دەلال زاخۆیی:چۆنیەتی بەلای منەوە زۆر گرنگترە لە چەندایەتی

*پێت وایە گۆرانی لە كوردستان كلیپ بكرێت باشترە یان لەدەرەوە؟
_من بڕوام بەوە نییە بچیتە ئەستەنبوڵ لەسەر دەریا و ناو شەمەندەفەر و ئەو شوێنانە كلیپ بكرێت، پێم وایە ئەگەر گۆرانیی خۆش بێت و دەنگی گۆرانیبێژەكە خۆش بێت لەهەر شوێنێك كلیپ بكات سەركەوتوو دەبێت.
*پێت وایە لەستایلی خێرا سەركەوتووتریت یان ستایلی غەریبی؟
_من زیاتر خۆم لەستایلی رۆمانسی و لەسەرخۆ دەبینمەوە، ئەوە قسەی خۆمە و قسەی جەماوەریشە، لەناو سیدیەكەدا سێ گۆرانیی خێرا هەیە.
*ئایا زۆری بەرهەم مەرجە بۆ سەركەوتنی هونەرمەند و ناسینی زیاتری لەلایەن جەماوەرەوە؟
_من بەرهەمەكانم زۆر كەم بوون بە جۆرێك لەماوەی 10 ساڵ تەنیا چوار گۆرانیم هەبوو نەك سیدی، بێگومان ئەوەش زۆر زۆر كەمە بۆ هەر هونەرمەندێك. هۆكارەكانیش زۆر بوون لەوانە پارەی پێویستم نەبوو ئەلبووم بڵاو بكەمەوە هەتا ئەو كۆمپانیایانە پەیوەندییان پێوە كردم وتیان جەماوەرت زۆرە ئامادەین ئەلبوومەكەت بەرهەم بهێنین.من زیاتر سەرنجی چۆنیەتی دەدەم نەك چەندێتی پێم باشە گۆرانییەكی باش بڵاوبكەمەوە نەك سیدیەكی خراپ، بۆیە چۆنیەتی بە لای منەوە زۆر زۆر گرنگترە لە چەندایەتی، با هونەرمەند سیدی و گۆرانی زۆر بێت ئەگەر بە دڵی جەماوەر نەبێت هیچ سوودێكی نابێت.
*ئەو چوار گۆرانییە بەناوی چین و ساڵی چەند بڵاوت كردوونەتەوە؟
_یەكەم گۆرانی بەناوی ژوان بوو، لەساڵی 2000، دووەم گۆرانی ئەڤیندارم لەساڵی 2002، گۆرانیی سێیەم لەساڵی 2004 بەناوی گرتیێ چاڤێن تەمە، دوا گۆرانیش لەگەڵ دڵنیا قەرەداغی بوو لەساڵی 2008. واتە لە 10 ساڵدا تەنها چوار گۆرانیم هەیە.
*چۆن توانیت بوونی خۆت بسەلمێنیت تەنها بەو چوار گۆرانییە لەماوەی ئەو 10 ساڵەدا؟
_ بەڵێ پێم وایە كەس ناتوانێت بە چوار گۆرانی لەماوەی 10 ساڵ بوونی خۆی بسەلمێنێت وەك من، ئەو جەماوەرەشی هەبێت وەك من، ئەمە كارێكی زۆر گران و سەختە.
*گلەییت هەیە لەتیڤیە كوردییەكان سەبارەت بە بڵاوكردنەوەی گۆرانییەكانی تۆ؟
_كەناڵەكانی ڤین تی ڤی و كۆڕەك و جەماوەر و ئەلشەرقیە كلیپەكانم زۆر بەباشی بڵاو دەكەنەوە و زۆر لێیان ڕازیم، بەڵام هەندێك كەناڵ لە سەرەتادا وەك پێویست كلیپەكانی منیان بڵاو نەدەكردەوە، هیوادارم كەناڵە كوردییەكان هەموویان بە یەكسانی و بێ جیاوازی هەموو كلیپە كوردییە باشەكان بڵاو بكەنەوە بۆ ئەوەی مافی هیچ هونەرمەندێك بخۆن و جیاوازییان لە نێواندا نەكەن ، هەروەها بۆ ئەوەی جەماوەریش لە كلیپ و گۆرانی هونەرمەندان بێبەش نەبێت.
*لە گۆرانییەكانت كامەیان لەهەموویان زیاتر جەماوەر پێشوازی لێكرد و پێیان خۆش بوو؟
_گرتیێن چاڤێت تەمە و گۆرانیی من و دڵنیا قەرەداغی. پێم وایە زۆر باش جێگای خۆیان لەناو دڵی جەماوەر كردەوە.
*نهێنیی ئەو هاوڕێیەتییە بەهێزە چییە لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندان؟ لەژیانی رۆژانەت بەو شێوەیەیت؟
_لەژیانی ئاسایی رۆژانەمدا زۆر برادەرم هەیە، لەزۆربەی شارەكانی كوردستان.لەگەڵ هونەرمەندانیش هاوڕێیەتیم زۆر بەهێزە.
كەس وەردەگری لە هەڵبژاردنی گۆرانییەكانت؟
_ڕای خۆم، هەروەها ڕای هاوڕێكانم و هونەرمەندان لە زاخۆ و دهۆك و هەولێر و تەنانەت سلێمانیش. لەوانە سەمیر زاخۆیی،عەبدولقەهار زاخۆیی،ئاڤان جەمال، بڵند ئیبراهیم، هەڤاڵ ئیبراهیم و گۆران ساڵح و زۆر هونەرمەندی تر.
*داوات لێنەكراوە بۆ پێشكەشكردنی بەرنامەی تەلەفزیۆنی و ئایا ئامادەی بەرنامە پێشكەش بكەیت؟
_داوام لێكراوە لەلایەن تەلەفزیۆنێكی ناوخۆ لەشاری زاخۆ، هەروەها لەلایەن چەند كەناڵێك دیكە، بەڵام ئێستا ئەوە لەبەرنامەم دا نییە.
*خۆت وەك هونەرمەندێكی چۆن دەبینیت؟
_ئەوە لەسەر جەماوەر دەمێنێتەوە،ئەگەر هونەرمەندێك جەماوەری زۆر بێت بەدڵنیاییەوە هونەرمەندە.ئەگەر جەماوەری نەبێت ئەوا هونەرمەند نییە.من ئێستاش دەڵێم زۆری ماوە ببم بە هونەرمەند.لەبەر ئەوەی جیهانی هونەری دەریایەكی زۆر گەورەیە.من حەزدەكەم ببم بە هونەرمەند. ئەوە وەڵامە بۆ ئەوانەی لە كۆڵان و لە شایی گۆرانی دەڵێن و بەخۆیان دەڵێن هونەرمەند. جەماوەریان نییە و لە موزیك نازانن.هەموو كەس دەتوانێت گۆرانی بڵێت بەڵام گرنگ ئەوەیە بتوانێت داهێنان بكات و جەماوەر پێی خۆش بێت.
