ئاشنا رەئوف: پێویستە بۆ مانگی رەمەزان بابەتی شیاوی كۆمەڵایەتی و ئایینی و مێژوویی پێشكەش بكرێ

ئاشنا رەئوف:  پێویستە بۆ مانگی رەمەزان بابەتی شیاوی كۆمەڵایەتی و ئایینی و مێژوویی پێشكەش بكرێ
زۆرن ئەو ئافرەتانەی كە لە بواری هونەریی نواندندا جا شانۆ یان دراما یان سینەما بێت كە بوون و توانای خۆیان سەلماندووە لە بینینی ئەو رۆڵانەی كە پێیان دەسپێردرێ و توانیویانە نموونەی ئەكتەری سەركەوتوو و خاوەن ئەزموون نیشان بدەن، ئاشنا رەئوفیش یەكێكە لە نموونەكانی ئەو ئافرەتانە، لە دەرفەتێكدا دەربارەی دوایین كاری خۆی و ئەو زنجیرە درامایانەی كە ئێستا پێشكەش دەكرێن و ئایا لە ئاستی پێویستن و چی بكرێت بۆ زیاتر پەرەپێدانیان و پێشخستنی شانۆی كوردی و هۆكارەكانی گەیشتنی بەو ئاستەی ئێستا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

