"بەرەو ئاشتی" ماراسۆنی ئاشتی نێودەوڵەتی کوردستان

"بەرەو ئاشتی" ماراسۆنی ئاشتی نێودەوڵەتی کوردستان
رێکان کەمال – ھەولێر
"بەرەو ئاشتی" ماراسۆنی ئاشتی نێودەوڵەتی کوردستان .. ماراسۆنێک بۆ ئاشتی و برایەتی و تەبایی و ئاشتەوایی نیشتمانی لە ١١ی ئاداری داھاتوو، بەبۆنەی ساڵیادی ئازادکردنی شاری ھەولێر و راپەڕینی بەھاری ١٩٩١ لە پایتەختی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
بەدروشمی: "بەرەو ئاشتی"، ھەردوو ڕێکخراوی ماراسۆنی ئاشتی کوردستان و إبن المستوفی، رۆژی ١١/٣/٢٠١٨ بۆ یەکەمجار ماراسۆنی ئاشتی نێودەوڵەتی لە ھەولێر ئەنجام دەدەن. لەم ماراسۆنە نێودەوڵەتییەدا، ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بەھەردوو رەگەز، ھەروەھا نوێنەری نێردە دیپلۆماسییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتی و برایەتی بەشداریدەکەن و لە پێناوی تەبایی و ئاشتی و ھاوژیانی ڕادەکەن.. ھەردوو رێکخراوەکە لە رێگەی وەرزشەوە پەیامی برایەتی و تەبایی و ئاشتی و پێکەوەژیانی بە ھەموو جیھان دەگەیەنن..
لەم بارەیەوە دلێر ئیبراھیم لە دەستەی باڵای ماراسۆنەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: جۆری ڕاکردنەکان: ٢١ کم (نیو ماراسۆن)، ٥ کم (ڕاکردنی خێزانی)، ٢کم (بۆ منداڵان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت).. ئەمەش ھەنگاوی یەکەمە لە وەرزی چالاکییەکانی ماراسۆنی ئاشتی کوردستان.. ھەروەھا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئەم ماراسۆنە بەگوێرەی ستانداردی جیھانییە، چونکە نیو ماراسۆنی ٢١کم لەخۆدەگرێت.
شایانی باسە شوێنەکانی تۆمارکردن بریتین لە: شوێنی ڕاکردن لە ناو پارکی سامی عەبدولڕەحمان، پارکی شانەدەر، ھەروەھا پارکی شار.. بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتی گەلی کوردستان بەھەموو جیھان، ھاووڵاتیان و ھەوادارانی وەرزش و ئاشتی دەتوانن لە رێگەی بەشداریکردن لە یەکێک لەم ڕاکردنانەدا پەیامی خۆیان بگەیەنن.
Top