هونەر سەلیم دەرهێنەری بەناوبانگی سینەمایی بۆ گوڵان:دیموكراسی و ئازادی و كه‌لتوورو رۆشنبیری و ئیستاتیكا و هونەر هەر هه‌مووی درۆیه ئه‌گه‌ر پیاو یه‌كسانی نێوان خۆیی و ئافره‌ت قبوڵ نه‌كات و رێزی

ئەم دەرهێنەرە كوردە سەرمەشقێكی هونەرییانەی هەیە لە نیشاندانی جلوبەرگی ئەكتەرەكانی و دەنگ و ڕووناكیەكانی فیلمەكانی، زۆربەی چیرۆك و سیناریۆی فیلمەكانیی كە ڕەنگدانەوەی كەڵچەرو فەرهەنگ و خاك و ئاوی كوردستانەو خۆی داڕێژەریانەو دواتر كردونی بە دەنگ و ڕەنگ و لەسەر شاشە بەرجەستەی كردونەتەوە..
ئەو ئەكتەرانەی لەگەڵیدا ڕۆڵیان لە فیلمەكانیدا گێڕاوە بە گشتی وا لێی تێگەیشتون كە شیكردنەوەی تەواو بە ئەندامانی تیمی فیلمەكانی دەدات چ بە ئەكتەران وچ بە تیمی تەكنیكیشەوە، هەروەها بە حەماسەتەوە پرۆڤەیان پێ دەكات تا دەگاتە ئەو قەناعەتەی هەموو هەنگاوەكان بۆ كاری فیلمەكەی ئامادەیەو دواتر دەیانباتە ناو پەخشەوە، لە دروست كردن و ژیان خستنەبەری سۆز‌و ڕۆحی نەتەوەییانەی ڕوئیاو فیكرەكانییەوە كە لە مێشكیدان بۆ سەرشاشەی سینەما كۆنترۆڵی تەواولەدەست خۆیدایە..
هونەر سەلیم كە جارێكیان لە كافیتریایەكی نزیك ڕۆیلاڤایر وەك گۆڤاری گوڵان ساڵی 2010 گفتوگۆیەكمان لەگەڵی سازدا، بە باشی لە ڕۆحی كوردپەروەرانەو مرۆڤدۆستانەی وی تێگەیشتین كاتێك لە فەرەنسا شانازی بوونی خۆی بەرانبەر نەتەوەی كورد دەربڕی بەوەی هەرگیز بە هۆی جیاوازی نەتەوایەتییەوە تەعەدای لە هیچ نەتەوەیەكی دراوسێی خۆی نەكردووە، ئەو پێی وابوو كە نەتەوەیەك بە مەردو جوامێر دەژمێردرێت كە لە ڕووبەڕووبوونەوەی كەڵچەرو شارستانیەكاندا تەعەدای لە نەتەوەی دراوسێی نەكردبێت، ئەم بیرۆكانەشی بە شێوازێكی ئەدەبیانە لە ڕۆمانەكەی خۆیدا بە ناوی (تفەنگەكەی باوكم) داڕشتۆتەوە كە لە فەرەنسییەوە بۆ (30) زمانی جیهانی تەرجەمەكراوە.
ڕەنگە بە هۆی ئەوەی خۆی بە یەكێك لەو دەیان ملیۆن كوردە وێنابكاتەوە كە دیرۆك و جیۆگرافیاو پیلانە نێودەوڵەتیەكان زوڵمیان دەرهەق كردوون بۆیە پێی باشە سینەما وەك دەزگایەكی ئینترۆپۆلۆژیكانە بەكاربهێنێت تا بە ڕوانینێكی سینەماییانەوە ڕۆبچێتە ناو قووڵایی ڕووداوەكانەوە، به‌ر له چه‌ند رۆژێك لەمەوبەر له شاری هه‌ولێر نمایشێكی تایبه‌تی بۆ نوێترین فیلمی ئەم هونەرمەندە به‌ناوی (My sweet pepper land) كه له كوردستان وێنه‌ی گیراوه‌و باس له كێشه‌ی ئافره‌تان و په‌روه‌رده وخوێندن ده‌كات ڕەخسێنرا، له سه‌روبه‌ندی نمایش كردنی فیلمه‌كەداو له ده‌رفه‌تێكدا ئه‌م دیمانه‌یه‌مان له‌گه‌ڵ بەڕێزیان ئه‌نجامدا.
