ئالان عومەر:بە دڵ حەز دەكەم لە كوردستان بوومایە و بچوومایەتە بەرەكانی جەنگ
* ئەو ساڵانەی لە ئەوروپا بەسەرت بردن ئەگەر لە كوردستان بووای كاری زیاترت پێشكەش نەدەكرد؟
- بێگومان لەكوردستان بوومایە كاری زیاترم دەكرد، بەڵام لەسەر حسابی رۆح و وزەی خۆم، یانی لە كوردستان دەرفەتی كار زۆرە، بەڵام ماندوو دەبی بەو هەموو نادادپەروەرییەی لەهاوكاریی هونەریدا هەیە، لێرە كارەكان ئاسان ناڕۆنە پێش، بەڵام لەو جەوە دووری كە بە بەرچاوتەوە لەسەر حسابی هونەر، هاوكاریی كەسی تر بكەن، تۆش كاری هونەری بكەی و هەزار واستە بكەی تا هاوكاری بەرهەمەێنانی بەرهەمێك دەكرێی، بەڕاستی بۆ من سەخت بوو بەو شێوەیە هونەر بكەم و بۆم قبوڵبكرێت.
* پێشتر راتگەیاندبوو كە لە كوردستان نەتتوانی وەك هونەرمەندێك بژی، ئایا لە سوید ئەو ژیانەت بۆ هاتەدی؟
- بەڵێ من ئەوەم وتبوو، خۆ ئەگەر بمتوانیایە وەك هونەرمەندێك بژیم، ئەوە بێگومان وڵاتم جێ نەدهەێشت. لەسوید وەك ئینسانێك دەتوانێ بژیت، بێ ئەوەی هەست بە ناعەدالەتی بكەیت، لێرە هەموو وەكو یەك دەژین، كاری زیاتر بكە، ژیانت باشتر بكە، بەڵام لە كوردستان ئەوەی ئازاری دەدام ئەوە بوو، من وەكو هونەرمەندێك بۆ ژیان دەبوو دوو دەوام بكەم، دەوامێكی راگەیاندن، دەوامێكی سەندیكای هونەرمەندان، كە كاری ئیداریم دەكرد لەوێ نەك كاری هونەری، هێشتاش بەو دوو دەوامە بەباشی فریای ژیان نەدەكەوتم، ئەی بەچی كاری هونەریم بكردایە؟ ئەی لەچ كاتێكدا كاری هونەریم بكردایە؟ كە بەدرێژایی رۆژ لەدەوام بم، دەوامێك كەتایبەت نییە بەهونەر.
ئەوە جگە لەوەی كە دەتبینی، خەڵكانێك لەسەر حسابی هونەر ئەوپەڕی ژیانیان پێدراوە، پێویست نییە هیچ كارێك بكەن، كاری هونەری خۆیان نەبێ، ئەوە ناعەدالەتی بوو، زۆر زیاتر لەهەر شت ماندووی كردین و تۆراندمی لەوڵات. لێرە هەست دەكەی تۆ ئەگەرچی خەڵكی ئەم وڵاتەش نیت، بەڵام هەمان مافت هەیە كە خۆیان هەیانە، لەپەنای ئەو یەكسانییەش لەژیانكردن، دەتوانی بەهاوكاریی دڵسۆزان، وردە وردە كاری هونەریش بكەی، وەك ئەوەی كردوومە.
*ەۆكاری چوونە دەرەوەت بۆ سوید ئایا تایبەتی و شەخسی بوو، یان پەیوەندی بە كاری هونەرییەوە هەبوو؟
- من بۆ سەردان و سەفەر هاتمە دەرەوە، بەڵام كە لێرە دەرفەتی مانەوەم بۆ رەخسا مامەوەو بڕیارمدا لێرە بژیم، چونكە وەك پێشتر وتم، هۆكاری زۆر هەبوو كە دڵی رەنجاندین لەوڵات.
