رێگای بەرەو حەلـەب: فیلمێك بە زمانی عەرەبی و رۆحێكی كوردی

رێگای بەرەو حەلـەب: فیلمێك بە زمانی عەرەبی و رۆحێكی كوردی
دووەمین كاری سینەمایی دەرهێنەر (وشیار عەبدی) یەكەمین فیلمی دوای هەڵگیرسانی شەڕی سوریایە. رێگای بەرەو حەلەب فیلمێكی جادەیە (رۆد مۆڤی)، كە پانۆرامایەكمان لە سەر رووداوەكانی سوریا پێشكەش دەكات. چیرۆكەكانی ناو ئەم فیلمە هەمان ئەو چیرۆكانەن كە رۆژانە لە راگەیاندنە جیاوازەكان دەبیستین و دەبینین و دەخوێنینەوە.
دەرهێنەری كوردی رۆژئاوای كوردستان وشیار عەبدی، ویستویەتی بە رێگای جیاوازی لە نێوان خواست و تایبەتمەندیەكانی هەر سێ كاراكتەری سەرەكی(رونی، نورا، و یوسف) جیاواز بەشێك لە ناكۆكیی تاكەكانی كۆمەڵگای سوریامان پیشان بدات:



(رونی) بە ئاواتی دۆزینەوەی دایكی، دەبێتە چاوی بینەرانی فیلمەكە. (نورا) قوتابییەكی زانكۆیە كە هەرچەندە خۆی بە رۆژنامەنووس ناوزەد دەكات و تەنانەت لە سەرەتا بە درۆ خۆی بە رۆژنامەنووسی ئاژانسی (بی بی سی) دەناسێنێت، بەڵام وا نییە و تەنیا رۆژنامەنووسێكی هاووڵاتییە (cityzent journalist) كە دەیەوێت رووداوەكان بە كامێرا و مۆبایلەكەی بە دۆكیۆمێنت بكات. ئەو كچێكی ئازادە و هەوڵدەدات پێوەر و نەریتە چەقبەستووە كۆمەڵایەتییەكان بشكێنێت، بۆیەشە بە پێچەوانەی ئەوەی لە كۆمەڵگایەكی عەرەبی ئیسلامیی سوریادا باوە، خۆی دان بە خۆشەویستیی بۆ یوسف دادەنێت. (یوسف) گەنجێكی شوڕشگێڕ و تا رادەیەك جیهادییە كە بە پێچەوانەی باوكی كە لە سەردەمی حافز ئەسەد، پیاوی حكومەت بووە، دەیەوێت ئەم رژێمە بگوڕێت، لەم پێناوەشدا دەیەوێت خۆشەویستی نورا بەرامبەر بە خۆی نەبینێت و پشتگوێی بخات.
ئەم فیلمە لە چوارچێوەیەكی ریالیستیەوە، دەڕواتە ناو جیهانی سیحر و فانتازیاوە. رونی بەردەوام كچێكی منداڵی جوانكیلە و فریشتە ئاسای شێوە ئەوروپی دێتە ناو خەیاڵی، كە نازانین منداڵی دایكیەتی یان كچەكەی خۆیەتی كە لە ئەڵمانیا چاوەڕوانیەتی. یان خەیاڵەكانی نورا، كە بەردەوام یوسف دێنێتەوە بەرچاوی. یان رووداوە یەك بەدوای یەك و چاوەڕواننەكراوە پڕ لە نەهامەتیەكان، كە دۆخێكی نزیك لە ناڕاستی وەردەگرێت، هەرچەندیش هەڵقوڵاوی ناخی راستی گەلێكی حاشاهەڵنەگریش بن. بۆیەشە بە رای خۆم ئەم فیلمە دەڕواتە خانەی سینەمای ریالیستی – جادوویی كە ئێستا زۆر گرنگی پێدەدرێت.
فیلمەكە جیا لە چەند رستەیەكی كورت و چەند گۆرانییەكی كوردی هەمووی بە زمانی عەرەبییە، بەڵام رۆحێكی تەواو كوردی بەسەریدا زاڵە. لە رووی چیرۆكەوە، هاوشێوەی فیلمە سینەماییە كوردییەكان، بابەتی سنوور بەشێكی زۆری پانتایی فیلمەكەی داگیر كردووە. ئەمە لە كاتێكدایە عەرەبەكان 22 دەوڵەتیان هەیە و خەمی سنووریان نییە. رۆنی كە باوكی كوردە و دایكیشی نازانین كە كوردە یان عەرەبە (لە وانەیە ئاماژەیەك بێت بۆ بێ ناسنامەیی و شوناسی كوردانی رۆژئاوا)، لە ئەڵمانیا گەڕاوەتەوە و (سنوور) بەردەوام دەمانباتەوە بۆ ناو ژیانی ئەوەوە. لە فیلمەكەدا كە رۆنی و نورا لە ناوچە عەرەبییەكانەوە دێنە ناو ناوچە كوردییەكانەوە بە تەواوەتی هەست بە كونتراست لە هەموو لایەنەكانەوە دەكەین. خاڵی دیكەش كە بە تەواوی فەزایەكی رۆحی و بان سروشتی دەبەخشێتە فیلمەكە، ئەو گۆرانی و میلۆدییە ئاشنایە كوردیانەیە كە دەبیسترێن، بە تایبەتیش لە ناو فەزای پڕ لە توند و تیژی و كارەساتباری زیندانی رژێمی سوریا.
راستە فیلمەكە بە زمانی عەرەبیە بەڵام رۆحێكی كوردی هەیە، هەرچۆن رۆنی بە دوای دایكی خۆی دەگەڕێت كە نازانین كوردە یان عەرەبە و دەیدۆزێتەوە، بەڵام بە هەمان بارتەقاییش باوكە كۆچكردووەكەی كە كوردە و سەرەڕای ئەوەی بە درێژایی فیلمەكە نایبینین، بەڵام رۆحی بوونی هەیە...
Top