پێم باشە خولەکان زیاتر بکرێتەوە

پێم باشە خولەکان زیاتر بکرێتەوە
سۆلین ئەسعەد یاریزانی تۆپی فوتساڵی یانەی ئافرەتانی ھەولێر
پێم باشە خولەکان زیاتر بکرێتەوە
شاروشارۆچکەکانی کوردستان خاوەنی چەندین کچە یاریزانی بەتوانان لەسەر ئاستی عێراق کوردستان، قەزای ئاکرێ سەر بەپارێزگای دھۆکیش خاوەنی چەندین کچ و کوڕە یاریزانی بەتوانایە و پاشەرۆژێکی باشیان لێ چاوەڕوان دەکرێ، یەکێک لە کچە یاریزانە بەتواناکانی ئەو قەزایەش یاریزان سۆلین ئەسعەدە خاوەن ئاستێکی بەرزی یاری کردنە و بۆ چەندین یانە یاری کردووە ناوبراو لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٨ی شاری ئاکرێیە و دەرچووی پەیمانگای پەروەردەی وەرزشی ئاکرێ و ئێستاش مامۆستایە لەو پەیمانگایە و پیشووتریش بۆ ھەریەک لە یانەکانی ئافرەتانی ھەولێرو قەڵا وپیرەمەگروون و ئاکرێ یاری کردووە و ئێستاش لە یانەی ئافرەتانی ھەولێر یاری دەکات ئەمساڵیش نازناوەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە بەدەستھێنا ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە:کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی فوتساڵ چۆن دەبینی ؟
-لە ساڵانی ڕابردوو باش نەبوو بەڵام ئەمساڵ باش بوو بەھیوای ئەوەم لە ساڵانی داھاتوو باشتر بێت.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-ئەنجامنەدانی پاڵەوانیتی ساڵانە کاریگەری زۆری دەبێت ئاستی ئەم یارییە بەرەوو خراپی دەچێت وەکو خۆمان دەبینین چەند ساڵ جارێک پاڵەوانیەتی ئەکرێتەوە ، ھیواخوازم بەردەوام ئەم خولانە بکرێتەوە وەکو خولی ئاستی کوڕان.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی دەستی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-پێم باشە خولەکان زیاتر بکرێتەوە نەک لەسەر ئاستی کوردستان بەڵکو لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش زیاتر بایەخ بەم یارییە بدرێت.
*گرفتی یارییەکانی تۆپی دەستی لە چی دەبینی؟
-زۆر گرفت ھەیە گرنگترینیان نەبوونی یاریگای تایبەت بە یانەکان تا بتوانن تا بتوانن بەشێوەیەکی باش ڕاھێنان ئەنجام بدەن، کە ئێمە یەکێک بووین لەو تیپانەی کە ئەمساڵ گرفتی یاریگامان ھەبووە.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
-وەکو گرێبەست نەخێر بەڵام لە زۆر یانەداوا کراوم وەکو یانەی قەلای ھەولێر و ئافرەتانی ھەولێرو ئافرەتانی ھەولێرو پیرەگرون و سمێل و گارە ، بەڵام بە شێوەیەکی فەرمی بۆ ھەریەک لە یانەکانی ئافرەتانی ھەولێرو قەڵای ھەولێرو پیرەمەگرون و ئاکرێ یاریم کردووە .
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
-بەنیازی وازھێنانی یەکجاریم لە وەرزش کردن ، چونکە تاکە شتە لە کوردستان گرنگی پێ نادرێت ھیچ سوودێکیشم لێ نەبینیوە تەنیا ماندوو بوونە.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-نەخێر لەگەڵ ئەوەدا نیم یانەکان پشت بە یاریزان و ڕاھێنەری بیانی ببەستن ، چونکە لە شارەکانی کوردستان ڕاھێنەر و یاریزانی بەتوانا و بە ئەزمون ھەیە بەڵام لە کوردستان پاڵپشتیان ناکەن.
*لە خێزانەکەت بە تەنیا وەرزشکاری؟
-نەخێر خۆم و خوشکێکم وەرزشوانین بەڵام بەھۆی گرنگی نەدان بە وەرزش خوشکەکەم وازی ھێنا چونکە لە کوردستان وەرزش تەنیا ناوەکەی ماوە.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-زیاتر گرنگی بە بواری وەرزش بدەن ، چونکە وەرزش لە ھیچ بوارێکی تر کەمتر نییە.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
-خەونی وەرزشیم ئەوەیە لە کوردستانیش وەکو ووڵاتانی دونیا گرنگی بە وەرزش بدرێت کە وەرزشی ئافرەتان کە لەنزمترین ئاستدایە و ھیچ گرنگیەکی پێ نەدراوە.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
- ئەوە خەونی من و ھەموو یاریزانێکە بۆ ھەڵبژاردەی ووڵاتەکەی یاری بکات.
*لە ھەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق داواکراوی؟
-بەلێ داوا کرام بەڵام بەھۆی چەند ھۆکارێک نەمتوانی بەشداری بکەم.
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
-بە لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی.
*خەونی وەرزشیت چیە؟
-ئاواتی من تەنیا ئەوە بوو نازناوێک بەدەستبھێنم لەگەڵ ھەر یانەیەک بێت ئەمساڵیش ئەو ھیوایەم ھاتە دی.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانی بەرێز کە بەردەوام لە خزمەت چین و توێژەکانی وەرزشە بەبێ جیاوازی لەسەرجەم شارەکانی کوردستان خزمەتێکی یەکجار زۆرتان کردووە، ھیوام سەرکەوتنی ھەموو لایەکە.
Top