ئەمانی بە كێی گوتووە خۆشمدەوێیت؟
سەبارەت بە گۆرانییەكانی و چۆنیەتی هەڵبژاردنی تێكست و ئاواز ئەمانی دەڵێ: من هەمیشە ئەو گۆرانییانە هەڵدەبژێرم و خۆشمدەوێن كە هۆنراوەكانیان بەلای جەماوەرەوە ئاسان بێت، بۆ ئەوەی هەر زوو جەماوەر خۆشی بوێن، بە جۆرێك زۆرترین كەس خۆی لەو گۆرانییانەدا ببینێتەوە و زۆر لە واقع نزیك بن، هەروەها بەر لە تۆماركردنی و رازی بوون بەو گۆرانییە لەگەڵ چەند كەسێك راوێژ دەكەم كە پسپۆڕ و شارەزان لە گۆرانی وتن بۆ ئەوەی گۆرانییەكانم بە زیندوویی بمینێتەوە، نەك دوای چەند مانگێك كەس لە بیری نەمینێ و ون بێت، چونكە بەداخەوە زۆربەی ئەو گۆرانیانەی دەیانبینین و دەیانبیستین گۆرانی كاتین و ناتوانن لەنێو جەماوەردا بمێننەوە.
زۆر جار هونەرمەند هەیە دەیەوێ لە رێگەی گۆرانییەكی خۆیەوە پەیامێكی تایبەت ئاراستەی كەسێكی دیاریكراو بكات كە بۆ ئەو زۆر گرنگە، ئەمانیش گۆرانییەكی بەو شێوەیە وتووە و لەو بارەیەوە دەڵێ: لە یەكێك لە گۆرانییەكانم هەوڵمدا پەیامێكی تایبەتی خۆم ئاراستەی كەسێكی دیاریكراو بكەم كە زۆرم خۆشدەویست سەرەتا نەمزانی ئامانجی خۆم پێكا یان نا، بەڵام دواتر دەركەوت كە گۆرانییەكە كاریگەریی بەسەر كەسەكەوە هەبووە و پەیامەكەی منیش وەك چۆن خۆم دەمویست بەو شێوەیە گەیشت.
ئەمانی پێیوایە ئیرەیی و ركابەری رووخێنەرن و دوورن لە هونەر و زۆر جار دەبێتە نەخۆشی و شیزۆفینیا لای هەندێك كەس بۆیە هەوڵەدات بە هەموو شێوەیەك لێی دوور بێت، دەربارەی قسە كردن و لێدوانی هونەرمەندان و كاریگەرییان بەسەر هونەرمەندەوە دەڵێ: بێگومان هەر قسەیەك هونەرمەند بیكات، كاریگەری خۆی هەیە، چونكە هونەرمەند لە كۆمەڵگەدا ناسراوە و هەموو خەڵك دەیناسن و ئاگاداری ورد و درشتەكانی ژیانی دەبن، كەسی بەناوبانگ هەموو خەڵك لەسەر وشەیەك، یان رەفتارێك موحاسەبەی دەكات و، لەهەر قسەیەك، یان رەفتارێكی هەڵە خۆشەویستیی لەدڵی خەڵكدا كەم دەبێتەوە، ئەمەش مایەی مەترسییە بۆی چونكە جەماوەر پێوەری سەركەوتنە.
