ئاستی زۆربەی یارییەکان لە کوردستان لاوازە

ئاستی زۆربەی یارییەکان لە کوردستان لاوازە
ژوڵیان ھەڵگورد یاریزانی باسکەی ھەڵبژاردەی عێراقی
ئاستی زۆربەی یارییەکان لە کوردستان لاوازە
ئاستی یاری باسکە لە شاری سلێمانی بەردەوام لە گەشەکردندایە بەھۆی ئەو خزمەتی کە ژمارەیەک لە یانەکانی ئەو شارە بەم یارییەی دەدەن لە ئاستی کچان، چەندین ڕاھێنەری بەتواناش لەم شارە بەردەوام لە خزمەتی یاری باسکەدان بۆ ئاستی کچان بۆ ئەوەی بتوانن کۆمەلێک یاریزانی بەتوانا بۆ داھاتوو درووست بکەن، بەڵام نەکردنەوەی خول و پاڵەوانیەتی ئەم یاریزانانەی نیگەران کردووە، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی شارەکەش لە ھەردوو یاری باسکە و گۆڕەپان و مەیدان کچە یاریزان ژوڵیان ھەڵگوردە ئەو لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٦ی شاری سلێمانییە و دەرچوونی پەیمانگای وەرزشییە و پێشووتریش یاری بۆ ھەریەک لە یانەکانی سلێمانی، پێشمەرگەی سلێمانی ، ھەڵەبجە ،ھەڵبژاردەی عێراق کردووە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
* ھاتنت بۆ نێو دونیای وەرزشی بە پێشوەختە بوو یاخودھەر لە ناکاو ڕووت لەم جیھانە کرد؟
-ھەر لە منداڵیەوە خولیاری یاری کردنم ھەبووە بە تایبەتی یاری باسکە، چونکە ھەستم دەکرد لەم یارییە سەرکەوتوو دەبم.
*ئاستی یاری تۆپی باسکە چۆن دەبینی بە شێوەیەکی گشتی؟
-ئاستی زۆربەی یارییەکان لە کوردستان لاوازە گرنگیەکی زۆری پێ نادەن، ئاستی یانەکان بۆ ھەندێک یاری باشە بەڵام کە خول نەکرێتەوە ئاستی ئەوانیش باش نابێ، لە کوردستان زیاتر گرنگی بە تۆپی پێی دەدرێت ھەموو یارییەکان پشتگوێ خراون بەڵام یاری باسکە زیاتر پشتگوێ خراوە.
*پێت باشە چی بکرێ بۆ ئەوەی ئەم یارییە ئاستی گەشە بە خۆیەوە ببینێ؟
-بەھۆی کەمی پاڵەوانیەتی ئاستی یاریزانان و خولیای یاریزان بۆ یاری کەمیکردووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی یاریزانان پێویستە ساڵانە خولی جۆراوجۆر بکرێتەوە بۆ پێشکەوتنی یاریزانەکان.
*گرقتی یاری باسکە لە چی دەبینی؟
-گرفتی وەرزش لە کوردستان ئەوەیە کە گرنگیەکی کەم دەدرێت بە وەرزش نەبوونی یاریگا و کەلوپەلی پێویست ھەروەھا تێکەڵ کرنی کەسانی سیاسیە بە بواری وەرزش واتا بودجەیەکی دیاری کراوی نییە بۆ وەرزش .
*ئەی لەسەر ئاستی شاری سلێمانی چ گرفتێکتان ھەیە؟
-گرفتی یاری باسکە لە سلێمانی دەگەرێتەوە بۆ نەبوونی پاڵەوانیەتی ئەوەش گرفتە ئەگەر یاریزان ھیچ خولێکی بۆ نەکرێتەوە چۆن دەتوانێ بە پێشبکەوێت.
* ھیواو و ئاواتی تۆ لە وەرزش کردن چییە؟
- تاکە ھیوای من لە ژیان بەدەستھێنانی نازناوی باشترین یاریزانی جیھانە.
*بەرنامەت چییە بۆ داھاتووی خۆت؟
-بەرنامەی من بۆ داھاتوو شکاندنی ژمارەی پێوانییە لە یاری گۆڕەپان و مەیدان بۆ یارییەکانی ڕەمیات و ھەروەھا بوون بە باشترین یاریزانی باسکەیە لە ئاستی ئاسیا.
*قەیرانی دارایی تا چەند کاریگەری ھەبووە لەسەرتان وەکو یاریزانان؟
-قەیرانی دارایی کاریکردۆتە سەر ھەموو یاریزانان و ڕاھێنەرەکانیش ھەروەھا سەرجەم یانەکان قەیرانیان ھەیە وە بۆتە ھۆی دابەزینی ئاستی سەرجەم یانەکانی کوردستان.
*کۆمەڵگا چۆن لە وەرزش گەیشتووە ؟
- لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە تا ئێستاش زۆربەی کەس لە کۆمەڵگای ئێمە لە وەرزش تێنەگەیشتوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەش کەسانی زۆر بۆ ھەموو ئاستەکانی تەمەنەوە ڕوویان لە وەرزش کردووە و پشتگیری وەرزش دەکەن.
* چیت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو خزمەتە بەرچاوەی ئەنجامی دەدات بۆ یاریزانانی یانەکان، ھیوادارم وەرزش لە کوردستان بگاتە ئاستی وڵاتانی جیھان.

Top