• ساڵانە لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا كەناڵە ئاسمانییە عەرەبییەكان گرنگییەكی زۆر بە زنجیرە دراماكان دەدەن هەر لە بەرهەمهێنان و دەرەێنان و بازرگانی كردن و بە دەیان زنجیرە درامای جۆراوجۆر پێشكەش دەكرێن، بۆ كۆمەڵگای كوردەواری ئەم جۆرە زنجیرانە تا چەند پێویستن؟
- بێگومان جەماوەر لە مانگی رەمەزان چاوەڕێی كارە هونەرییەكانی مانگی رەمەزان دەكەن جا كاری هەمەڕەنگ بێت یان زنجیرە درامای كۆمەڵایەتی یان مێژوویی یان بەرنامەی هونەری تەرفیەی و كات بەسەر بردن یان بەرنامە ودرامای ئایینی بێت، خەڵك وا راهاتووە ساڵانە ئەم جۆرە كارانە ببینێت، ئەمەش خۆئامادە كردنێكی زۆری دەوێت، هەر بۆیەش دەبینین وڵاتە عەرەبییەكان ساڵانە گرنگییەكی زۆری پێدەدەن كە هەندێكیان باس لە مانگی رەمەزان دەكەن و دابونەریتی خۆیان پیشان دەدەن، لای ئێمەش زۆر جار ئەم هەنگاوانە هەیە لە مانگی رەمەزان، بەڵام هیچ هەنگاوێكی پاڵپشتی و دەستپێشخەرییەك نییە، هەندێك درامای كوردی هەیە لە مانگی رەمەزان نمایش دەكرێت دەبینین زۆر دیمەنی نامۆی تێدایە كە بۆ مانگی رەمەزان نەشیاوە وەك هەندێك دانیشتن و خواردنەوە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەم كارە بۆ مانگی رەمەزان ئامادە نەكراوە بەڵكو پێشتر كراوە و لەو مانگەدا نمایش دەكرێ و كاتی پێ پڕ دەكەنەوە و ئامادە نەكراوە بۆ ئەم مانگە.
• بۆ ئێمەی كورد چ جۆرە بەرهەمێك پێویستە گرنگی پێ بدرێت و ئەو هەوڵانەی كە كورد داویانە تا چەند سەركەوتوو بوون ؟
- بەڕای من پێویستە گرنگی بە بابەتە كۆمەڵایەتییە باوەكان بدرێت، چونكە لەم مانگەدا سەرجەم چین و توێژەكان سەیری زنجیرە دراماكان دەكەن، بابەتێك بێت كە هەموو كەسێك بتوانێت لێی تێبگات و چێژی لێ وەربگرین و بۆ ئەم مانگە شیاو بێت وەك پێشتر وتم ئەو بابەتانەی تایبەت نین بە مانگی رەمەزان بەڵكو سیناریۆیەك پێشكەش دەكرێت و كۆمپانیایەك سپۆنسەری دەكات و پێشكەش دەكرێن بێ ئەوەی بیر لەوە بكرێتەوە كە بۆ ئەم مانگە دروستكراوە و ئایا لەو كاتەدا پێشكەش دەكرێت یان لە كاتێكی دیكەی ئاساییدا یان ئەگەر لە رەمەزاندا پێشكەش دەكرێت تا چەند شیاوە بۆ ئەو مانگە، واتە لەوەدا سەركەوتوو نەبوون كە بەرهەمێكی تایبەتیان نەبوو بۆ مانگی رەمەزان.
• سەبارەت بە لایەنە مێژووییەكان عەرەبەكان هەندێك لە كەسایەتیی خۆیان بەشێوەیەكی زۆر باش و وەك پاڵەوانێك نیشان دەدەن ئەگەرچی رەنگە واش نەبێت، لەم بوارەدا كورد چۆن كەمتەرخەم بووە وبۆ كەمتەرخەم بووە؟
- راستە میللەتان هەمیشە هەوڵ دەدەن كەسایەتییە مێژووییەكانی خۆیان زۆر بەباشی نیشان بدەن ئەگەرچی واش نەبن و زۆریش لەو كەسایەتیانە دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی ئیسلام، بەڵام ئێمە بەداخەوە زۆربەی كارەكانی ئێمە كە لە رەمەزاندا نمایش دەكرێت باس لە ماددەی هۆشبەر و تاوان و كوشتن دەكات و بەشێوەیەك دەیخەنەروو كە رەنگە جوان نەبێت ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە ناتوانین كەسایەتییەكانی خۆمان بە جوانی و وەكو خۆیان بدەین بگرە زۆر جار بە ناشیرینی نیشانیان دەدەین.
• زۆر جار رەخنە لە بەرنامە تەرفیەییەكانی رەمەزان دەگیرێت، تۆ وەك هونەرمەندێك پێتوایە كەموكوڕییەكانی ئەو بەرنامانە چین و چۆن بكرێ باشتر دەبێت؟
- من پێموایە بەرنامەكان كەم تا زۆر ئاسایین، چونكە رەنگدانەوەی تێگەیشتنی ئەو كەسانەیە كە وەك شارەزا لە كەناڵەكاندا هەن كە پێویستە هەبن كە وەك راوێژكارێك پلان بۆ بەرنامەكان دابنێت، بە گشتی بەرنامەكان خەڵك لێیانەوە نزیكەوە ئەگەرچی خۆیان لە چەند شتێكی نەگۆڕدا دەبیننەوە وەك پرسیار و وەڵام، بەڵام بە گشتی مەرج نییە ئەو بەرنامانە هەمیشە خەڵك بەێنێتە پێكەنین، دەكرێ بەرنامەی زانیاری بێت واتە وەك زنجیرە دراماكان مەبەستیان تەنیا پێكەنین و لایەنێكی كۆمیدی بێت.
• ئەی ناكرێ لەو مانگەدا سوود لە بزاڤی شانۆیی وەربگیرێت ؟
- نەخێر، چونكە لەو مانگەدا ئەگەر چالاكییەكی شانۆییش هەبێت ئەوا زیاتر پرۆڤە كردنە، چونكە شانۆ خۆی بینەرو جەماوەری لەكاتی ئاساییدا روو لە كەم بوونە، لەم مانگەشدا خەڵك زیاتر دەیەوێ بچێتە دەرەوە و لە پشوو و كات بەسەر بردن بە شتی دیكەی دوور لە شانۆ بەسەر بەرێت.
• پێتوایە بارودۆخی شانۆی كوردی هەروەكو خۆی دەمێنێتەوە یان باشتر دەبێت یاخود بەرەو خراپتر هەنگاو دەنێت؟
- شانۆش وەك هەموو بەشەكانی دیكەی هونەر پێویستی بە بودجەی تەرخانكراوی خۆی هەیە، بەداخەوە هەست دەكرێ وەزارەتی رۆشنبیری یەكێكە لە وەزارەتە زۆر داخراوەكان بە جۆرێك لە هەموو كابینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی كەم دراوە بە وەزارەتی رۆشنبیری و كارو چالاكییەكانی ئەو وەزارەتە، بەجۆرێك دەتوانی بڵێی هەر كاری تێدا ناكرێ، بۆنموونە ماوەی دوو ساڵە شاری سلێمانی پایتەختی رۆشنبیرییە، بەڵام هیچ چالاكییەكی رۆشنبیری تێدا ئەنجام نەدراوە، بەداخەوە ئەمە زوڵمێكی زۆر گەورەیە نەك تەنیا لە شاری سلێمانی بەڵكو لە هەموو شارەكانی كوردستان دەكرێ، زۆر جار هونەرمەندان كۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی هەڵویست وەربگرن، بەڵام خۆ ناكرێ هەموو كات كارەكان لە دوای وەرگرتنی هەڵوێست و روودانی چەند حاڵەتێكی نەویستراوە ئەنجام بدرێن، چونكە هەموو كارەكان دەكرێ بەبێ هەڵوێست وەرگرتن و مانگرتن ئەنجام بدرێن، بۆ هەولێریش بە هەمان شێوە كە ئەم ساڵ پایتەختی گەشتیارییە و فیستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی تێدا ئەنجامدرا كە لە ئاستی پێویست نەبوو، خۆ ئەگەر باس لە نەبوونی بودجەش بكرێت هەموومان دەزانین كە نەبوونی بودجە لە سەرەتای ئەم ساڵە بووە كەچی سلێمانی لە سەرەتای ساڵی 2013ەوە پایتەختی رۆشنبیرییە.


Top