كامەران عوسمان:لەبەر گۆرانیی بیانی خەریكە گۆرانیی كوردیمان لە بیر بچێتەوە

كامەران عوسمان:لەبەر گۆرانیی بیانی خەریكە گۆرانیی كوردیمان لە بیر بچێتەوە
هونەرمەند كامەران عوسمان ساڵی 1970 لە خانەوادەیەكی هونەردۆست لە دایكبووە، برایەكی هونەرمەند بووە، خۆیشی لە ساڵی 1983 هاتووەتە بواری هونەرییەوە، هەروەها ژیانی هاوسەریی لەگەڵ خانمە هونەرمەندی شانۆكار ئاشنا رەئوف پێكهێناوە، ئەمەش دیسان كاریگەریی هەبووە و بە هەردووكیان خانەوادەیەكی هونەرییان پێكهێناوە، كامەران عوسمان لە وەڵامی چەند پرسیارێكی (گوڵان)دا باس لە چەند لایەنێكی ژیانی خۆی و هاوسەرەكەی دەكات و چەند پرسێكی تایبەت بە بواری هونەر و گۆرانیبێژی دەخاتەڕوو.

• دەتوانین بڵێین تۆ و ئاشنا تەواوكەری یەكترین؟
- بێگومان ئەگەر هاوكار و تەواوكەری یەكتر نەبین، ئەوا ناتوانین لە كارە هونەرییەكانمان بەردەوام و سەركەوتوو بین .
• ئەو وەك ئەكتەر چۆن هاوكاریت دەكات؟
- دیارە ئێمەش وەك هەر كەسێكی ئاسایی جگە لە هونەر ژیانێكی ئاسایی هاوسەریمان هەیە و خاوەنی دوو كوڕین بە ناوەكانی (ئەژی و ئاران)، دواتر هەر كاتێك یەكێكمان دەست دەكات بە كاری هونەری، ئەوی دیكە ئەركی تری رۆژانە دەگرێتەئەستۆ، ئەمەش لە كارە هونەرییەكانماندا رەنگ دەداتەوە و دەبێتە جۆرێك لە هاوكاری.
* هونەر ئێوەی وەك دوو هاوسەر بە یەك گەیاند ؟
- نەخێر، بەڵام كاتێك كە (ئاشنا)م ناسی، ئەو كات قوتابی بووم لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان بەشی شانۆ.
* كەشوهەوای خێزانیت پێش و پاش ژنهێنان چ رۆڵێكی هەبوو لەوەی كە زیاتر روو لە كاری هونەری بكەیت؟
- پێش ئەوەی ژیانی هاوسەری پێكبهێنم، كەمتر كاری هونەریم دەكرد، بەڵام دوای ئەو پرۆسە پیرۆزە هەستمكرد كە هاوسەرەكەم بۆ كاری هونەری زیاتر هاندەر و پشتگیرم بوو.
* لە وەزارەتی پێشمەرگە فەرمانبەری، خۆت بە هونەرمەند دەزانی یان بە فەرمانبەرێكی ئاسایی؟
- بێگومان خۆم بە هونەرمەند دەزانم، لەبەر ئەوەی من لە وەزارەتی پێشمەرگە لە تیپی موزیكی سەربازی وەك ژەنیاری ئامێری (كلارنێت) كار دەكەم، واتە ژەنیاری كلارنێتم لەگەڵ چەند كەسێكی دیكە كە شارەزای ئەو بوارەن.