گوڵان: لەبەر ئەوەی بە ناسنامەی كوردستانی و سیمای كوردییەوە لە فەرەنسا خەریكی كاری سینەماییت و دەنگدانەوەی چەند فیلمێكت لەناو ڕاگەیاندنەكانی جیهانیدا وای لە چەند كەناڵێكی میدیایی عارەبی كردووە بە ئیرەیی پێ‌بردن و بە ڕشتنی كینەی شۆڤینیستیانەوە باسی فیلمەكانت و شەخسی خۆت بكەن و تەنانەت هەندێكیان لە نیگای تەسكی خۆیانەوە دەیانڕوانییە فیلمەكانت، كەچی تۆیان بە شۆڤێنستیی تۆمەتبار دەكرد؛ چ وەڵامێكت بۆ ئەوانە پێیە؟
هونەر سەلیم: جار جار ئەو تۆمەتانە ده‌بیستمەوە یان له میدیاكان وا بڵاو ده‌كرێته‌وه‌و هه‌ندێك كه‌س به شۆڤینی تۆمه‌تبارم ده‌كه‌ن، ئەوەم نەشاردۆتەوە كاتێك پێم ده‌ڵێن بە ڕەگەز عێراقيی، من ده‌ڵێم نەخێر عێراقی نیم، چونكە ده‌زانم ناوی وڵاته‌كه‌م كوردستانه‌و هەمووانیش ئەوە ده‌زانن كه ئینگلیز و فه‌ره‌نسییه‌كان لە مێژووی هاوچەرخیاندا شتێكی نامۆیان دروست كردووه‌و ناویان لێ ناوه عێراق، نه عێراقییه‌كان داوایان له من كردووه ببم به عێراقی، نه خۆیشم داوام كردووه ببمه عێراقی وئەمەشم نەخوازتووە، هیچ شه‌رعییه‌تێك له‌وه‌دا نابینم كه به زۆری زۆردارەكێ بمكه‌نە عێراقی، پێموایه شكۆی ئازادی و كه‌رامه‌تی مرۆڤ له‌وه‌دایه كه مرۆڤ راستی بڵێت و راستی بپارێزێت، راستییه‌كه‌ش لەوەدایە كاتێك له دایك بووم، دایك و باوكم پێیان وتم ئێمه كوردین و خاكی وەتەنی ئێمه‌ش ناوی كوردستانه، ئه‌گه‌ر شتێكی تر جگه له‌م راستییه بە پێچەوانەوە بڵێم پێموایه راست ناكه‌م، بۆیه ده‌ڵێم عێراق حاڵه‌ت و بارێكی ناتەندروستانەی داگیركاریی سه‌ربازی و سیاسیی نێودەوڵەتیانەیە، به‌ڵام من له ناخ ودڵدا خۆم نه‌داوه‌ته ده‌ست ئه‌م داگیركردنه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆم نه‌داوه‌ته ده‌ستی، هیچ كاتێك رازی نەبووم ونابم، ناوی خۆم بگۆڕم یان بیگۆڕن، من كوردم و وڵاته‌كه‌شم ناوی كوردستانه‌و بە هیچ كلۆجێ عێراق وڵاتی من نییه، به‌ڵكو داگیركا‌ری نیشتمانمە، ئه‌گه‌ر عه‌ره‌ب تۆزقاڵێك ویژدانیان هه‌بێت وەك چۆن رازی نابن به فه‌له‌ستینییه‌ك بڵێن تۆ ئیسرائیلییت، ئه‌ی چۆن رازی ده‌بن تا ناچارم بكه‌ن ببمه عێراقی، له‌و باوه‌ڕه‌دام كه ئه‌م تۆمه‌تباركردنانەی ئەو كەناڵانە ئاڕاستەیان كردوم، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌یه كه ڕاشكاوانە راستییه‌كان ده‌ڵێم، دیارە ئه‌وانیش ته‌نیا حه‌ز له چه‌وساندنه‌وه و به كۆیله كردنی میلله‌تان وزوڵم و زۆرداری لە خەڵكی تر ده‌كه‌ن، چونكه من كه‌سێكم بە كردەوە دژی هزری شۆڤینیستيم، ئه‌مه قبوڵ ناكه‌م و هیواخوازم كورد ئازاد بێت و بڕیاری خۆیان به ده‌ستی خۆیان بێت و سه‌ربه‌خۆ بن نه‌ك ئێستا به‌ڵكو به‌ر له سه‌د ساڵ حەقیقەتی بوونی كورد وەها بووە و دووپاتیشی ده‌كه‌مەوە ئه‌گه‌ر سه‌د ساڵی دیكه‌ش تێپەڕێت، نەتەوەی كورد هەر سه‌ربه‌خۆیی خۆی به‌ده‌ست ده‌هێنێت، هەمیشە ئه‌م قسانه‌ی من به دڵی هه‌ندێك له میدیاكانی تورك و عه‌ره‌به‌كان نابێت و هه‌میشه‌ش له میدیاكانەوە وتومەتەوە كە وڵاتی من كوردستانه و من كوردم، چونكه كه‌سێك بیری ئازادیخوازانەی هەبێت مەحاڵە داگیركاريی قبوڵ بكات.
