کوردستانیش ڕاھێنەرو یاریزانانی بەتوانای تێدایە
کوردستانیش ڕاھێنەرو یاریزانانی بەتوانای تێدایە
شاری سلێمانی گرنگییەکی زۆر بە یارییەکانی فوتساڵ دەدەن بە تایبەتی لە ئاستی کچان و تیپەکانی ئەم شارەش ڕکابەری بەھێزدەکەن لە خول و پاڵەوانێتیەکان ، یانەی ئەفرۆدێتی تایبەت بە ئافرەتانی سلێمانیش ھەمیشە پیشەنگ بووە لە خزمەتکردنی کچە وەرزشکارانی یانەکەیان ، یەکێک لە یاریزانە ھەر بەتواناکانی یانەکەش کە لە ھەردووخولی فوتساڵ و تۆپی پێی گەوران یاری دەکات کچە یاریزان سەمیرە رەئوفە ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٣ی شاری سلێمانیە و جگە لە یانەی وەرزشیی ئەفرۆدیت بۆ تیپی زێرەڤانیش یاری کردوە لە ھەردوو خولی نایابی فوتساڵی یانەکانی کوردستان و عێراقیش توانی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات ئێستا بەھۆی چەند گرفتێک یانەی ئەفرۆدێتی جێھێشتووە و یاریزانی ھەڵبژاردەی عێراقە ، سەمیر قوتابی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە لە زانکۆی سلێمانی ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
* ئاستی یاری فوتساڵ چۆن دەبینی کە ساڵانە خوڵتان بۆ دەکرێتەوە؟
- ئاستی یاری فوتساڵ لە بەرەوو پێشچوون دایە، ئەگەر ساڵانە خول و پاڵەونیەتی بکرێتەوە ، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا خولی فوتساڵ زۆر بە کەمی ئەنجان دەدرێت کە لەیەک دووساڵی ڕابردوو تەنیا یەک پاڵەوانیەتی کراوەتەوە ئەویش بە ماوەیەکی کەم و بە چەند ھەفتەیەک کۆتایی پێھات کە ئەمەش وا دەکات یاری فوتساڵ پێش نەکەوێت.
* ئەنجامدانی پاڵەوانێتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-بێگومان ئەنجام نەدانی خول و پاڵەوانیەتی دەبێـە ھۆکار بۆ پێشنەکەوتنی ئەم یارییە لە کوردستان.
* پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری فوتساڵ ئاستی بەرز بێتەوە؟
-ساڵانە خول و پاڵەوانیەتی بەردەوام بکرێتەوە ئەمەش دەبێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی یاری فوتساڵ زیاتر بەرەوو پێش بچێـت و یاریزانی زیارتیش روو لەم یارییە بکەن لە کوردستان.
* گرفتی ئەم یارییە لە چی ڕەنگدەداتەوە؟
-ئەنجامنەدانی پاڵەوانیەتیەکان کە ئەمەش وا دەکات یاریزانان دوورکەونەوە و یانەکانیش مەشقەکان ئەنجام نەدەن، چونکە زۆربەی یانەکان تەنیا لە کاتی کردنەوەی پاڵەوانیەتیەکان مەشقەکانیان ئەنجام دەدەن ئەمانەش ھەمووی گرفتن بۆ ئەم یارییە.
* لەھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەشکراوە؟
-بەلێ لە چەند یانەیەک گرێبەستم بۆ ھابوو.
* لەگەڵ ئەوەی یانەکانی پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-نەخێر چونکە کوردستانیش ڕاھێنەرو یاریزانانی بەتوانای تێدایە کە ئاست و ئەزموونی زۆر باشیان ھەیە لەم یارییە.
* لە خێزانەکەت بەتەنیا تۆ وەرزشوانی یان کەسانی تریش ھەیە ؟
-بەلێ بە تەنیا خۆم وەرزشکارم.
* داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرس؟
-دواکارم ساڵانە خول و پاڵەوانیەتی بۆ یانەکان بکرێتەوە تا ئاستی یاریزانەکان بەرەوو پێش بچێت و بتوانین ڕکابەری لەسەر ئەنجامی شایستە بکەین لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوەی عێراقیش.
* چۆن بوو پەیوەندیت بە یانەی ئەفرۆدیت کرد، بۆچی ئێستا وازت لە یانەکەوە ھێناوە؟
-لە یاری خوێندنگاکانەوە دەستم پێ بە یاری کردنت کرد، لە رێگای قوتابخانەکانیش یانەی ئەفرۆدێت بانگەشتی کردم بۆ یاری کردن، بەڵام دوای ماوەیەک ئێستا ریزی یانەکەمان جێھێشتووە من و سەرجەم یاریزانەکانی تر بەھۆی بوونی چەند گرفتێک لەگەڵ تیپەکە.
*لەگەڵ ھەڵبژاردەی عێراق بەردەوامی؟
-بەلێ تاکو ئێستا یاریزانی ھەڵبژاردەی نیشتمانی عێراقم.
* خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزان؟
-خەونی ھەموو یاریزانێکە بگاتە ئاستی ھەڵبژاردەی وڵاتەکەی و دەستکەوت بۆ خۆی و ھەڵبژاردەی بەدەست بھێنێت.
*بە کام یاریزانی جیھانی سەرسامیت؟
-لونێل میسی یاریزانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی.
* ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-دەمەوێ سوپاسی تایبەتی ئێوە بکەم بۆ ئەو خزمەتە بەردەوامەی کە لەشارو شارۆچکەکانی کوردستان پێشکەشی وەرزشکارانی دەکەن، زۆر سوباسی مامۆستا عەباسی ڕاھێنەر دەکەم کە منی گەیاندە ئەم ئاستە و ھەموو کات یارمەتیدەرم بووە.
