هه‌ڵبژێردراوانی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی رانیه دیاریكران
به پێی ڕاپۆڕتی راگه‌یاندنی گشتیی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی رانیه، ڕێوره‌سمی كۆتایی یه‌كه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی رانیه به به‌شداری ژماره‌یه‌كی زۆر له هونه‌رمه‌ندان و هۆگرانی هونه‌ری سینه‌ما و هه‌ندێك له لێپرسراوانی حیزبی و حوكمی له هۆڵی 5ی ئازار له شاری رانیه به‌ڕێوه‌چوو و تیایدا هه‌ڵبژێردراوانی به‌شه جۆراوجۆره‌كانی ئه‌م فێستیڤاڵه له لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ناوبژیوانه‌وه ده‌ستنیشان كران و له لایه‌ن به‌رپرسانی فیستیڤاڵه‌وه ته‌ندیسی چۆله‌كه‌ی زێڕین و دیپڵۆمای فه‌خری به‌رسه‌ریاندا دابه‌شكرا و هه‌روه‌ها بڕوانامه‌ی رێزلێنان پێشكه‌ش به هه‌ندێك له‌و كه‌سانه كرا كه به خۆبه‌خشانه یارمه‌تی فیستیڤاڵیان داوه.
له سه‌ره‌تای ڕێوڕه‌سمی كۆتایی یه‌كه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی رانیه، گروپی هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی منداڵانی رانیه سه‌ر به ماڵی رۆشنبیری شاری رانیه، چه‌ندین تابڵۆی جوان و رێكووپێكی هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی‌یان پێشكه‌ش كرد.
هه‌روه‌ها قائیم مقامی قه‌زای رانیه وتارێكی پێشكه‌ش كرد و له درێژه‌ی به‌رنامه‌كه‌دا "ئازاد سه‌وزه" به‌رێوه‌به‌ری فیستیڤاڵ و سه‌رۆكی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری سینه‌مای سلێمانی، سه‌باره‌ت به گرینگی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م جۆره فیستیڤاڵانه هاته ئاخاوتن و راپۆڕتێكی له‌سه‌ر ئه‌م فیستیڤاڵه پێشكه‌ش كرد
له به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا له كۆمپانیای سینه‌مایی "ستاك فیلم"ی سنه به سه‌رپه‌ره‌ستی سه‌تار چه‌مه‌نی گوڵ و ڤیدا ساڵحی له هه‌ستكردن به لێپرسراوییه‌تی سه‌رخستنی كاره‌كانی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی رانیه، و دڵسۆزانه كاركردن بۆ گه‌یاندن و په‌خشی فیلمه‌كانی سینه‌ماكارانی كوردستانی ئێران، بڕوانامه‌ی رێزلێنانیان پێشكه‌ش كرا.
به‌رپرسانی فیستیڤاڵ به پێشكه‌ش كردنی له‌وحه‌ی فه‌خری، رێزی تایبه‌تیان له ته‌واوی ئه‌و ده‌رهێنه‌رانه كرد كه فیلمه‌كانیان له رۆژانی به‌ڕێوه‌چوونی فیستیڤاڵ نمایش كراوه.
له به‌شی كۆتاییدا ئه‌ندامی لێژنه‌ی ناوبژیوانی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی رانیه كه بریتی بوون له: تاهیر عه‌بدوڵڵا، ته‌ها كه‌ریمی، گۆنه حه‌مه ساڵح، سۆسه‌ن سومه‌ر و سه‌لار فه‌تاح، ده‌نگی خۆیان له به‌شه جۆراوجۆره‌كانی ئه‌م فیستیڤاڵه به‌م شێوه‌یه راگه‌یاند:
1ـ خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ:
خه‌ڵاتی ته‌ندیسی چۆله‌كه‌ی زێڕینی ئه‌م به‌شه به‌خشرا به جه‌عفه‌ر نوورمحه‌مه‌دی بۆ نووسینی سیناریۆی كورته فیلمی "هێلانهیك له‌سه‌ر به‌رد" له شاری ئیلام.
2ـ خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان:
خه‌ڵاتی ته‌ندیسی چۆله‌كه‌ی زێڕینی ئه‌م به‌شه به‌خشرا به ته‌یموور قادری بۆ ده‌رهێنانی كورته فیلمی "هه‌نار میوه‌ی به‌هه‌شت" له شاری كامیاران.
3ـ خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری كچ:
خه‌ڵاتی ته‌ندیسی چۆله‌كه‌ی زێڕینی ئه‌م به‌شه به‌خشرا به نگین شه‌ریعه‌تی بۆ رۆڵ بینین له كورته فیلمی "زه‌وی فۆتبۆڵً" له شاری سنه.
4ـ خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری كوڕ:
خه‌ڵاتی ته‌ندیسی چۆله‌كه‌ی زێڕینی ئه‌م به‌شه به‌خشرا به مه‌تین عیبادی بۆ رۆڵ بینین له كورته فیلمی "چنینی به‌ره به‌یان" له شاری كامیاران.
5ـ خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی ناوبژیوان:
خه‌ڵاتی ته‌ندیسی چۆله‌كه‌ی زێڕینی ئه‌م به‌شه به‌خشرا به ئه‌كبه‌ر شه‌هبازی بۆ ده‌رهێنانی كورته فیلمی "هاوڕێ" له شاری بانه.
یه‌كه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی رانیه به چاودێری قائیم مقامییهتی قه‌زای رانیه، و له لایه‌ن وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هونه‌ری سینه‌ما، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری سینه‌مای سلێمانی و هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رۆشنبیری منداڵانی رانیه، به بۆنه‌ی رۆژی جیهانی منداڵانه‌وه به نمایشی 21 كورته فیلمی له ده‌رهێنانی سینه‌ماكارانی لاوی هه‌رێمی كوردستان و كوردستانی ئێران له رۆژانی 12 تا 15ی حوزه‌یرانی 2011 له هۆڵی 5ی ئازار له رانیه بهڕًێوهچوو.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی گشتیی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی رانیه.