گوڵان: لە ناوەڕۆكی ئەو فیلمانەی دەرهێنانت بۆ ئەنجام داون، بینه‌ران هه‌ست به فره زاراوه‌یی ده‌كەن، له‌مه‌دا تۆ وەك دەرهێنەرێكی سینەمایی چ په‌یامێكت هەیە؟
هونەر سەلیم: گەلێ هۆكار بۆ ئه‌م فره زاراوه‌ییه‌ی كه باست كرد هه‌ن، یه‌كێك له‌و هۆكارانه ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌كته‌ره‌كانی كوردستان كۆ بكه‌یته‌وه ره‌نگه بتوانی نیو فیلمێك دروست بكه‌یت، ئه‌گه‌ر من له كوردستان بگه‌ڕێم و بڵێم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من كرمانجی ژووروم ده‌بێ فیلمه‌كه‌م به كرمانجی بێت یان كرمانجی خواروو كە بە سۆرانی دەناسرێت و ده‌بێ به سۆرانی بێت، یان زازاكیم ده‌بێ به زازاكی بێت، پێموایه ئه‌مه كاری كه‌سانی ژیر‌و هونه‌رمه‌ند نییه، هۆكارێكی دیكه‌ش به رای من ئه‌وه‌یه كه دەوڵەمەندی بەرهەم و داهاتی كورد لە تێكه‌ڵ بوونی هه‌موو زاراوه‌كانیدایە، باشووری كوردستان و شارێكی وه‌كو هه‌ولێر باشترین نموونه‌یه خه‌ریكه تێیدا شتێكی نوێ دروست بێت، جوانترەو ئەویش ریتمێكی تازەیە كە لە سۆرمانجی گەورەترە، واته تێكه‌ڵ كردنی سۆرانی و كرمانجی، تێكه‌ڵ بوونی هه‌موو جوانییەكانی فره زاراوه‌یه لە زمانێكی ئاخاوتنداو شوێنی هه‌موویشیانی تێدا ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر تاكی كورد ژیر بێت و باش بیر بكاته‌وه ئه‌مه نیعمه‌ت و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كی نەتەوەیی و شارستانیانەیە بۆ ئێمه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به وردی و ژیری بیری لێ نه‌كه‌ینه‌وه و لە ڕووی ئەدەبی و هونەرییەوە كاری له‌سه‌ر نه‌كه‌ین ئه‌وا بێگومان ده‌بێته نه‌هامه‌تی و ده‌رده‌سه‌ری و چه‌ندین گرفتی وه‌ك هه‌ستیاريی لە ڕادەبەدەر به‌رامبه‌ر به یه‌كتری و ناوچه‌گه‌رێتی و عه‌شیره‌تگه‌ری و شه‌ڕ و ناكۆكی و ماڵوێرانی لێ دەكەوێتەوە، كه‌واته په‌یامی من ئه‌وه‌یه كه ئه‌م هه‌موو زاراوانه ببنه مایه‌ی خێر‌و خۆشی بۆ میلله‌تی كورد، ئەمەش لە فەرهەنگ و هونەرو زانست و ژیانی ڕۆژانەی تاكەكانیدا فۆرمەلە بكرێتەوە..
