو پاسەكەدا تەنگی پێ هەڵچنیبوو، پیاوەكە سووربۆوە و بەچەند وتەیەك پاساوی هێنایەوە گوایە ژنەكە بەهەڵەدا چووە، بەڵام كاتێك دوای ماوەیەك هەستم بەجووڵەی قاچی پیاوەكەی لای خۆمەوە كرد ئینجا زانیم ئەو ژنە لەسەر هەق بووە لەبەرئەوەی بینیم پیاوە بەتەمەنەكە تا دەهات قاچی زیاتر دەنووساند بەقاچمەوە وەك ئەوەی شتێكی زۆر ئاسایی بێت، خۆم كۆكردەوە و بەرەو ئەولاتر خۆم جووڵاند تاوەكو وازم لێبێنێ، بەڵام كاتێك ئەو دابەزی ئانیشكی خشاند لەسنگمەوە و تەواو بێتاقەتی كردم، لەشەرم و حەپەساندا نەمدەزانی چی بكەم، من بەكچی ئەو دەشیام و بەسەری سپییەوە ئەو ڕەفتارە نابەجێیەی نواند كە شایانی گاڵتەپێكردن و تووڕەبوونیشە لەهەمان كاتدا.
جارێكی تر كوڕێك هەمان ڕەفتاری نواند تاوەكو گەنجێك لەپشتەوە وتی دابەزین هەیە و دەستی خستە سەر شانی كوڕەكەی تەنیشتم وەك ئەوەی وریای بكاتەوە تا لێم نزیك نەبێتەوە، لەكاتێكدا من لای جامەكەوە دانیشتبووم و ئەو كوڕەش لەتەنیشتمەوە بوو و ئەوەی كە دادەبەزی دەبوو بەو كەسەی بەردەمی خۆی بڵێ تاوەكو كورسییەكەی بۆ بەرزبكاتەوە یان ئامادە بێت نەك ئەوەی تەنیشتی من كە ڕێی لەدابەزینەكەی نەگرتبوو.
هاوڕێیەكم گێڕایەوە كە ئەو ڕۆژێك بەنگلادیشیەك دەستی بۆ بردووە لەناو پاسدا، بێگومان بۆم ڕوون بۆوە كە وڵاتە دواكەوتووەكان دیاردەی زۆر سەیریان تێدایە و پیاوان و كوڕان دووچاری چەپاندن بوون و ئەو شوێنانە دەكەنە هۆیەك بۆ نزیكبوونەوە و بەركەوتنی جەستەیان بەئافرەتانەوە. یان گێڕایەوە كە ڕۆژێك كاتێك لەگەڵ دوو كچی هاوڕێیدا لەفەرمانگە دەچنە دەرەوە و بەكۆڵانێكدا دەڕۆن، دەبینن ئوتۆمبێلێك لایانەوە هێواشی دەكاتەوە تا ئەو ڕاددەیەی ئاسایی نەبێ و كچەكان تەماشای ئۆتۆمبێلەكە بكەن، وتی كاتێك لامان كردەوە بینیمان كوڕە شوفێرەكە گیانی خۆیمان پیشان دەدات و شتێكی زۆر چاوەڕوان نەكراو بوو كە تەواو لەو دیمەنە بێتاقەت بووین.
هاوڕێیەكی ترم باسی لەوە كرد كە لەناو پاسێكدا لەدواوە لەدرزی تەنیشتەوە كەسێك دەستی بۆ بردووە، چەندەها حاڵەتی لەو جۆرە ڕۆژانە بەچاوی خۆمان دەبینین و كچان و ژنان زۆرینەیان لەبەر شەرم و پێگەی خۆیان ناتوانن هیچ بڵێن و جارجارە بەچرپە یاخود بەدەستیاندا دەكێشن لەو شتانە خۆیان دەپارێزن. یان دانیشتنی پیاوان كە بڵاو دادەنیشن و جێگەكان تەنگتر دەكەنەوە تاوەكو ئافرەتان پێیانەوە چەسپ بن و بكەونە ناو باوەشیانەوە، لەم ڕووەوە ژنێكی عەبا بەسەر ڕۆژێك لەناو پاسدا بەدەنگی بەرز وتی:
- بەڕاستی شوورەییە بۆ پیاوان كە ئاوا بڵاو دادەنیشن و دەست بۆ كچان و ژنان دەبەن، ڕانیان جووت دەكەن بەڕانی ژنانەوە دەڵێی خۆیان دایك و خوشكیان نییە، هەروەها وتی:
-ئەگەر بڵێی كوڕەكان بەحورمەتترن وەك لەپیاوان، بەڵێ پیاوانی بەتەمەن، دیارە بەو مۆدێلی جلوبەرگانە دەڵێن بەرەڵا و بێ ساحێب، یان بۆ ئەوان خۆیان تەسك كردۆتەوە و دەربەست بەحەیا و ناموس نایەن، پیاوان عەیبە عەیب خۆ كچ و ژنێك ناوێرێت بچێتە شوێنی قەرەباڵغەوە، یان دەستی بۆ درێژ دەكەن یان خۆتانی پێوە دەنووسێنن، دەبا كەسێك خۆی لەپشتانەوە گیر بكات ئایا پێتان خۆشە؟! بڕوا بكەن لێی ڕاست دەبنەوە و قبوڵی ناكەن، ئەی ئافرەتی بەستەزمان كە زمانی بەرگریشی نییە بۆ ویژدانتان ناهەژێنێ بۆ؟