* ئایا كەرتی تایبەت هونەر پێش دەخات، یان حكومەت و بۆچی؟
- ئەگەر وەك كوردستان نەبێت، بەڕاستی شتێك هەبێ بەناوی كەرتی تایبەت، بێگومان كەرتی تایبەت دەتوانێ كاری گەورە بكات و هونەر زیاتر پێش بخات، ئەوەی وڵاتانی ئەوروپای پێشخستووە لە هەموو بوارێك كەرتی تایبەتە، نەك كەرتی گشتی، بەڵام لە كوردستان شتەكان تەواو پێچەوانەیە. لەكوردستان كەرتی تایبەت و كەرتی حكومەت یەك شتن و تەنیا ناویان جیاوازە، مانای ئەوانەی كە كاری حكومەتیان بەدەستە، هەر ئەوانەن كە كاری كەرتی تایبەتیان بەدەستە، لە حكومەت پشتیوانت هەبێ، مانای لەكەرتی تایبەت پشتیوانت هەیە، لە حكومەت پشتیوانت نەبوو، لەكەرتی تایبەتیش ناتبێ، بۆیە لەوێ بە رای من زیاتر دەبێت حكومەت كار بكات بۆ زۆر بوار بە هونەریشەوە.
* لەو ماوەی 5 ساڵەی كە لە سویدیت گۆڕانكاریی زۆر بەسەر بواری هونەریدا هاتووە، كە گوێبیستی دەبووی، هەستت بە چی دەكرد؟
- نازانم كام گۆڕانكاری؟ بەبڕوای من شتەكان لەجێی خۆیان وەستاون، لەسەر دەمی كابینەی پێنجەمەوە كار بۆ هونەر نەكراوە، ئەوكات بەهاوكاریی سەرۆكی حكومەت، هونەر گڕوتینێكی زۆر باشی بەخۆیەوە بینی، كێبڕكێی هونەریی زۆر بوو، پشتیوانی هونەرمەند دەكرا، هاوكاریی بەرهەمەێنانی هونەری دەكرا، بەڵام ئێستا ئەوە نابینم، هەستی پێناكرێ، كام كێبڕكێ هونەرییە هەیە بۆ بەرهەمی باشتر؟ بڕوا بكە ئەوەی كراوە دووبارەكردنەوەی ئەو كارانەیە كە ئەوكات كرا. راستە هەندێ كەسی نوێ هاتوونەتە پێشەوە لەهونەر، لەكاتێكدا هەندێ هونەرمەندی بەئەزموون لە گۆڕەپانەكە دووركەوتوونەتەوە، بۆیە جگە لە پێشكەوتن لە رووی تەكنیكییەوە، پێشكەوتنێكی ئەوتۆ بۆ بەرهەم و كاری باش رووینەداوە.
*حەز دەكەی كچەكەت روو لە بواری هونەری بكات؟
- من پێم باشە ئەو بەشەی خۆی ئیختیاری دەكات لەو بوارە قاڵ بێتەوە، دەبێ ئینسان هەر لە منداڵییەوە بەدوای بەهرەكانی خۆیەوە بێ و لەسەر دایك و باوكە پشتیوانی بكەن و هاوكاریی بكەن بۆ گرنگیدانی بە بەهرەی خۆی، من حەز دەكەم لەبواری موزیك كار بكات، بەڵام وەك وتم ئایا ئەو نزیكییەی لەهونەر ئێستا هەستی پێ دەكەم، بەهرەیە، یان حەزێكەو بەهۆی منەوە لای دروست بووە؟ ئەوە لە ئایندە دەردەكەوێ، بەدەست من بێ حەز دەكەم بەهرە بێ و لەو بوارە كار بكات.
* كاتی گەڕانەوەت بۆ كوردستان دیاری نەكردووە ؟
- بەدڵ حەزم دەكرد لەم كاتە لەكوردستان بوومایە، هیچ نەبێ هاوكاری خێزانێكی ئاوارە بوومایە، دەستی ژنە پیرێكی ئاوارەم بگرتایە، حەزم دەكرد لەوێ بام، لەماڵەكەمدا هاوبەشیم بكردایە لەگەڵ ماڵە ئاوارەیەك، یان كۆڵەكەی خێوەتی ماڵە ئاوارەیەكم هەڵبدایە لەگەڵیان، یان بچوومایەتە بەرەكانی جەنگ، ئەگەر بە موزیك و گۆرانی بێ، ئەگەر بە فیشەك پڕكردنەوەش بێ، ئەگەر بەخواردن بۆ ئامادەكردنیش بێ، هاوكاریی پێشمەرگە بكەم، بەڵام بەداخەوە هەندێ گرفتی تایبەتیم هەیە، كە لەم كاتە ئەو دەرفەتەم بۆ ناڕەخسێنێ بگەڕێمەوە، بێگومان لە ئایندە بەرنامەم هەیە بگەڕێمەوە، بەڵام كەی؟ نازانم، جارێ بڕیارم نەداوە.