گوڵان: له دوایەمین فیلمت بە ناوونیشانی
(My sweet pepper land) دوو په‌یامی زۆر گرنگت بە هونەرییانە خستووەتەڕوو، ئه‌وانیش كێشه‌ی ئافره‌ت و ئاریشەكانی پێشی خوێندن بووە، لەو فیلمەدا چۆن ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ت له‌لا گه‌ڵاڵه بووە كه له رێگای خستنەڕووی كێشەكانی ئافره‌تی كوردەوە سه‌رنجی بینه‌ران بۆ كێشه‌یه‌كی دیكه رابكێشیت، كه ئەویش كێشەكانی بەردەم خوێندن و په‌روه‌رده‌یه؟
هونەر سەلیم: په‌روه‌رده واته پێشكه‌وتن، له هه‌موو جیهاندا بابه‌تی هه‌ره گرنگ به‌لایانه‌وه مه‌سه‌له‌ی په‌روه‌رده‌یه، به‌داخه‌وه له كوردستان پێموایه بواری په‌روه‌رده له ره‌وشێكی خراپدایه، به‌شێك له مامۆستاكان به‌شێوه‌یه‌كی نادروست منداڵ په‌روه‌رده ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی په‌روه‌رده كردنی شێواو و دروستبوونی گه‌نجی سه‌قه‌ت و كاربه‌ده‌ستی سه‌قه‌ت و ته‌نانه‌ت دایك و باوكی سه‌قه‌تیشی لێ دروست ده‌بێت، له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كاندا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده یه‌كێكه له هه‌ستیارترین و گرنگترین وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌ت، بۆیه پێویسته سیاسه‌تێكی راستی په‌روه‌رده‌یی هه‌بێت و پێش هه‌موو شتێكیش پێویسته بیر له دروستكردنی مامۆستا بكرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م مامۆستایانه بتوانن زانست و زانیاریی و په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروست پێشكه‌شی منداڵه‌كانمان بكه‌ن، به بڕوای من ئێستا به‌شێك له مامۆستاكان ئه‌ركی پیرۆزی خۆیان وه‌كو پێویست به‌جێ ناگه‌یه‌نن و له‌و ئاسته‌دا نین كه لێیان چاوه‌ڕوان ده‌كرێت و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كوردستان له‌رووی پێشكه‌وتنه‌وه بە جێ بمێنێت و چه‌ق به‌ستوو بێت، ئه‌گه‌ر پێداچوونه‌وه‌یه‌ك لەسەر ئەم بابه‌ته گرنگه نه‌كرێت و به جددی هەڵوەستەی لەسەر نەكرێت.
گوڵان: ئه‌ی سه‌باره‌ت به به‌شی دووه‌می پەیامی ئەم فیلمەت كه بریتییه له گەڕان بە شوێن چارەیەك بۆ كێشه‌ی ئافره‌تی كورد، چی دەڵێیت؟
هونەر سەلیم: سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ش، زۆر وڵات لە جیهان گه‌ڕاوم و تێبینیم كردووه كه ره‌وشی ئافره‌تی كورد له وڵاتانی (ره‌ش)هه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هاوشێوەی ره‌وشی شۆڕشگێڕانی میلله‌ته‌كه‌مانه كە له‌ژێر ده‌ستی جەلادە داگیركەرەكان بوو، چۆن رق و قینه‌ی لە بەرانبەر كورد دەڕشت، پیاوانی ڕۆژهەڵاتیش ڕەفتارێكی هاوشێوەی ڕەفتاری وی به‌رامبه‌ر به ئافره‌ت دووباره ده‌كه‌نه‌وه، هه‌ست به شه‌رمه‌زاری ده‌كه‌م لە هەندێ ڕەفتاری بەرانبەر ئافرەتان دەكرێت، پێویستە ئافرەت ئازادی خۆی به‌ده‌ست بهێنێتەوە، ئه‌گه‌ر ئافره‌ت خۆی ژێرده‌ستە بكات و بۆ توندوتیژی ملكەچ بكات و نایه‌كسانیی قبوڵ بێت و لە بەرانبەردا ناگاتە ئەو ڕادەیەی كە ئێستا خەڵكانێكی زۆر لە ناو كۆمەڵگە رێگا به ئازادی ئافره‌تانیان نه‌ده‌ن، دیموكراسی و ئازادی و كه‌لتوورو رۆشنبیری و ئیستاتیكاو هونەر هەر هه‌مووی درۆیه ئه‌گه‌ر پیاو یه‌كسانی نێوان خۆیی و ئافره‌ت قبوڵ نه‌كات و رێزی لێنه‌گرێت، به‌داخه‌وه خه‌ڵكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هه‌موویان به زمان و رواڵه‌ت شاعيرن و هه‌ست ناسك و پیاوی زۆر باشن، به‌ڵام له كردار له ناخی زۆربەماندا عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیدێكی متبووی