هه‌ولێر سێ خاڵى گرنگى له زاخۆ وه‌رگرت
هه‌ولێر سێ خاڵى گرنگى له زاخۆ وه‌رگرت
كارزان كانه‌بی
له‌میانى یارییه‌كانى هه‌فته‌ى نۆیه‌مى خولی نایابی یانه‌كانى كوردستان له سه‌ر یاریگاى نێوده‌وڵه‌تى شه‌هید فه‌ره‌نسۆ هه‌ریری به ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌ك له هانده‌رانى وه‌رزشى یانه‌ى هه‌ولێر میواندارى یانه‌ى زاخۆ كرد، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكى فیكه‌ى ناوبژیوانى یارییه‌كه یاریزانانى هه‌ردوو تیپ به ئومێده‌وه هاتبوونه نێو یاریگا بۆ ئه‌وه‌ى سێ خاڵى یارییه‌كه بكه‌نه دیارى هانده‌رانیان یانه‌ى هه‌ولێر چاوى له‌وه بوو له‌م گێمه ده‌ست پێشخه‌ری بكات له تۆماركردن گۆڵ به پشت بستن به یاریگاو هانده‌ران ، به‌ڵام رزگار عه‌لی یاریزانى هێلى به‌رگرى یانه‌ى زاخۆ به لێدانێكى به‌هێز له ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌ى سزا به‌ختى خۆى له خوله‌كى 4ى یارییه‌كه تاقی كرده‌وه و به‌ڵام بێ ئه‌نجام بوو، 5 خولهك دواى ئه‌و لێدانه هه‌ولێرییه‌كان له رێگاى بارزان شێرزاد به لێدانێكى جوان وه‌ڵامى هێرشه‌كه‌ى زاخۆییان دایه‌وه به‌ڵام بێ ئه‌نجام بوو، بارزان له خوله‌كه‌كانى 12و 13 دووجارى تر به‌ختى خۆى تاقى كرده‌وه نه‌یتوانى ئامانجه‌كه‌ى بپێكى ، یاریزانانى زاخۆش له‌م گێمه زیاتر به‌رگریان ده‌كرد و تۆپه‌كان زیاتر له ناوه‌ڕاستى یاریگا بوون و پشتیان به‌هێرشى پێچه‌وانه ده‌به‌ستى له خوله‌كى 30ى یارییه‌كه چیا نازى هه‌لێكى ئاسانى بۆ زاخۆ له كیسدا، یانه‌ى هه‌ولێریش له خوله‌كه‌كانى 39و 43 له رێگاى یاریزانان(كۆسره‌ت بایز وئیڤان خالید) به‌ختى خۆیان تاقی كرده‌وه به‌ڵام نه‌یانتوانى هیچ گۆڕانكارییه‌ك له ئه‌نجامى یارییه‌كه بكه‌ن ئه‌م گێمه به‌بێ گۆڵ به یه‌كسان بوونى هه‌ردوو تیپ كۆتایی هات.
له‌گێمى دووه‌مى یارییه‌كه ڕاهێنه‌رانى هه‌ردوو تیپ به پلانه‌كانیان و گۆڕانكارییه‌كانیان له پێكهاته‌ى تیپه‌كه هه‌وڵییان ده‌دا ئه‌نجامى یارییه‌كه بگۆرن، له خوله‌كى 47ى یارییه‌كه چیا نازى هه‌لێكى تر‌ى گۆڵكردنى له كیس دا، له‌به‌رامبه‌ریشدا 2خولهك دواى ئه‌و یونس شوكر خۆى و گۆڵچى مایه‌وه نه‌یتوانى گۆڵ تۆماربكات هه‌لێكى زێرینى له ده‌ستدا، له خوله‌كى 60ى یارییه‌كه داناعوسمانیش به هه‌مان شێوه هه‌لێكى له ده‌ستدا كاتێك له‌به‌رامبه‌ر گۆڵ بوو نه‌یتوانى گۆڵ تۆماربكات، بارزان شێرزادى ئه‌ستێره‌ى یارییه‌كه به‌رده‌وام له باڵه‌كانى یاریگا هێرشی به‌رده‌وامى ده‌برده سه‌ر گۆڵى یانه‌ى زاخۆى میوان و له خوله‌كى 6ى یارییه‌كه ئیڤان به لێدانێكى سه‌رى ئاراسته‌ى گۆڵى زاخۆ كرد‌و زۆرى نه‌ما بوو گۆڵ بێت، به‌ڵام ئامانجى نه‌پێكا، له خوله‌كى 70ى یارییه‌كه له كۆرنهیهك ئیڤان خالید به لێدانى سه‌ر گۆڵى یه‌كه‌مى هه‌ولێرى تۆماركرد، شه‌ش خولهك دواى ئهوگۆڵه بارزان شێرزاد تۆپێكى به هێزى له ستونى گۆڵى زاخۆ دا ،هێرشه‌كانى هه‌ولێر به‌رده‌وام بوو بۆ سه‌ر گۆڵى تیپى میوان له خوله‌كى 83ى یارییه‌كه كۆسره‌ت بایز به لێدانێكى به‌هێز له ناوچه‌ى سزا گۆڵى دووه‌م و دڵنیایی هه‌ولێری تۆماركرد، دواى ئه‌م گۆڵه‌ش هێرشبه‌رانى زاخۆ خۆیان رێكخسته‌وه چه‌ند هێرشێكیان برده سه‌ر گۆڵى هه‌ولێر و له خوله‌كى 93ى یارییه‌كه به‌رۆژ جادر تاكه گۆڵى یانه‌ى زاخۆى تۆماركرد و یارییه‌كه‌ش به‌م ئه‌نجامه (2-1)گۆڵ به‌سه‌ركه‌وتنى یانه‌ى هه‌ولێر كۆتایی هات و ههولێرییهكانیش سێ خاڵی تریان خسته سه‌ر كۆی خاڵه‌كانیان و ژماره‌ى خاڵه‌كانیان بۆ 13 خاڵ به‌رز كرده‌وه، له‌یارییه‌كه‌ش ناوژیوان چوار كارتى زه‌ردى به رووى یاریزانانى هه‌ردوو تیپ به‌رزكرده‌وه.
هه‌ندرێن-زێره‌ڤانى(0-3)گۆڵ
برایه‌تى-شێروانه(1-0)گۆڵ
ئارارات-پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێر(2-1)گۆڵ
