وەرزش لە کوردستان لە ڕووی پێشکەوتنەوە زۆر پەڕەی سەندووە
وەرزش لە کوردستان لە ڕووی پێشکەوتنەوە زۆر پەڕەی سەندووە
یانەی وەرزشیی ئەفرۆدێت یەکێک لەم یانانەی کە تایبەتە بە یارییەکانی ئافرەتان لە شاری سلێمانی و تیپی تۆپی دەستی یانەکەش یەکێک لە تیپە ھەرە بەھێزەکانی سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراقە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستە و کچە یاریزانانی بەتوانایە ، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی یانەکەش کچە یاریزان گەردان محەممەدە ئەو بە ئاستە بەرزەکەی ھەموولایەکی سەرسام کردووە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەکەی لە ھەردوو خولی نایابی تۆپی دەستی کوردستان و عێراقیش ، ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٤ی شاری سلێمانیە و قوتابی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیە لە زانکۆی سلێمانی ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی دەست چۆن دەبینی ؟
-ئەگەر بێنە سەر باشی وەرزش لە کوردستان لە ڕووی پێشکەوتنەوە زۆر پەڕەی سەندووە، وە لە چاو ساڵانی ڕابردوودا جیاواز دەردەکەوێت بەھۆی پەڕەسەندنی ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگە و پاڵپشتی کردن وەرزش لەلایەن وەرزش دۆستان بە تایبەت لە ئافرەتاندا کە دەکرێت بلێین بە خۆشحاڵییەوە زۆر لە کچەکانمان ڕوویان کردۆتە وەرزش کردن وە چەندەھا پاڵەوانیەتییان بەدەستھێناوە لە ئاستی کوردستان و عێراقدا لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە ئافرەتانمان ھەیە کە بەداخەوە بەھۆی تێگەیشتنی ھەلە لە وەرزشدا لەلایەن خێزان و چینێکی کۆمەڵکە ناتوانن بەھرە و خولیاکانیان لە وەرزشدا گەشە پێبدەن و وەرزشی تۆپی دەستیش قۆناخی باشی بریوە بس ھێشتا پێویستمان بە خول و پاڵەوانیەتی ھەیە.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-پاڵەوانیەتی کەم دەبێتە ھۆکار بۆ پاشکەوتنی ئەم یارییە، بەڵام ئێستا پاڵەوانیەتی ئەنجام دەدرێت لە کوردستان و عێراق، ئێمەش وەکو تیپی تۆپی دەستی ئەفرۆدێت توانیومانە ئەنجامی باش بەدەست بھینین لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان ئەوەش مایەی خۆشحاڵیە بەھیوای ئەوەین خولی بەردەوام بکرێتەوە.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی دەستی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-کردنەوە فێرگەی تایبەت بە یارییەکانی تۆپی دەستی لەسەرجەم شارەکانی کوردستان لە ئاستەکانی تەمەنەکان و کردنەوەی خولی بەردەوام و گرنگی دان بە ئاستی کچە یاریزانان ھۆکارێکە بۆ بەرەووپێشچوونی ئەم یارییە.
*گرفتی یارییەکانی تۆپی دەستی لە چی دەبینی؟
-تیپی ئێمەش وەک ھەر تیپێک بێبەش نییە لە گرفت و کەم و کورتی لە نەبوونی ھۆلێک بۆ یاری تۆپی دەست و نەبوونی تۆپ و کەلوپەڵی تەندروست بۆ ڕاھێنان و نەبوونی ھۆکاری ھات و چۆی یاریزانان ئەوانەش ھەمووی گرفتە.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
-نەخێر ھیچ گرێبەستێکم بۆ نەھاتووە لەگەڵ ئەفرۆدێت بەردەوامم.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
-بەھیوای ئەوەم زیاتر لەگەڵ وەرزشەکەم خۆم بناسێنم و ئاستی وەرزشی خۆم بەرز بکەمەوە و بتوانم لە داھاتوو ئەنجامی شایستە بەدەست بھێنم.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-ئێمە ئەگەر بمانەوێت یاریزانە کوردەکانمان بناسێنین دەبێت لەگەڵییان بین ئاستیان بەرەوو پێش ببەین لەکاتی پاڵەوانیەتیەکاندا بەشدارییان پێبکەین نەوەک پشت بە یاریزانی بیانی ببەستین کەخۆی لە خۆیدا ئەێبتە خراپی لە ڕووی مادی یانەکان وە بەرەووپ ێش نەچوونی ئاستی یاریزانانی ناوەخۆکە بڕوا بە خۆ نەبوونێک درووست دەبێت لای یاریزان و ڕاھێنەر.
*لە خێزانەکەت بە تەنیا وەرزشکاری؟
-بەلێ من تەنیا بە خۆم وەرزشکارم .
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-بەھیوام بەرپرسانی لێژنەی ئۆڵۆمپی زیاتر گرنگی بە یاری تۆپی دەست بدەن، چونکە یارییەکە ئەنجامی زۆر باشی بەدەستھێناوە ، زیاتر گرنگی بە ھەموو وەرزشیەکانی تریش بدەن.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
-خەونی من وەگ زۆر لە وەرزشوانان خزمەتکردنە بە کۆمەڵگاکەم و بلاو کردنەوە و گرنگی پێدانی وەرزش لە قۆناخی سەرەتایی قوتابخانەکانەوە بکرێتەوە وانەیەکی سەرەکی.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
-ئەوە ھیواو ئاواتی ھەموو یاریزانێکە بێ گومان منیش بەھیوای ئەوەم بتوانم درێسی ھەڵبژاردەکەم لەبەر بکەم.
*لە ھەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێراق داواکراوی؟
-ھەموو ھەولێکم ئەوەیە بتوانم ئەو خەونم بەدی بھێنم و بگەمە ریزی ھەڵبژاردەی عێراق و لەوێش ئاستی ڕاستە قینەی خۆم پێشکەش بکەم.
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
-بە یاریزانی ئەڵمانی نیکۆلا.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-سوپاسی خێزانەکەم ئەکەم کە بەردەوام پاڵپشتمن ، وە داواکارم لەو کەسانەی خولیای وەرزش کردنن بە تایبەت ئافرەت وەرزش بکەنە بەشێک لە ژیانیان ، ھیوادارم لەلایەن لاەنیە پەیوەندارەکان گرنگی زیاتر بە وەرزش و یانەکان بدەن، میدیاکان زیاتر گرنگی بدەن بە ناساندنی یاریزانانی کوردستان کوردیش وەکو ھەموو ولاتێک یاریزانی بەتوانای ھەیە، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ بەسەرکردنەوە و ناساندنی بەردەوامی یاریزانان لە سەرتاسەری کوردستان.