شاراوه هه‌یه، بۆیه له هه‌ڵسوكه‌وتمان به‌رامبه‌ر به ئافره‌ت بە زەبرو توندین،ئه‌گه‌ر لەم ڕوەوە لە ئاوێنه‌یه‌كه‌وه سه‌یری خۆمان بكه‌ین پێویسته تفێك لەو زەبرو زەنگانە بكەین خۆ ئه‌گه‌ر من ئافره‌تێكی كورد بوومایە و بە توندوتیژی ڕەفتارم لەگەڵ بكرایە ئیتر بۆ حه‌ز بكه‌م كوردستان ئازاد بێت، با هیچ كاتێك ئازاد نه‌بێت، چونكه ئه‌م ئازادییه زیاتر بۆ پیاوەكانەو بە ئازادانەتر زوڵمی زیاتر له من ده‌كات و ئه‌گه‌ر پێشتر سكاڵایەكم دژی بكوژ بكردایه، ئێستا ناتوانم ئه‌وه‌ش بكەم، من هیچ هۆكارێك نابینمەوە له‌وه‌ی ئافره‌تی كورد حه‌ز بكات كوردستانەكەی ئازاد بكات، پێویسته كورد بەتایبەتی پیاوانی ئەم كۆمەڵگەیە پێداچوونه‌وه‌یه‌كی ژیرانە بە بیركردنەوەكانی خۆیدا بكاتەوە، له هه‌موو روویه‌كه‌وه و بەتایبەتیش لە ڕووی هەڵسوكەوتەكانیەوە بەرانبەر ئافرەت، قوربانی زۆری بۆ ئازادكردنی خاك و ئاوەكەی پێشكەش كردووە، ئه‌و قوربانیانه‌ی كورد لە مێژووی هاوچەرخدا پێشكه‌شی كردوون به‌شی ئه‌وه‌ی ده‌كرد ئیمبراتۆریه‌تێك بونیات بێت نه‌ك ئێستا داوای فیدراڵی له مالیكی بكات، لەوەش گرنگتر ئەوەیە مافی یەكسانی نێوان هەردوو ڕەگەز بە یاسا‌و بە كردەوەش بسەلمێنن..
گوڵان: كه‌واته بۆچی له فیلمه‌كه‌تدا ئه‌و رووه (رواڵه‌تی)یه‌ی كوردت پێشكه‌شی بینەران نه‌كرد و ره‌خنه‌ت لێی نه‌گرت، چونكه زۆرجار ئێمه شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌ین كه ئافره‌ت له كۆمه‌ڵگادا رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌یه؟
هونەر سەلیم: ئەگەرماوه‌ی هەبوونی كورد لەسەر زەوی و لە مێژوودا به یه‌ك ملیارد كاتژمێر مه‌زه‌نده بكه‌م، ماوه‌ی فیلمه‌كه‌م ته‌نها 90 خوله‌كه، بۆیه پێویستم به 400 فیلم هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو كێشه كەڵەكەبووانە تۆمار بكه‌م، له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئێمه له وڵاتێك ده‌ژین كه برنج و فاسوڵیا و ئۆتۆمبیل له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه بە گرنگتر دەزانرێت، نه‌ك فیلم، واته سك و بن سك گرنگتر تەماشا دەكرێت، من 11 فیلمم هه‌یه هیچ كەناڵێكی كوردی فیلمه‌كانم نمایش ناكه‌ن، ئه‌گه‌ر نمایشیشی بكه‌ن به‌شێوه‌یه‌كی قاچاخ نمایشی ده‌كه‌ن، واته فیلمه‌كه‌م ده‌دزرێت و يان له بازاڕه‌كان به دی ڤی دی ده‌فرۆشرێن ئه‌مه‌شیان هه‌ر دزییه، فیلم دزین و كۆپی كردن وه‌ك ئه‌وه وایه كه كه‌سێك ئۆتۆمبیله‌كه‌ت بدزێت، پار به رێكه‌وت له هه‌ولێر بووم ته‌له‌فزیۆنێكی كوردی چه‌ند فیلمێكی منیان نمایش كرد بێ ئه‌وه‌ی به هیچ شێوه‌یه‌ك ته‌نانه‌ت پرسێكم پێ بكەن، ئایا ئه‌گه‌ر من ئۆتۆمبیلی به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌له‌فزیۆنه‌كه بدزم، سكاڵا دژی من تۆمار نا‌كات و به دزی تاوانبارم نا‌كات، بەڵكو ده‌ستگیریشم ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش مافی خۆیانه، باشه بۆچی ئه‌و كه‌سه ده‌ستگیر ناكرێت كە فیلمه‌كه‌ی منی دزیوه، كه به‌ری ره‌نج و به‌رهه‌می عه‌قڵی منه‌و چه‌ندین ساڵ داده‌نیشم و ماندوو ده‌بم تا به‌رهه‌می ده‌هێنم، ئەویش بێ ئه‌وه‌ی هیچ رێزێك بۆ من دابنێت دەیدزێت، گله‌یی من له‌وه نییه كه پاره‌م پێ بدات، گرنگ عه‌قڵیه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه ته‌له‌فزیۆنه‌كان به‌ڕێوه ده‌به‌ن ولەم ڕووەوە چه‌ند دواكه‌وتوون، لەم بارەیەوە نازانم ئایا هیچ یاسایه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ته‌له‌فزیۆنه‌كان هه‌یه یان نه؟.
