بەھیوای ئەوەم ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ
بەھیوای ئەوەم ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ
یانەی وەرزشیی ھەولێر یەکێک لەم یانانەی کەزیاتر تایبەتە بە یارییەکانی ئاستی کوڕان،مێژووی یانەکەش لە تۆپی دەست زێرینە لەسەر ئاستی کوردستان و تیپی تۆپی دەستی یانەکەش کە ئێستا جارێکی تر درووست کرایتەوە پێشووتریش یانەی ھەولێر یەکێک لە تیپە ھەرە بەھێزەکانی سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراقە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە ئەمساڵیش کچە یاریزانانی یانەکە دووبارە جارێکی تر بۆ خزمەت کردنی ناوی ھەولێر گەڕاونەتەوە یانەکە ، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی یانەکەش کچە یاریزان ساز فەرەیدونە ئەو بە ئاستە بەرزەکەی ھەموولایەکی سەرسام کردووە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەکانی پێشووی لە ھەردوو خولی نایابی تۆپی دەستی کوردستان و عێراق و لە یاری گۆڕەپان ومەیدانیش ئاستی پێویستی پێشکەش کردووە پێشووتریش بۆ ھەریەک لە یانەکانی ئافرەتانی ھەولێر،قەڵای تورکمانی،شەقلاوە، شورتە،ھەولێر، ئاڵا ئێستاش جارێکی تر لەگەڵ درووست کردنی تیپی تۆپی دەستی لەلایەن یانەی ھەولێر گەڕاوەتەوە یانەکە بۆ درێژەدان بە خزمەت کردنی یاری تۆپی دەستی لە شاری ھەولێر ، ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٠ی شاری ھەولێرە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی دەست چۆن دەبینی ؟
-ئاستی تۆپی دەستی بە شێوەیەکی گشتی زۆر باش نییە ، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە یانەکان وەکو پێویست کار ناکەن لەگەڵ یاریزانەکان.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتیی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-ئەگەر بێتو پاڵەوانیەتی بەردەوام بکرێتەوە ئەوە ئاستی یاریزانەکان بەرز دەبێتەوە، لەبەر ئەوە ئەوکات یاریزان ھەموو کات خەریکی مەشق و ڕاھێنان دەبێت بۆیە ھەتا پێویستە خولی بەردەوام بکرێتەوە،بۆیە لە ئەگەری نەکردنەوەی خول و پاڵەوانیەتیش بێگومان ئەمە نابێتە ھۆکار بۆ پێشکەوتنی یارییەکە.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی دەستی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-پەرە بە یاری تۆپی دەست بدرێت،نەک تەنیا ھەر بە یاری تۆپی پێی بەرچاوییەکی زۆر ھەیە وەھەروەھا یانەکان بەردەوام مەشق بکەن، نەک تەنیا لە دوای پاڵەوانیەتی تیپەکان کۆتاییان پێ بێت و مەشقەکانیان ڕابگیرێت.
*گرفتی یارییەکانی تۆپی دەستی لە چی دەبینی؟
-گرفتی سەرەکی ئەم یارییە ئەوەیە کەوا لە لایەنی مادی بە باشی ناگەێنرێتە یانەکان، یانەکانیش کەمتەرخەمی ئەوەیان ھەیە کەوا مەشق بە یاریزانەکان ناکەن، من وەکو یاریزانێک ھەموو کات ئامادەبوومە لە ھەر شوێنێک بێت مەشق بکەم، بەبێ ھیچ لایەنی داراییەک.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
-بەلێ لە چەند یانەیەک گرێبەستم پێشکەش کراوە.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
-بە ھیوای ئەوە بوومە کە بتوانم ئاستێکی باشم ھەبێت و خزمەتی یانەکەم بکەم، بەڵام بەبێ مەشق ناتوانم ھیواکەم بەدی بھێنم.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-نەخێر لەگەڵ ئەوە نیم پشت ببەستن بە یاریزانی بیانی با ئەوانیش وەک ئێمەی یاریزانان ، بەڵام ئەوان بەردەوام مەشق و ڕاھێنان دەکەن، بەھیوام ئێمەش وەکو ئەوان بەرنامەی درێژ خایەنمان ھەبێت بۆ وەرزش.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-پێشنیارم ئەوەیە کەوا بەرپرسان خزمەتی زیاتری یاری تۆپی دەست بکەن نەوەک ئەم یارییە لە ناو بچێت و تەنیا گرنگی بە یاری تۆپی پێی بدەن.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
-بەھیوای ئەوەم ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ وە خۆشم یەکێک بم لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە، نەک ھەڵبژاردەیەک درووست بکەن دواتر ناوی نەمێنێ.
*خەونی وەرزشیت چییە؟
-خەونی من ئەوەیە کەوا بتوانم ئاستێکی باش لەم یارییە پێشکەش بکەم و ھەوادارەکانم دڵخۆشبکەم، وە ئەگەر بێتوو نەتوانم ھیچ ئاستێک پێشکەش بکەم ھیواخوازم ئاستی یاری تۆپی دەستی بەرەوو پێش بچێت.
*لە ھەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێراق داواکراوی؟
-بەلێ داواکراوم.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو ھەموو خزمەتی بە وەرزشی ناوەخۆ و بەسەرکردنەوەی یاریزانان لەسەرجەم شارەکانی کوردستان، ھیوام ئەوەیە کەوا تۆپی دەست وەکو تۆپی پێ ببینم لە کوردستان ، بەھیوای ئەوەم لەگەڵ یانەی ھەولێر کە بە بەردەوام بین لە مەشقەکانمان کە تازە تیپەکە درووست کراوە.