* بۆچی لە ئێستادا گۆرانییەك نییە تۆمار بكرێت بە زیندوویی بمێنێتەوە؟
- ئەم پرسیارە لە جێی خۆیدایە و پێویستە قسەی لەسەر بكرێت، لەبەر ئەوەی هەموومان دەزانین ساڵانێكە وڵاتانی چواردەورمان كاریگەرییەكی زۆریان لەسەر گۆرانی و هونەری كوردی هەیە، بۆیە ئەو گۆرانییانەی كە لەلایەن هەندێ هونەرمەندەوە دەوترێ مۆركی كوردی پێوە دیار نییە، ئەمەش وایكردووە كە گۆرانییەكان زۆر لە نێو خەڵكدا نامێننەوە، بەڵام گلەیی زۆرم لە كەناڵە تەلەفزیۆنەكان هەیە، چونكە هەندێك گۆرانی هەیە، بەداخەوە دەڵێم ئەوەندە گرنگی دراوە بە چۆنیەتی كلیپەكە، بەجۆرێك گوێگر نازانێت هۆنراوەكە باس لە چی دەكات، یان موزیكی گۆرانییەكە كە بە حیساب كوردییە، رەسەنییەتی كوردی پێوە دیار نییە، بۆیە دیسان دەڵێم: بەداخەوە ئەوەندەی گوێمان لە موزیكی وڵاتانی چواردەوری خۆمان دەبێت خەریكە موزیكی كوردی لە بیر دەكەین.
* ئەگەر بەراوردێك بە گۆرانییە كۆنەكان بكەین، دەبینین ئەوانەی ئێستا هەمان چێژیان نییە وەك پێشتر هەبووە، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- لەبەر ئەوەی گۆرانییە كۆنەكان ئەوانەی كە من زانیاریم هەیە لەسەریان، شتێك هەبوو لە گۆرانی و موزیكی كوردیدا، لە ساڵانی هەشتاكاندا هاوڕێیەتی و دڵسۆزی هەبوو هەر لە دانانی موزیك و ئاواز و هۆنراوە، چونكە تەنیا بیر لە پێشكەشكردنی هونەر و كەلتووری رەسەنی كوردی دەكرایەوە.
* سروود لە ئێستادا تا چەند گرنگە؟
- بە دڵنیاییەوە ئێمە وەك میللەتی كورد پێویستە چەند سروودێكی ناخهەژێنمان هەبێت، بەتایبەتی لە كاتی جەنگدا وەك ئەوەی ئێستا هەیە، داواكارم لە خوای گەورە چیتر شەڕ و نەهامەتی روو لە میللەتەكەمان نەكات، بەڵام لەسەردەمێكی وەكو ئێستادا سروود جۆرێك لە ورەبەرزی بە هێزی پێشمەرگە و میللەتەكەمان بەگشتی دەبەخشێت.
* بێ هونەر و گۆرانی چیت بۆ دەمێنێتەوە؟
- وەك هونەرمەندێك وەك كاری رۆژانە و ژیانی ئاسایی خۆم كاری گۆرانیوتن و موزیكیش دەكەم، بەڵام ئەگەر ئەم دوو كارەشم نەبێت، ئەوا جوانترین و گەورەترین و پیرۆزترین شتەكان كە لە ناخمدا رەنگدانەوەی هەیە، بۆم دەمێنێتەوە كە خاك و نیشتمان و خێزانە خنجیلانەكەمن.
*كام گۆرانی ناخت پڕ لە خۆشەویستی دەكات؟
- هەموو گۆرانییەك بۆ هونەرمەند خۆشەویستە، بێگومان هەموو گۆرانییەكی جوان و پڕمانا لە هۆنراوە و ئاواز و موزیك و دەنگێكی هێمن بەخش لەخۆ بگرێت، ناخی من لە خۆشەویستی پڕ دەكات.
* پێتوانییە بارودۆخی ئێستای كوردستان لەسەر لاوازبوونی پڕۆژە هونەرییەكان كاریگەریی هەبێت؟
- بەدڵنیاییەوە كاریگەری دەبێت، چونكە هەموو كارێكی هونەری پێویستی بە بودجە و داراییەكی باش هەیە، لەبەر ئەوەی كوردستانیش ئێستا رووبەڕووی قەیرانێكی دارایی گەورە بووەتەوە، ئەمەش لەسەر هەموو بوارەكانی ژیان كاریگەری دەبێت و بواری هونەریش كە وەك وتم پێویستی بە دارایی هەیە دەكەوێتە ژێر كاریگەریی ئەم بارودۆخەی ئێستا.
Top