گوڵان: لە ناوەندی هونەرییەوە باسوخواسێك هەیە لەسەر ئەوەی بۆچی هونەر سەلیم له دوایین فیلمه‌كانیدا بەردەوام گولیشفته فه‌راحانی وه‌ك پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی فیلمه‌كانی هه‌ڵدەبژێرێت؟
هونەر سەلیم: رێزی بێ پایان و تایبه‌تیم بۆ گولشیفته هه‌یه، كه یەكەم: هونه‌رمه‌ندێكی به توانایه، له هه‌مان كاتدا بۆ ئه‌و رۆڵانه گونجاوە، هۆكاری دووه‌میش ئه‌وه‌یه: كه له نێو كورددا گوڵشیفتەیەكی ترم نەبینیوەتەوە، ئه‌گه‌ر 6 یان 60 گوڵشیفته هه‌بووایه له هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان یان هه‌ر شوێنێكی دونیا بوونایه من ده‌مدۆزینه‌وه، به‌ڵام وه‌ك وتم تا ئێستا له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم هه‌بێت، به‌و مانایه‌ی كچه ئه‌كته‌رێكی پڕ بە واتای وشە مه‌ده‌نی پێشكه‌وتووە، كراوه‌یە، خاوه‌ن به‌هره‌یە به پله‌ی یه‌ك، چونكه ئه‌مه‌یان زۆر گرنگه، به‌داخه‌وه تا ئێستا له نێو ئه‌كته‌ره كچه‌كانی كورد یه‌كێكم نه‌بینیوه‌تەوە، ئه‌م هه‌موو تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی هه‌بێت كه له گوڵشیفته‌دا هه‌ن.
گوڵان: له هه‌ردوو فیلمی(ئه‌گه‌ر بمری ده‌تكوژم) و (My sweet pepper land) بینه‌رێكی ئاسایی هه‌ستی به‌بوونی خێزانێك ده‌كرد كه بوونیان هه‌بوو، زۆریش له یه‌كتری ده‌چوون واته دەقگرتوو يان قاڵبگرتوویی پێوە دیاربوو، له سیناریۆی هه‌ردوو فیلمه‌كه جۆره لێكچوونێك هه‌بوو، چی ده‌ڵێیت بۆ ئه‌م بۆچوونه‌و چ هونەرێك دەبینیتەوە له‌م دووباره بوونه‌وه‌یەدا؟
هونەر سەلیم:هه‌ر بینه‌رێك پێیوایه له سیناریۆی هه‌ردوو فیلمه‌كه دووباره‌بوونەوەیەك هه‌یه، من رێز له رای بینه‌ر ده‌گرم و پێم قبوڵه، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر بینه‌رێكی تریش بڵێ دووباره نییه رێزم بۆ ئه‌ویش هه‌یه، من هه‌میشه وتومه نابێ ده‌رهێنه‌ر بینه‌ر تووشی سه‌ر ئێشه‌ی زۆر بكات و بڵێ من ده‌زانم و خاوه‌ن به‌هره‌م و فه‌یله‌سوفم و ئێوه هیچ نازانن و وه‌رن من بۆتان شی بكەمەوە، چونكه ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه پێچه‌وانه‌ی عه‌قڵیه‌ت و سینه‌ما و بیركردنه‌وه‌ی منەوەیە، هه‌روه‌ها ئه‌و كاره هونه‌رییه سه‌ركه‌وتووه كه بینه‌ر هه‌ستی پێده‌كات، هه‌موو بینه‌ریش هه‌مان بیركردنه‌وه‌ی نییه هه‌موو بینه‌رێك تێده‌گات، به‌ڵام هه‌ندێكیان زۆریان پێ باشه هه‌ندێكی دیكه‌شیان ره‌خنه‌ی زۆریان له‌سه‌ری هه‌یه، به‌ڕای من هه‌ردووكیان راستن، زۆر دڵخۆشم به‌و كه‌سانه‌ی كاره‌كانی منیان به دڵه، له هه‌مان كاتدا رێزم بۆ ئه‌وانه هه‌یه كه ره‌خنه له كاره‌كانم ده‌گرن، به كورتی ناكرێ ده‌رهێنه‌ر به بینه‌ر بڵێ من كه‌سێكی ژیرم و ئێوه‌ش نه‌زانن، لەبەر ئەوە تێبینیەكانی ئەوان سوودبەخش دەبن بۆ كارەكانم..
