نەبوونی کەڵوپەلی تایبەت بە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان گرفتن
نەبوونی کەڵوپەلی تایبەت بە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان گرفتن
یانەکانی شاری سلێمانی پێشەنگی یانەکانی شارەکانی کوردستانیان گرتووە لە گرنگیدان بە یارییەکانی گۆڕەپان ومەیدان کە یاریزانانی ئەو شارە و دەوروبەری چەندین ئەنجامی باشیان بەدەستھێناوە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، گرنگی یانەکانیش بۆ ئەم یاریزانانە لە ھەردوو ئاستی کوڕان و کچان بۆتە ھۆکارێک کە لە پاڵەوانیتیەکانی ناوەخۆ و دەرەوەش چەندین ئەنجامی باشیان دەستەبەر کردووە، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانیش لە یاری ھەڵدانی قورسایی ھەردی ئازادە ئەو لە دایکبووی ساڵی شاری سلێمانییە قوتابی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیی و ماوەیەکی زۆریشە لە ریزی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی یاری دەکات و پێشووتریش بۆ ھەریەک لە یانەکانی سیروانی نوێ و پیرەمەگروون و شەقلاوە یاری کردووە و چەندین ئەنجامی بەرچاویشی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق بەدەستھێناوە، ئێمەلە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ژیانی وەرزشی چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەوەیش لەلایەن خۆیەوە وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*لە نێوان ئەم ھەموو یارییە چۆن بوو بە یاری گۆڕەپان و مەیدان ئاشنا بوویت؟
-چونکە وا ھەستم دەکرد ئەم یارییە بۆ من زۆر گونجاوە ، یارییەکەش لە ناو سەرجەم یارییەکان پێ دەلێن دایکی یارییەکان بۆیە منیش ئەم یارییەم ھەڵبژارد.
* ئاستی یاری گۆڕەپان ومەیدان چۆن دەبینی لەسەرئاستی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی ؟
-بەشێوەیەکی زۆر باشی دەبینم ساڵ بەساڵ بەرەوو پێش چوونی بەر چاوی ھەیە و بەردەوام ژمارەی پێوانەیی تۆماردەکرێت لەلایەن یاریزانان ئەوەش مانای پێشکەوتنی یارییەکەیە.
*ئەی لە شار سلێمانی لە چ ئاستێکەدا دەیبینی کە سلێمانی ھەموو کات خاوەن یاریزانانی بەتوانا بووە کێبرکیان لەسەر بەدەستھێنانی ئەنجامی گەورە کردوە ؟
-لە شاری سلێمانیش لە لوتکەدایە ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە ھەمیشە یاریزانی باش لەم شارە دەرکەوتووە خاوەنی چەندین ژمارەی پێوانەیی باشن لەسەر ئاستی عێراق.
*پێت باشە چی بکرێت ، بۆبەرەووپێشبردنی ئەم یارییە لە کوردستان بۆ ئەوەی بگاتە ئاستێکی بەرز؟
-درووست کردنی گۆڕەپانی یاری ھەر لە یاریگای داخراو بۆ ھەموو یارییەکان و دابین کردنی کەرەستەی باش بۆ پێگەیاندنی نەوەی باش بەسەر پەرشتی مامۆستای لێھاتوو تایبەت بە یاری گۆڕەپان و مەیدان دابین کردنی یاریزانان ئەگەر بە ڕادەیەکی کەمیش بێت ئەوانە ھەمووی ھۆکارن بۆ باشتر بوونی ئاستی ئەم یارییە.
* باشترین ئەنجامە باشەکانت چین وەکو یاریزانێک ؟
-یەکەمی کوردستان و چوارەمی عێراق و دووەمی زانکۆکانی عێراق و یەکەمی پەروەردەکانی کوردستان جگە لە شکانی ژمارەی پێوانەیی خۆم ، چەندین جاریش پلەکانی دووەم و سێ یەمم بەدەستھێناوە.
*لەئێستادا بەرنامەت چیە وەکو یاریزانێک ؟
-بەردەوام لە ئامادەکاریدام بۆ بەشداری کردن لە کێبرکییەکان بۆ ئەوەی بتوانم ئەنجامی باشتر بەدەست بھێنم.
*کێشەو گرفتان چیە لەم یارییە ؟
-نەبوونی کەڵوپەلی تایبەت بە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان و کەمی خوڵ و پاڵەوانیەتی ئەمانە ھەمووی گرفتن بۆ یاریزانانی ئەم یارییە بۆ ئەوەی ببێتە بەربەست بۆیان.
* ھیواو ئاواتت وەکو وەرزشکارێک ؟
-تاکە ھیوای من بەشداری کردنەمە لە پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوەی عێراق و تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی بە ناوی خۆمەوە.
*یانەکەتان ھاوکاریتان دەکەن وەکو پێویست ؟
-یانەکەمان بە شێوەیەکی باش ھاوکاریمان دەکات زۆر سوپاسی سەرۆکی یانەکەمان دەکەم کە پاڵپشتی باشمان دەکات و سوپاس بۆ ڕاھێنەری تیپەکەمان و دکتۆر ئەحمەد بەھادین کە بەردەوام ھاوکاری کردووم لەم یارییە.
* بەچ یاریزانێک سەرسامی؟
-بەھەریەک لە یاریزانان ھۆفا لە یارییەکەی خۆم و رۆنالدی پورتوگالی لە یاری تۆپی پێ.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاسی خێزانەکەم دەکەم بەردەوام پاڵپشتمە ھەموو یاریزانەکانیش ، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانیش کە بەردەوام ھاوکاری یاریزانانی شارەکانی کوردستان دەکات بۆ بەسەرکردنەوەیان و ناساندنیان رۆڵتان زۆر بەرزە.
فؤتؤ: يوسف كةركوكى