گوڵان: زۆربه‌ی فیلمه‌كانت به‌شێوه‌یه‌كی (سه‌تیر)یانە ده‌ست پێده‌كه‌ن، ئایا ده‌ته‌وێت ئه‌مه ببێته ستایلێكی تایبه‌ت به‌خۆت، یاخود دەلالاتی دیكه‌ت هه‌یه بۆ ئەم چەشنە كارانەت؟
هونەر سەلیم: هه‌ندێك شتی زۆر تراژیدی هه‌یه ئه‌گه‌ر ده‌رهێنه‌ر وه‌كو خۆی پێشكه‌شی بكات، زه‌حمه‌ته بینه‌ر به ئاسانی ته‌قه‌بولی بكات، بۆیه پێویسته هونه‌رێك بدۆزێته‌وه كه پێشكه‌شی بكات، بێ ئه‌وه‌ی بینه‌ر بێزار بێت بە سانایی لێی وه‌ربگرێت، پێموایه سه‌تیر (مزاح) به‌هێزترین ستایله و له‌و رێگایه‌وە ده‌توانیت هه‌موو شتێك بڵێی، كه‌سێكی ئه‌وروپی ده‌رباره‌ی سه‌تیر وته‌یه‌كی زۆر جوانی هه‌یه ده‌ڵێت: سه‌تیر وه‌ك كه‌سێكی به ره‌وشت وایه كه شه‌رم ده‌كات بگریت و به سه‌تیر ئه‌م هه‌سته‌ی خۆی ده‌رده‌بڕێت واته ده‌توانم بڵێم بێ ئومێد بوونی كه‌سێكی به ره‌وشته، به‌ڵام كه‌سانی دیكه به‌شێوازی تر ئه‌م بێ ئومێدییه‌ی خۆیان ده‌رده‌بڕن، بۆ من سه‌تیر شتێكی زۆر گرنگه و هه‌موو ئه‌و كه‌سایه‌تییه ناودارانه‌ی ده‌رباره‌یان بابەتم لەسەر خوێندوونه‌ته‌وه هه‌موویان سه‌تیر به‌شێك بووه له ژیانیان.
گوڵان: ئه‌ی چ حیكمه‌تێك له‌وه‌دایه كه ماوه ماوه به فیلمێكی نوێ و به‌رز ده‌ربكه‌ویت؟
هونەر سەلیم: ده‌بێ ئه‌وه‌مان له بیر بێت كه من كه‌سێكی سیاسی نیم و له‌لایه‌ن كه‌س هه‌ڵنه‌بژێردراوم و هیچ ده‌سه‌ڵاتیشم نییه، من ته‌نیا خاوه‌ن هێزێكی ئه‌خلاقیم، هه‌ندێك كێشه هه‌یه كه سیاسییه‌كان پێویسته چاره‌سه‌ری بكه‌ن، من كه‌سێكم ده‌توانم ئه‌و شتانه‌ی بینیومه به‌چاوی خۆم بیانگێڕمه‌وه، ئه‌گه‌ر بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه میلله‌تی كورد مه‌لای جزیری و ئه‌حمه‌دی خانی و فه‌قێی ته‌یرانیان نه‌بووه، چی ده‌مێنێته‌وه؟ بێگومان هیچ نامێنێته‌وه شانازیی پێوه بكه‌ن، سینه‌ما و كه‌لتووریش به‌و شێوه‌یه گرنگه، به‌ڵام كاری جددی و پڕ به‌هاى جیاوازە، بۆ ئه‌وه‌ی بزانی كاره‌كه‌ت جددیه پێویسته به‌راوردی بكه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌مان شتی ئاست به‌رزی جیهانی، نه‌ك به‌راوردی بكه‌ی له‌گه‌ڵ شتێكی لۆكاڵی، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بزانی تۆپی پێی كوردستان له چ ئاستێكدایه پێویسته له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید و پاریس سان جیرمان و یۆڤنتۆس به‌راوردی بكه‌ی، ئه‌گه‌ر ئه‌وروپییه‌ك پێمان بڵێ به چی به‌شداریتان له پێشكه‌وتنی شارستانیه‌تی جیهان كردووه؟ چی تێدایه ئه‌گه‌ر بڵێین به فیلمێكی سینه‌مایی به‌شدارین، به‌ڵام ده‌بێ هه‌شتا هه‌زار فیلم و شاكارمان هه‌بێت و هه‌شتا جۆره ده‌رمانمان دۆزیبێته‌وه ئه‌مانه‌ش به‌رهه‌می بۆرژوازیه‌ته، نه‌بوونیشی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه بۆرژوازییه‌ت له شاره‌كان دروست ده‌بێت و هه‌مه ره‌نگی له شاره‌كاندا هه‌یه وه‌ك عه‌قڵ و دین و فيكری جوداجودا، ئێمه‌ی كورد میلله‌تێكين زۆربه‌مان له گونده‌كان ده‌ژین، ئه‌مه‌ش عه‌یب نییه به‌ڵكو راستییه، ئه‌وه‌ی هه‌بووە ته‌نیا فۆلكلۆر بووه كه‌زیاتر ده‌ربڕینی هه‌ستی خۆڕسكانەی سه‌ره‌تایی جوان بووه بە نموونە ده‌ربڕینی هه‌ستی خۆشی له‌كاتی زه‌ماوه‌نده‌كان به شایی.
گوڵان: ئایا كورد هیچ پێگه و شوێن پێگه‌یه‌كی هه‌یه له‌نێو سینه‌مای جیهانیدا؟
هونەر سەلیم: له‌و باوه‌ڕه‌دام خه‌ریكه شتێك دروست ده‌بێت و گه‌شبینم پێی، هه‌روه‌ها متمانه‌یه‌كی ته‌واوم به نه‌وه‌ی نوێ هه‌یه به‌وه‌ی زۆر له ئێمه تێبپه‌ڕن و شتی زۆر له ئێمه باشتر ئه‌نجام بده‌ن و زۆریش سه‌ركه‌وتوو بن و شانازیش به‌وه‌وه ده‌كه‌م كه سوودێك له ئه‌زموونی ئێمه وه‌ربگرن زۆر كچ و كوڕی به‌توانای باكووری كوردستان ده‌بینم لە ئەوروپا هاتونەتە ناو بواری سینەمایی، مخابن له باشووری كوردستان چ لە ناو خەڵكی و چ لە ناو دەزگاكاندا ته‌مبه‌ڵی و گه‌نده‌ڵی گه‌یشتووه‌ته سەر ئێسقان، له كاری هونه‌ریدا پێویسته عه‌قڵ كار بكات، به‌داخه‌وه له كوردستان عه‌قڵ مەسرەفەوە به‌نج كراوه، جار به جار هه‌ست به جموجۆڵی سینه‌ماكاره لاوه‌كان ده‌كرێت، جار جار له فیستیڤاڵه‌كاندا كورته فیلمه‌كان ده‌بینم، ئه‌مه‌ش تا ڕادەیەك باشه، ئەوەتا به‌هاوكاری دكتۆر خالید ساڵح سه‌رۆكی زانكۆی كوردستان خه‌ڵاتێكمان ته‌رخان كردووه بۆ باشترین سیناریۆ له‌نێو گه‌نجان و له ساڵی پارەوە یه‌كه‌م خه‌ڵات له فیستیڤاڵی له‌نده‌ن پێشكه‌ش كرا، ئه‌مه‌ش بۆ هاندانی گه‌نجان تا لە نووسینی سیناریۆيدا دەستەواڵابن.

